سووریا بووەوە ئەندامی کۆمکاری عەرەبی
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی رەزامەندییان لەسەر گەڕاندنەوەی سووریا بۆ کۆمکارەکە دەربڕی.
لەدوای 12 ساڵ لە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی سووریا ئەمڕؤ یەکشەممە، 7ـی ئایاری 2023، ئەو وڵاتە گەڕایەوە بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردوە، "لە کۆبونەوەیەکدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ شوێنی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دیپلۆماسیەتی دیالۆگ و هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی عەرەبی کە عێراقیش پەسەندیکرد، هەوڵێکی ڕاستەقینەی هەبو بۆ گەڕاندنەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی".
ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی کۆبونەوەیەکی بەپەلەیان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە قاهیرە ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی مەلەفی سوریا، لەکاتێکدا کەمتر لە دو هەفتە ماوە بۆ بەڕێوەچونی کۆبونەوەی لوتکەی عەرەبی لە شاری جددەی پایتەختی سعودیە، کە لە 19ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت و ئەندامبونی سوریا لەو کۆمکارە ڕاگەیەندرا .
کۆمکاری عەرەبی لە کۆبونەوەیەکی بەپەلەدا کە لە مانگی تشرینی دوەمی 2011 لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە داوای کردبو، ئەندامێتی دیمەشقی لە کۆمارەکە هەڵپەساردبو، بە رەزامەندی 18 وڵات، لە کاتێکدا سێ وڵات، سوریا، لوبنان و یەمەن ناڕەزایەتیان دەربڕی و عێراقیش لەوکاتەدا خۆی لە بڕیاردان بەدورگرت.