دەمیرتاش: پشتگری لە گۆڕانکاری بکەن، ئیدی کاتی گۆڕانکارییە

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، سەردەمی جەنگ کۆتایی پێهاتووە و سەردەمی گۆڕانکارییە و داوای لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد، بۆ گۆڕانکاری دەنگ بدەن.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە حەوت ساڵە لە زینداندایە و چەند رۆژ لەمەوبەر بە فەرمی پشتگیری خۆی بۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسین بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا کرد، سێ تویتی بڵاوکردەوە.

دەمیرتاش لە توێتێکیدا دەڵێت، " ئەگەر دیموکراسی، دادپەروەری، ئارامی، ئازادی و ئاشتی هەبێت، تورکیا گەورە و بەهێزە. ئەگەر تورک، کورد، عەلەوی و سونی دەست لەناو دەست بنێن، لە جۆلەمێرگ تاوەکو ئەدرنە لە ناخی دڵەوە باوەش بەیەکدیدا بکەن، تورکیا گەورە و بەهێزە. کاتی جەنگ نییە، کاتی برایەتییە. دەنگ بە گۆڕانکاری بدە، ئیدی کاتی گۆڕانکاری هاتووە."

سەلاحەدین دەمیرتاش لە تویتی دووەمدا نووسیویەتی، " خوشک و برایانی ئاکەپە، مەهەپە و پارتەکانی دیکە، پێکەوە بە گۆڕانکاری قازانج دەکەین، زیاتر یەکدەگرین. کاتی ترس نییە، کاتی ئەوەیە متمانەمان بە یەکدی بێت. کاتی ئەوەیە تورکیایەکی گەورە و بەهێز بە دیموکراسی بنیات بنێین."

دەمیرتاش لە تویتی سێیەمیشدا بانگەوازی لە ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا دەکات و دەڵێت، " پێویستە پێکەوە کار بکەین، دابەشکاریەکی دادپەروەرانی هەبێت، ئەو کاتە بە شێوەیەکی ئازادانە پێکەوە دەژین. کاتی ڕق و تووڕەیی نییە، بەڵکو کاتی لەباوەشگرتن و خۆشەویستییە. کاتی ئەوەیە تورکیایەکی بەهێز و گەورە بە دادپەروەری و یەکسانی بنیات بنێین."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار