هاوڵاتی دەقی دەستپێشخەرییەكی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بڵاودەكاتەوە

ئەمریكا رەزامەندی لەسەر دەستپێشخەرییەكی كوردانی رۆژئاوا دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ئیدارەی خۆسەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سوریا دەخاتەڕوو، ئەمریكاش لەپێناو رەتكردنەوەی پڕۆژەیەكی روسیا كە لەبەرژەوەندی توركیادایە پڕۆژەكەیان پەسەند دەكات.

ئیدارەی خۆسەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەهەشتی نیسانی 2023 لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری رەقە دەستپێشخەرییەكی بۆ چارەسەری كێشەكانی سوریا خستەڕوو كە نۆ خاڵ لەخۆدەگرێت.

لەگرنگترین خاڵەكانی دەستپێشخەریەكەی كوردانی رۆژئاوا، دانپێدانانە بەیەكێتی خاكی سوریاو مافی سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە، هەروەها پشت بەستن بەنموونەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەسەرجەم سوریاداو دووبارەكردنەوەی.

لەخاڵەكانی دەستپێشخەریەكەی ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاوای كوردستان باس لەوەكراوە پێویستە سەرجەم سامانەكانی سوریا بەدادپەروەری دابەش بكرێت، جگە لەوەی ئامادەیی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانی نیشانداوە كەئاوارە ناوخۆییەكان لەخۆبگرێت، بەڵام داواشیكردووە هێزەكانی توركیا لەسوریا بچنە دەرەوە.

هەر لەدەستپێشخەریەكەی ئیدارەی خۆسەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژە بەوەشكراوە هێزەكانی هەسەدە بڕوایان بەیەكێتی خاكی سوریا هەیەو كار بۆ ئەوەدەكەن ئەو ناوچانە بگێڕنەوە كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی سوریادایە، ئەویش بەپێچەوانەی بانگەشەكانی توركیا كە باس لەوەدەكات كوردەكان بەنیازی كیانێكی سەربەخۆن لەسوریا.

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان و هەسەدە جەخت لەمافە رەواكانی پێكهاتەكانی سوریا دەكەنەوە كەقوربانییان داوە لەپێناو مافەكانیان، دەشڵێت ناكرێت سازشی لەسەربكەن لەكاتێكدا دۆخی وڵات پێش قەیران و دوای قەیرانەكەش جیاواز بووە.

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان باس لەوەشدەكات لەڕووی سیاسی و ئابوری كۆمەڵایەتییەوە سەركەوتوو بووە بەتایبەت كەسەرجەم پێكهاتەو نەتەوەو ئایینەكان لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەكەدا دەژین كەژمارەی دانیشتوانی زیاتر لەپێنج ملیۆن كەسەو سێیەكی خاكی سوریا لەژێر دەسەڵاتیاندایەو پێكەوە شەڕی داعشیان بەهاوكاری هاوپەیمانان كردووە.

وەك ئیدارەی خۆسەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت بوونی خۆیان لەسەختترین دۆخدا سەلماندووەو سەرەڕای ئەوەش پارێزگارییان لەسیستەمی دیموكراتی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی و مافەكانی مرۆڤ كردووە، بەتایبەتیش مافەكانی ژنان و منداڵان، لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە نموونەی ئیدارەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەسەرتاسەری وڵاتەكە جێبەجێ بكرێت.

لەخاڵێكی دیكەی دەستپێشخەریەكەدا ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان رایگەیاندووە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی سامانەكانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەكەدایە بەتایبەتیش نەوت و غازو كشتوكاڵ و ئاوی رووبارەكانی دیجلەو فوڕات، بەڵام پێیان وایە موڵكی سەرجەم گەلی سوریایەو ناكرێت پێكهاتەیەك لێی سودمەند بێت و ئەوانی دیكە لێی بێبەش بن.

ئیدارەی خۆسەری باكورو رۆژئاوای كوردستان پێشی وایە بوونی ئاوارە و پەنابەرانی سوریا لەوڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتیش توركیا ئاستەنگ بۆ چارەسەری كێشەكانی سوریا دروستدەكات، بۆیە ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن سەرجەم ئەو ئاوارانە بگرنە خۆیان تاچارەسەری كۆتاییان بۆ دەدۆزرێتەوە.

سەبارەت بەبوونی هێزەكانی توركیا لەسوریا، ئیدارەی خۆسەری باس لەوەشدەكات چارەسەری قەیرانی سوریا ناكرێت تائەو هێزانە نەچنە دەرەوە لەسوریاو ئەمەش لەگەڵ یاساكانی نێودەوڵەتی یەكدەگرێتەوە.

لە پڕۆژەکەدا ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جەخت لە یەکپارچەی سوریا دەکاتەوە

ئەمە یەكەم دەستپێشخەری ئیدارەی خۆسەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا نییە لەبارەی چارەسەری قەیرانەكانی سوریا، وەك خۆشیان دەڵێن كۆتا دەستپێشخەرییان نابێت، بەڵام باس لەوەشدەكەن ئەمجارە دۆخەكە جیاوازە چونكە لەڕووی هەرێمیی و نێودەوڵەتییەوە موئامەرەیەك هەیە كەڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەگەڵ چەند لایەنێك دەستی داوەتێ و دەیەوێت ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان لەناوببات، بۆیە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان هەست بەبەرپرسیارێتی دەكات سەبارەت بەمافەكانی گەلانی سوریاو بەرەنگاربوونەوەی موئامەرەكان و پێویستە هێزەكانی سوریا بەیەكگرتوویی بەرەنگاری ئەو دووژمنكاریانە ببنەوە بەتایبەت كە توركیا ئەنجامیاندەدات، ئەگەر هێزەكانی وەك ئەمریكاو روسیاو هێزە هەرێمیەكان پەسەندی بكەن پێویستە هێزە سیاسییەكانی سوریا دەستپێشخەرییەكە لەبەرچاو بگرن و پێشوازی لێبكەن.

هەڵوێستی ئەمریكا سەبارەت بەدەستپێشخەریەكەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان

جۆیل ریبۆرن نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا لەبەردەم لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە 18 ی نیسانی 2023 رایگەیاند: ئیدارەی سەرۆك بایدن داوای لەوڵاتانی عەرەبی كردووە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ سوریا ئاسایی بكەنەوە، ئەویش لەپێناو شكستهێنان بەپرۆژەیەكی روسیا كەداوایكردووە پەیوەندیەكانی سوریاو توركیا ئاسایی بكرێتەوە.

جۆیل ریبۆرن دەشڵێت: ئەو وتەیەی لەبەرپرسانی وڵاتانی عەرەبییەوە پێ راگەیەندراوەو ئیدارەی ئەمریكاش هەسەدەی بەلاوە گرنگەو دەیەوێت بەشێكی گرنگ بێت لەچارەسەری كێشەكانی سوریا.

بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریكیە دەستپێشخەریەكە نیمچە چارەسەرێكە بۆ كێشەی هەڵواسراوی پەنابەران و ئاوارەكانی سوریا لەتوركیا كەدەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، بەڵام لەهەمانكاتدا رژێمی سوریا رەتدەكەنەوە.

بەوتەی ئاژانسەكانی هەواڵ، بەرپرسانی ئەمریكاو بەتایبەتیش نێد پرایس وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هیچ تێبینیەكی لەسەر دەستپێشخەریەكەی ئیدارەی خۆسەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا نەبووەو وتوویەتی: دەستپێشخەریەكەمان بینیوەو تیایدا جەختی لەسەر یەكپارچەیی خاكی سوریا كردووەتەوە، كەبنەڕەتە بۆ هەر چارەسەرێكی سیاسی لەسوریا، جگە لەوەش لەگەڵ  بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناكۆك نییەو یەكدەگرێتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار