هاكان فیدان پەنا بۆ ئۆ*جە*لا*ن دەبات بۆ سەركەوتنی ئەردۆغان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سیاسەتمەدارێكی كورد چوونی وەفدێكی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەكەپە) بەسەرۆكایەتی هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری میت بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان لەئیمڕاڵی پشتڕاستدەكاتەوە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری كوردو شارەزا لەدۆسیەی كوردانی باكوری كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو وەفدەی دەوڵەتی توركیا ناردویەتی بۆ ئیمراڵی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا سەركردایەتی كردووەو چەند كەسێكی دیكەی لەگەڵ بووە، پێی وتووە بەڵێنتان دەدەمێ كەهەم تۆ هەم سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرجەم زیندانیە سیاسییەكان ئازاد دەكەین و دواتریش پرۆسەی ئاشتی زیندوو دەكەینەوە».
هەروەها وتیشی:»ئۆجەلان وتوویەتی شتێكی باشە، بەڵام بەنامەیەكی فەرمی بۆم بنێرن و واژۆی ئەردۆغانی پێوەبێت و لەمیدیا بڵاویبكەنەوە و بڵێن لەگەڵ ئۆجەلان كەوتووینەتە گفتوگۆ، ئەوكات منیش بەیاننامەیەك دەردەكەم و داوا لەكوردەكان دەكەم دەنگ بە كلچدار ئۆغلۆ نەدەن و دەنگ بە ئەردۆغان بدەن».
بەوتەی محەمەد ئەمین پێنجوێنی، عەبدوڵا ئۆجەلان وتوویەتی «بۆخۆم كارناكەم و مەبەستم خۆم نییە، بەڵكو مەسەلەكە دۆسیەی كوردە فەرموون دەستپێشخەریەكە بەفەرمی بكەن ئێمەش دەیكەین بەفەرمی»، بەڵام هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری میت كاتێك داواكەی ئۆجەلانی بەئەردۆغان راگەیاندووە، سەرۆك كۆماری توركیا رەتیكردووەتەوە داواكاریەكی بەو شێوەیە پەسەند بكات.
ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە كەچوونی وەفدەكە رۆژێك پێش ئەوەبوو كەهەدەپە رایبگەیەنێت دەنگ بە كلچدار ئۆغلۆ دەدەن».
هاوكات پێشیوابوو كەزۆرینەی ئەو كوردانەی پێشتر دەنگیان داوە بە ئەردۆغان پەشیمان بوونەتەوە، چونكە ئەو بەڵێنانەی داویەتی بەكورد نەیبردووەتەسەر.
رۆژی یەكشەممە 14ی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمارو پەرلەمانی توركیا بەڕێوەدەچێت و كێبڕكێی بەهێز لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كلیچدار ئۆغلو كاندیدی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆندا هەیە.
