سودانی: پێویستە پشکی تەواو لە ئاوی دیجلەو فورات وەربگرین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداری لە کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات دەدات و دەڵێت، "پێویستە دەستوەردانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەبێت و پشکی تەواوی خۆمان لە ئاو وەربگرین".
محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ شەممە لە وتارێکدا لە کۆنرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە شاری بەغدا، رایگەیاند، پێویستە هەڵوەستە بکرێت لەسەر کرۆکی کێشەی ئاو لە وڵاتی سەرچاوە و دیاریکردنی هۆکارەکانی و وتیشی، "لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جوگرافی پێکەوە گرێدانی زۆرمان لەڕوی ئایینی و ئاکاریی و لەسەروی هەمویانەوە ئێمە مرۆڤین و مرۆڤایەتی هەمومان پێکەوە دەبەستێت و دەبێت دیالۆگی بەرهەمدار و بونیادنەرانە ئەنجامبدرێت".
جەختیلەوەشکردەوە، "ئاو بووەتە دۆسیەیەکی هەستیار و گرنگی هەموو وڵاتانی جیهان. قەیرانی ئاو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی شەڕەکانی رژێمی پێشووەوە لای هاووڵاتییان نەزانرا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق کە خۆی ئەندازیاری کشتوکاڵە لەبارەی پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە قسەی کرد و گوتی، "حکومەت دۆسیەی ئاوی لە سەرووی کارەکانی داناوە؛ پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە سەرچاوەکانی ئاومان لەوێن لەسەر ئەو کێشانە بووەستین".
پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، سودانی وتی، "گۆرانکاریەکانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکین لەو داتەپینەی کە لە دۆسیەی ئاودا هەیە، حکومەتی ئێستا لەئەستۆی خۆی گرتوە کە پلانێکی گشتگیر و فراوان دابڕێژێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم لێکەوتە ژینگەی خراپانەی کە دروستبوە بۆیە ستراتیژیەتێکمان بونیادناوە لەسەر بنەمای ئەوەی کە عێراق چۆن بیر دەکاتەوە بۆ دیدگای ژینگەیی بۆ 2030".
لە پەیامێکیشدا بۆ وڵاتان وتی، "پێویستمان بە هەوڵی هەمو دۆستان هەیە لە وڵاتان و رێکخراوەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق لەم چرکەساتە هەستیار و گرنگەدا، هەروەها پێویستە عێراق پشکی خۆی لە ئاو وەربگرێت".
ئەمڕۆ شەممە بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژ دەخایێنێت، تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی دۆخی ئاو، کەمئاوی، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکێش دەکرێن.