بەناوی یەكخستنی نرخەوە بەنزین گران دەكرێت
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەجیاتی كەمكردنەوەی نرخی بەنزین زیاد دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەڵێت نرخی بەنزینیان دابەزاندووەو كوالێتیەكەشی بەرزدەكەنەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك پێیوایە بڕیارەكە بۆ رێگریكردنە لەهەرزانكردنی بەنزین.
30 ی نیسانی 2023 رێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و داراییی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان رایگەیاند:» وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەڕەچاوكردنی بارودۆخی هاووڵاتیان، بڕیاریدا نرخی بەنزین لەسەرەتای مانگی ئایارەوە بۆ 750 دینار كەمبكرێتەوە.»
بڕیارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەكاتێكدایە ماوەی مانگێكە بەنزینی 800 دیناری بووەتە 750 دینارو تەنها بەنزینی 690 دیناری نرخەكەی بەرزكراوەتەوە بۆ 750 دینار.
بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارەكە لەبەرژەوەندی كۆمپانیا حزبیەكانە
كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»وەكو ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو بڕیارە نین، قسەی ئێمەش ئەوەیە هیچ لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان نییە بەڵكو لەقازانجی كۆمپانیا حزبیەكاندایە».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد ساڵی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رایگەیاند كە بڕێك پارە بۆ پاڵپشتی نرخی سوتەمەنی دابین كراوە، وتیشی:» ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بەوشێوەیە تەرخان كرابێت كەئێستا كۆمپانیاكان لێی سودمەندن ئەوە بەهەدەردانی سامانی گشتییە چونكە پێویستە بەتەندەرین و ركابەری بدرێتە كۆمپانیاكان».
بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بڕیارەكە بۆ رێگریكردنە لەهەرزانكردنی نرخی بەنزین
عەبدولسەمەد تیلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو بڕیارە نیە، ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە هەبێت تەنها كوالێتیەكەیەتی، وەكو دەزانن بازاڕی سوتەمەنی بەشێوەیەكی گشتی لەهەرێمی كوردستان قۆرغكراوە لەلایەن كۆمپانیا حزبیەكانەوە».
هەروەها وتیشی:»حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق چۆن لەسەر نەوت رێككەووتون دەبوو وەكو هەر 15 پارێزگاكەی عێراق بەنزینی هەرزان بۆ هەرێمی كوردستانیش بنێردرێت و بەنزینی نۆرماڵ بە 450 و بەنزینی موحەسەنیش بە 650 دینار بێت».
« بەنزینە 690 دینارییەكەی پێشوو كوالێتیەكەی باش بوو، بەڵام ئەوەی لەبەنزینخانەكان بە 800 دینار دابەشدەكرا كوالێتی باش نەبوو، واتە ئەوەی لەپاڵاوگەی لاناز بەرهەمدەهێندرا». عەبدولسەمەد تیلی وادەڵێت.
هاوكات، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت بەنزینە 690ی و 800 دیناریەكە كراوە بە 750 دینار
نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» قسە لەسەر ئەوە هەبوو هەردوو بەنزینە 690ی و 800 دینارییەكە بكرێت بەیەك نرخ و كوالێتیەكەی باش بكرێت، لەبەرئەوەی بڕیارەكە نوێیە چەندڕۆژێكی دەوێت تا بزانرێت كوالێتیەكەی چۆنە، بەڵام 690 یەكە كوالێتی باش نەبوو هاووڵاتیان گلەییان لێی هەبوو».
بێجگە لەو بەنزینانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی نرخیان دەكات، لەهەرێمی كورستان سێ جۆر بەنزینی بازرگانیی دەفرۆشرێن، نۆرماڵ 850 دینار، موحەسەن 1050 دینار، سوپەر 1200 دینار، گازیش نرخەكەی 750 دینارە.
بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»نرخی بەنزین لەئێستادا لەجۆری نۆرماڵ بووە بە 850 دینار واتە بازرگانییەكەو ئەوانی دیكەش 25 دینار دابەزیون و گازیش 50 دینار دابەزیوە».
« ئەو بەنزینە 690یەی كراوە بە 750 دینار هەمان كوالێتییەو تەنها نرخەكەی گران كراوە هۆكاری زیادكردنی نرخەكەی نازانین»، بەهمەن قادر وای وت.