باس باسی شكستی ئەردۆغانە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەتوركیادا باس باسی شكستی ئەردۆغانە بەرامبەر ركابەرەكەی كەمال كلیچدار ئۆغلو، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزینداندا كۆڵ نادات و دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن كردووە دژی دەسەڵاتی ئێستای توركیا.

هاووڵاتیانی توركیا 10 رۆژی دیكە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ كەمال كلچدارئۆغلۆ یاخود هەڵبژاردنەوەی سەرۆكە كۆنەكەیان رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لەپەرلەماندا دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.

 گەرمترین بانگەشەی هەڵبژاردن لەمێژووی توركیادا دەستیپێكردووە، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی كۆماری دەسەت ركابەری سەرسەختی یەكن و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش كە لەكوردو چەپەكانی توركیا پێكدێت، لەم نێوەندەدا رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕن كەبڕیاریانداوە دەنگەكانیان بۆ كلیچدار ئۆغلو بێت.

 

دەنگێك بۆ پارتی چەپی سەوزو دەنگێك بۆ كلچدار ئۆغلۆ

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا كردووە، لەدوو لاوە هاوپەیمانی پێكهێناوە، هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ پارتە سۆسیالیست و چەپەكانی توركیا لەژێر ناوی هاوپەیمانی رەنج ئازادی و هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ پارتە كوردیەكانی باكوری كوردستان بەناوی هاوپەیمانی پارتە كوردستانییەكان.

هەرچەندە ئەم بەرەیە هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی دیاری نەكردبوو، بەشێوەیەكی فەرمی پشتگیری خۆی بۆ كاندیدێكی دیكە ئاشكرا نەكردبوو، بەڵام لەم هەفتەیەدا هەم هاوپەیمانی پارتە كوردستانییەكان و هەم هاوپەیمانی رەنج و ئازادی ئاشكرایان كرد كە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، دەنگ بە كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی گشتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەدەن.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لەشاری وانی باكوری كوردستان رایگەیاند، ئەوان یەك ئامانجیان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا، ئەویش كۆتاییهێنانە بەدەسەڵاتی هاوبەشی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)و هەروەها شكستی رەجەب تەیب ئەردۆغان.

لەم چوارچێوەیەدا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی داوای لەدەنگدەرانی كرد، لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگێك بەپارتی چەپی سەوزو دەنگێكیش بە كلچدار ئۆغلۆ بدەن.

 

دەنگدان لەدەرەوەی وڵات

٢٧ی نیسان دەنگدانی دەرەوەی وڵات لەكونسوڵخانە، باڵیۆزخانە، فڕۆكەخانەو دەروازە سنوریەكانی توركیا دەستیپێكرد كە نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدانی دەرەوەی وڵات بەپێی دابەشكاری لە وڵاتاندا تا ٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت كە ١٧٧ ناوەندی هەڵبژاردن لەزیاتر لە ٦٠ وڵات كراونەتەوەو لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش سێ ناوەندی هەڵبژاردن كراونەتەوە كە ٧ی ئەم مانگە هاووڵاتیانی توركیا دەتوانن لەو ناوەندانە دەنگ بدەن.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند، لە ١٠ی مانگدا، بەسێ فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی توركیا، دەنگەكانی دەرەوەی وڵات بۆ فڕۆكەخانەی ئەستەنبوڵ دەگەڕێندرێنەوە كەدەنگەكانی دەرەوەی وڵات رۆڵێكی گەورەیان لەیەكلاییكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردندا هەیە.

 

چاودێرە بیانییەكان

جگە لەچاودێرانی پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی مەدەنی توركیا، چاودێرانی بیانیش خۆیان ئامادە دەكەن  لەنزیكەوە چاودێری هەڵبژاردنەكەی ١٤ی ئایار بكەن و ئامادەكاریان كردووە سەردانی توركیا بكەن بۆ ئاشكراكردنی ساختەكاری هەر لایەنێك كەبیەوێت ئەنجامی بدات تا زانیارییەكان بیگەیەننەوە وڵاتەكەیان.

بەپێی هەواڵێكی بەشی توركی ماڵپەڕی دۆیچە ویللەی ئەڵمانی، رێكخراوی دیموكراتی ئاسایشی ئەوروپاو ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ، كۆنسەی ئەوروپا، گروپی سۆسیالیست، دیموكرات و پارتی سەوز، فراكسیۆنەكانی دیموكراتە كریستیانەكان، لیبڕال، چەپ و موحافزكارەكانی كۆنسەی ئەوروپاو بەگشتی وەفدی پەرلەمانەكانی ئوستورالیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، رۆمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، پۆڵۆنیا كەژمارەیان زیاتر لە ٥٠٠ كەس دەبن دوای ٧ی ئایار سەردانی توركیا دەكەن و بەگشتی چاودێری، چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، كارنامەی كاندیدەكان و میدیاكان دەكەن.

 

ئۆپۆزسیۆن گومانی لەشكستی ئەردۆغان نییە

پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن كە لەهاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا كۆبوونەتەوە، دەستیان بەبانگەشەیەكی گەورە كردووەو گوند بەگوند، شار بەشارو پارێزگا بەپارێزگا كۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدەدەن.

دروشمی ئۆپۆزسیۆن بەگشتی لەم هەڵبژاردنەدا، باشكردنی بژێوی خەڵك، دادپەروەری، ئازادی، دیموكراسی، كۆتاییهێنان بەگەندەڵی و چارەسەری پرسی كوردە لەپەرلەماندا. هەرچی بەرەی دەسەڵاتیشە، بانگەشەی ئەوە دەكات كە هاوپەیمانی گەل خۆی رادەستی پەكەكەو هەدەپە كردووەو ئەردۆغانیش هەموو رۆژێك پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری و سەربازی رادەگەیەنێت.

ئەردۆغان بە نهێنی وەفد دەنێرێتە لای پەکەکە و بە ئاشکرا خەڵک بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵیاندا تۆمەتبار دەکات

ئەوەی جێگەی سەرنجە، مەتمانە بەخۆبوونی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنە  زۆر باسی شكستی دەسەڵاتە ٢١ ساڵیەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و كۆتاییهێنان بەهاوپەیمانی مەهەپەو جەهەپە دەكەن.

كەمال كلچدارئۆغلۆ لە وكۆبوونەوە جەماوەرییەكەی شاری ئیزمیردا كە بەقەڵای جەهەپە ناسراوە رایگەیاند كاتی گۆڕانكاری هاتووەو كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان دەهێنێت.

هەروەها چیدەم كلچگون ئوچار هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لەكۆبوونەوە جەماوەریەكەی پارتەكەیدا لەشاری دێرسیمی باكوری كوردستان رایگەیاند، دەنگێك بەشكستی رژێمی فاشیست و دەنگێك بەنوێنەری رەنجدەرانی توركیا دەدرێت و پێكەوە دەسەڵات دەگۆڕن.

یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلانە كە حەوت ساڵە لەزینداندایە. دەمیرتاش كە لەزۆربەی كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی ئاكەپەدا، ئەردۆغان قسەی لەسەر دەكات و دەڵێت ‹تاوەكو من مابم دەمیرتاش لەزینداندا دەبێت› لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی دێر شپیگڵی ئەڵمانی، رایگەیاند، گومانی لەوە نییە كە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا شكست دەهێنێت.

 

ئەردۆغان وەفدی بۆ ئیمڕالی و قەندیل ناردووە؟

رۆژنامەی یەنی یاشامی توركی لەزاری ئامەد دیجلە میدیاكارێكی پەكەكەوە رایگەیاند، ئەردۆغان لەچوارچێوەی پرسی هەڵبژاردندا، وەفدی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە لەئیمڕالی و بەرپرسانی ئەو پارتە لەقەندیل ناردووەو داوای لێكردووە كە هەدەپە و دەنگدەری كورد رازی بكەن دەنگی پێبدەن، بەڵام هەم لە ئیمڕالی و هەم لەقەندیل وەفدەكانی ئەردۆغان بێ هیچ دەستكەوتێك گەڕاونەتەوە.

هەرچەندە ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا ئەو هەواڵەی رەتكردەوەو رایگەیاند، دوورە لەڕاستیەوە، بەڵام مەڕال ئاكشەنەر سەرۆكی ئیی پارتی (پارتی باش) هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، ناوی ئەو كەسەش دەزانێت كە ئەردۆغان رەوانەی ئیمڕالی كردووە.

لەو بارەیەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند كە هەواڵەكە راستەو ئەمەش دووڕوویی ئەردۆغان پیشاندەدات كە لەلایەك هەدەپە بەپشتگیریكردن لەپەكەكە تاوانبار دەكات و لەلایەكی دیكەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە ئەنجامدەدات و داوای دەنگیان لێدەكات.

 

كەجەكە: ١٤ی ئایار گرنگترین هەڵبژاردن لەمێژووی توركیادا بەڕێوەدەچێت

پەكەكە لایەنێكی دیكەیە كە راستەوخۆ پەیوەندی بەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە هەیەو بەرپرسانی ئەو پارتە رۆژانە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەن و دەڵێن، پێویستە بۆ كردنەوەی رێگەی دیموكراسی لەتوركیا كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنرێت و بەم هۆیەشەوە، بڕیاری بێ چالاكی و راگرتنی شەڕیان بۆ دوای هەڵبژاردنەكان درێژكردووتەوە كە بەهۆی بومەلەرزەكەی ٦ی شوباتەوە رایانگەیاندبوو.

بەسی هۆزات هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەدوایین قسەكانیدا كە میدیاكانی حزبەكەی رایگەیاند:» هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایار یەكێك لەگرنگترین و مێژووییترین هەڵبژاردنەكانی كۆمارە، هۆكاری سەرەكی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە كە رژێمی فاشیستی قڕكەری ئاكەپەو مەهەپە دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە هەبوونی خۆی هەمیشەیی بكات».

هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو كە:» ئەم رژێمە فاشیستە لەسەر بناغەی تەواوكردنی قڕكردنی كورد، دەیەوێت ١٠٠مین ساڵیادی پەیمانی لۆزان و كۆمار بەڕژێمی دیكتاتۆری فاشیستی دەستوری بنەڕەتی پیرۆز بكات، ئەگەر دەسەڵاتی فاشیست لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت، فاشیزم بەتەواوی سیستمی خۆی دادەكوتێت و سیاسەتی لەناوبردن و قڕكردنی كورد، پلانی شەڕی گشتی زیاتر قوڵ دەكاتەوە».

بەسێ هۆزات  داواشی لەخەڵكی توركیاو بەتایبەتی كوردانی باكوری كوردستان كرد، دەنگ بەپارتی چەپی سەوز بدەن و كۆتایی بەدەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە بهێنن.

راپرسییەكان لەبەرژەوەندی ئەردۆغاندا نین

رۆژانە راپرسی و شیكردنەوەی جیاواز لەبارەی دەنگی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی و پارتە سیاسییەكانی توركیا بڵاودەكرێتەوە، تائێستا بەپێی زۆربەی راپرسیەكان، كلچدار ئۆغلۆ لەپێش ئەردۆغانەوەیە، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاوی كۆمپانیاكانی بواری راپرسی دەڵێن، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا پێشبڕكێكە یەكلایی نابێتەوە، بەڵام لەخولی دووەمدا كلچدار ئۆغلۆ سەردەكەوێت.

دوایین راپرسی لەلایەن كۆمپانیای (پیئار) ئەنجامدراوە كەكۆمپانیایەكی سەربەخۆی توركیایە. كۆمپانیاكە لە ٤٠ پارێزگای توركیا رای پێنج هەزارو ٤٠٠ كەسی بەشێوەیەكی رووبەڕوو وەرگرتووەو رایگەیاندووە كە كلچدار ئۆغلۆ لەخولی یەكەمدا لەسەركەوتن زۆر نزیك دەبێت و ئەنجامەكەی بەم شێوەیەیە:

كەمال كلچدارئۆغلۆ رێژەی لەسەدا 49.4%  و رەجەب تەیب ئەردۆغان 47.1% و سینان ئوغان 2.3% و موحەڕەم ئینجە 1.2% بەدەستدەهێنن.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا کۆڵ نادات و دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن دژ بە ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی کردووە

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار