شوێنەوارەكانی گەرمیان بەرەو لەناوچوون دەچن

بەڕێوەبەری شوێنەواری كفری: ئۆتۆمبێلمان نییە بچین سەردانی شوێنەوارەكان بكەین

2 ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

لەسنوری گەرمیاندا سەدان شوێنەواری گرنگ بوونیان هەیەو مەترسی لەناوچوونیان لەسەرەو حكومەت داواكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار بەهەند وەرناگرێت.

لەسنوری گەرمیاندا نزیكەی 500 شوێنەواری مێژوویی هەیە كەمێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەكان، هەروەها نزیكەی 300 شوێنەواریان دەكەوێتە قەزای كفریەوە، بەڵام زۆربەیان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

ساڵح سەمین، بەڕێوبەری شوێنەواری گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەگشتی نزیكەی 500 شوێنەواری مێژوویی لەگەرمیاندا بوونی هەیەو بەپێی ئەو شوێنەوارە كۆنانەی دۆزیومانەتەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە شەش هەزارو پێنجسەد ساڵ پێش ئێستا مرۆڤ لەم ناوچانەدا ژیاوە».

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كۆنترین شوێنەواری گەرمیان كۆشكی حەوش كوڕوە لەناحیەی قۆرەتوو كەدەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەكان لەسەردەمی پاشا نەوشیروانی خەسرەودا دروستكراوە.

هەروەها لەقەزای كفری قەیسەری كفری و سەرای كفری و جۆگەی گاوری لەقەزای كەلار، بەهەمان شێوە  لەسەردەمی ساسانیەكانەوە دروستكراوە كە بۆ ئاوەڕۆو ئاو راكێشان دروستكراوەو دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا .

بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان دەشڵێت:» ئێمە خاوەنی كۆمەڵێک شوێنەواری گرنگین، بەڵام بەداخەوە حكومەت ئەوەی لای گرنگ نەبێ شوێنەوارەو پشتگوێ خراوەو زۆرێك لەشوێنەوارەكانی گەرمیان لەناوچوون یان بەرەو لەناوچوون دەچن «.

« چەندین جار داومانكردووە چەند شوێنەوارێكی گرنگ نۆژەن بكەینەوە، بەڵام تائێستا هیچ شتێكمان بۆ دابیننەكراوە، ئەگەر گرنگی بەشوێنەوارەكان بدەین دەبنە شوێنێكی گەشتیاری و داهات بۆ ناوچەكە  دەبێت»، ساڵح سەمین وادەڵێت.

هەروەها  بەڕێوەبەری شوێنەواری كفری لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە لەكفریدا نزیكەی 300 شوێنەواری مێژوویی بوونی هەیە، دیارترینیان سەرای كفری، قەیسەری كفری و كۆشكی مەجید پاشاو ماڵی جووەكان، گەرماوی كفری و چەندانی دیكە، كۆنترینیان قەیسەری كفرییە كەشوێنێكی بازرگانی بووە لەنێوان وڵاتانی عێراق و ئێران كەجێگەی كاروان سەرای بازرگانان بووە.

لە ئێستادا خەریکی نۆژەنکردنەوەی سەرای کفرین لەسەر بودجەی تایبەتی قوباد تاڵەبانی

عوبێد محەمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری كفری باسی لەوەشكرد كەیەكێك لەشوێنەوارەكان گەرماوی كفرییە كەبەشێوەیەكی ناوازە دروستكراوە لەساڵی 1891 لەساڵنامەی عوسمانیدا باسی گەرماوەكەی كفری كراوەو چەندین خانووی كەلەپوری لەكفریدا بوونی هەیە، بەڵام نەمانتوانیوە بیانپارێزین،  ئێمە ئۆتۆمبێلمان نیە بچین سەردانی شوێنەوارەكان بكەین جا چۆن بیانپارێزین».

عوبێد محەمەد دەشڵێت:»بەداخەوە شوێنەوارەكانی كفری نزیكەی 80% یان رووخاون یان دەڕووخێن، وەك ماڵی مەجید پاشا كەبڕیار لەسەر نۆژەنكردنەوەكەشی دراوە، بەڵام بودجەی بۆ خەرج ناكرێت، لەئێستادا خەریكی نۆژەنكردنەوەی سەرای كفرین لەسەر بوجەی تایبەتی قوباد تاڵەبانی».

رەفعەت محەمەد شارەزای بواری شوێنەوار بۆ هاوڵاتی پێیوابوو كە هۆكاری سەرەكی لەناوچوونی شوێنەوارەكان دەگەڕێتەوە بۆ هاوكاری نەكردنی حكومەتی هەرێم  كەنەیتوانیوە شوێنەوارەكان بپارێزێت یان نۆژەنیان بكاتەوەو هەندێكی بووەتە شوێنی پاشماوەی پیسی و بەبەرچاویانەوە دەڕووخێن.

« لەم چەندساڵەی رابردوودا رێكخراوو  لایەنی پەیوەندیداری توركیا سەردانی كفرییان كرد بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی كفری بەو مەرجەی مۆركێكی حكومەتی توركیای  پێوە بێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بەمە رازی نەبوو، حكومەتی هەرێم خۆشی نۆژەنی ناكاتەوە، شوێنەوارەكان وا لەناوچون هەر شوێنەوارێكیش بڕوخێ  مێژووی نەتەوەیەك دەسڕێتەوە».، رەفعەت محەمەد وا دەڵێت.

كفری لەڕابردوودا كەشوێنی بازرگانی بووە حكومەتی قاجاری ئێران داوای لەعوسمانیەكان كردووە نوێنەرایەتی قاجاری لەكفری بكاتەوە كەناوەندی سەرەكی ئەم بازرگانیە قەیسەری كۆنی كفری بووەو  شوێنێكی پێكەوەژیان بووەو ئەو خەڵكانەی تێیدا كاریان كردووە پێكهاتبوون لەكورد، عەرەب، توركمان و جولەكە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار