ئاگری رووبەڕووبوونەوەی ئەمریكاو ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ململانێكانی ئەمریكاو ئێران لەكەنداو بۆ رۆژئاوای كوردستان درێژ دەبێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەدوای هێرشكردنەسەر بنكەكانی ئەمریكا لەڕۆژئاوای كوردستان پەنجەی تۆمەت رووبەڕووی چەكدارانی سەر بەئێران كرایەوەو پنتاگۆن لەهەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا یەكێك لەژێر دەریارییە ستراتیژییەكانی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردو رایگەیاند ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكان و بۆمبەكانیشی زیاتر دەكات.

هەنگاوەكانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) دوای لێدوانی سەرۆكی ئەو وڵاتە هات كە رایگەیاند بەتوندی بەرەنگاری جموجۆڵەكانی كۆماری ئیسلامی لەناوچەكە بەتایبەت لەسوریاو عێراق دەبنەوە لەگەڵ ئەوەی پێكدادانی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران رەتكردەوە.

واشنتۆن یەكەمجارە كەجوڵەی ژێردەریاییە جەنگییەكەی ئاشكرا دەكات و لەگەڵ ئەویشدا بە ئاشكرا بانگەشەی زیادكردنی چەك و كەرەستەی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.

لەبەرامبەردا وەزیری بەرگریی ئێران لەنوێترین لێدوان لەكۆبوونەوەی وڵاتانی شانگهای لەهندستان رایگەیاند دەبێت بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەمریكا و رۆژئاوا ناوچەیەكی ئەمنیی نوێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكبهێنرێت و ئێران لەو چوارچێوەیەدا ئامادەكاریی دەكات.

سەرەڕای ئەوانەش رێبەرو سەرۆك كۆماری ئێران لەدیدار لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق لەتاران رایانگەیاند دەبێت هێزەكانی ئەمریكا لەخاكی عێراق دووربخرێنەوە و خامنەیی وتیشی:» بوونی ئەمریكییەكیش لەعێراق زۆرە».

لەنوێترین بەریككەوتنیشدا ئێران لەم هەفتەیەدا دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگریی ئەمریكادا گرت و دواتریش رایگەیاند ئەوە كاردانەوەیەك بووە بۆ واشنتن كە پێنج رۆژ پێش ئەو رووداوە دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری وڵاتەكەیاندا گرتووە.

 

ململانێی ئێران و ئەمریكا لەڕۆژئاوای كوردستان تا كەنداو

لەكۆتاییەكانی مانگی ئازاردا زیاتر لەحەوت جار هێرش كرایەسەر بنكەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا و ئەوەش توڕەیی واشنتۆن و سەرۆكی ئەمریكای لێكەوتەوەو چەكدارانی سەر بەئێران تۆمەتبار كران بەئەنجامدانی ئەو هێرشانە كە بەشێكیان لەخاكی عێراقەوە ئەنجامدرابوون.

گروپێكی چەكداریی بەناوی (لوائـ غالیبون) لەبەیاننامەیەكدا ئەو هێرشانەی بۆسەر چەند بنكەیەكی ئەمریكا لەڕۆژئاوای كوردستان لەئەستۆگرت و رایگەیاندوە؛ تا كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق، بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بەچەكی پێشكەوتوو دەكەنە ئامانج.

بایدن لەنامەیەكدا دەڵێت:» ئامادەكاریی دەكرێت بۆ هێرشی زیاتر دژی گروپە چەكدارەكانی ئێران لەعێراق و سوریا».

سەرۆكی ئەمریكا دوای هۆشداریدان بەئێران و چەكدارانی لەسوریا و عێراق لەنامەیەكدا بۆ كۆنگرێس رایگەیاند وەڵامی توندیان بۆ هێرش و جموجۆڵەكانی چەكدارانی سەر بەكۆماری ئیسلامی لەو دوو وڵاتە دەبێت.

سەرۆكی ئەمریكا لەلێدوانێكدا سەبارەت بەهێرشە ئاسامنییەكەی ئەمریكا بۆ سەر چەكدارانی سەر بەئێران لەسوریا كە رۆژێك دوای هێرش كردنەسەر بنكە سەربازییە هاوبەشەكانی لەگەڵ هەسەدە ئەنجامدراو كوژرانی 19 چەكداری لێكەوتەوە، رایگەیاند:» ئەو هێرشە كاردانەوە هێزی سەربازیی وڵاتەكەمان بوو بەرامبەر ئەو پەلامارانەی چەكدارانی نزیك لەئێران لەدێرەزۆر كردیانەسەر هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی جەنگ لەدژی رێكخراوی داعش و هەر كەسێك بیەوێت زیان بەهاووڵاتییانی وڵاتەكەمان بگەیەنێت بەتوندیی وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام نامانەوێت پێكدادان لە نێوان هێزەكانی ئەمریكاو ئێران لەسوریا رووبدات».

بەپێی راگەیەنراوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە؛ لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر لەسوریا بەدرۆن و تۆپ هێرش كراوەتەسەر دوو بنكەی هاوبەشی هێزەكانی هاوپەیمانی دژی داعش و هاوكات لەشاری رمێلان لەهەرێمی جزیرە-ی رۆژئاوای كوردستان بەفڕۆكەی بێفڕكەوان پەلاماری بنكەیەكی دیكەی هاوبەش دراوە كە بەهۆیانەوە هاووڵاتییەكی ئەمریكی كوژراوەو پێنج سەربازی ئەو وڵاتەش برینداربوون.

هەسەدە ئاشكرایكرد ئەو چەكدارانەی هێرشەكانیان ئەنجامداوە لەلایەن رژێمی سوریاوە پشتیوانیان لێدەكرێت و جەختی لەوەش كردووەتەوە كارو چالاكییە هاوبەشەكانی هێزەكانیان لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی جەنگ لەدژی رێكخراوی داعش بەردەوام دەبێت.

پێت رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاندووە؛ سەرەڕای ئەو دوو هێرشە چەند هێرشێكی دیكە لەڕۆژهەڵات و باكوری سوریا كراوەتەسەر هێزەكانیان، بەڵام زیانی گیانیی لێنەكەوتووەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە كەسەرجەم ئەو پێنج سەربازەی كە لەهێرشەكانی دێرەزۆر برینداربوون رەوانەی نەخۆشخانەی لەندستول لە ئەڵمانیا كراون.

بایدن دوای ئەنجامدانی هێرشی تۆڵە لەلایەن وڵاتەكەیەوە لەنامەیەكدا بۆ كۆنگرێس ئاماژەی بەوەكردووە سوپای پاسدارانی ئێران جموجۆڵەكانی لەدژی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا زیادكردووە بۆیە ئامادەكاریی دەكەن بۆ كاردانەوەی بەرفراوانترو بەهێزتر دژی پاسداران و چەكدارانی سەر بەو هێزەی كۆماری ئیسلامی.

ئەگەرچی ئێران رەتیكردەوە دەستی لەئەنجامدانی هێرشەكاندا هەبێت، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی سوپاو دەربڕینی خۆشحاڵی لە رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا ئاماژەی پێچەوانەی ئەو رەتكردنەوەیەیە.

كەیوان خوسەرەوی، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ هێرشەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەسوریا پەیوەندییان بەكۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبووەو وتیشی:» هەر بنكەیەكی سەربازیی ئێران كە بەمەبەستی راوێژو لەسەر داوای دەسەڵاتی سوریا لە خاكی ئەو وڵاتەن بكرێنە ئامانج، كاردانەوەی خێرامان دەبێت و بەرپەرچی هێرشەكان دەدەینەوە».

خوسەرەوی پێشیوابوو كە ئەمریكا بەمەبەستی دروستكردنی قەیران بانگەشەی ئەوە دەكات كەئێران دەستی لەو هێرشانەدا هەبووە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە لەساڵی 2021 تا هێرشەكەی رۆژئاوای كوردستان چەكدارانی ئێران زیاتر لە 78 جار پەلاماری بنكەكانی ئەمریكایان لەسوریاو عێراق داوە.

پەیامی ئەمریكا بۆ ئێران بەتۆماهۆك و فڕۆكەی جەنگی

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رۆژی یەكشەممە (8/4/2023) یەكێك لەژێردەریاییەكانی وڵاتەكەی بەئامانجی بەرنگاربوونەوەی هێرشەكانی ئێران لەسوریا رەوانەی كەنداو كردووەو بۆ یەكەمجاریش بووە كە جوڵەی ئەو ژێردەریاییەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكراكرد.

بەوتەی تیم هاوكینز، وتەبێژی یەكەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەكانی سوپای ئەمریكا ژێردەریایی (یو ئێس ئێس فلۆریدا) رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە كەهەڵگری 154 موشەكی جۆری (تۆماهۆك)ە و ئامانجەكانی بەوردی دەپێكێت و لەئەگەری روودانی مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا ئەو ژێردەریاییە كاردانەوەی دەبێت.

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی (ئەسۆشیەیتدپرێس) و رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) ئەگەری هێرش و جموجۆڵی سەربازیی ئێران لەناوچەكە هەیەو ئەو هێرشانەش كاتی دەبێت بەڵام ئەمریكا دەیەوێت بەتوندترین شێوە وەڵامی هێرشەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكان و هێزەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بداتەوە.

ئەمریكا لەساڵی 2003 بۆ رووخانی رژێمی بەعس لەعێراق سودی لەو ژێر دەریاییەو موشەكەكانی وەگرت و لەساڵی 2018 هەر هەمان ژێردەریایی دژی رژێمی بەعس لەسوریا جوڵەی پێكرا.

ئەمریكا لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانی دژی ئێران بەو ژێردەریاییەش نەوەستاوەتەوەو رۆژی هەینی رابردوو ئاشكرای كرد ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكان و بۆمبەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەكات

رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرای كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و چەكدارانی لەعێراق و سوریا بۆمبی نوێ بەكاردەهێنرێت و فڕۆكەی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت.

فەرماندەكانی سوپای ئەمریكاو بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی رایانگەیاندوە ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو سوپایە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێژەی 50% زیاد دەكرێن و بۆمبی تایبەت بەسەنگەرشكێن بەكاردەهێنرێت و بۆمبی 113 كیلۆیی لەفڕۆكە جەنگییەكانی جۆری (وارتاگ) لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەسترێت كە بەئامانجی تێكشكاندانی سەنگەرو وێرانكاریی حەشارگەكان و بڕینی ئەو شوێنانەیە كە لەژێر زەویی بەمەبەستی سەربازیی دروستكراون.

ژەنەڕاڵ ئەلێكسوس گرینكویچ، یەكێك لەفەرماندەكانی سوپای ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی ئامادەكارییەكانی ئەمریكا وتوویەتی ئەو بۆمبانە بەئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لەفڕۆكە جەنگییەكانی وارتاگ لەرۆژهەلاتی ناوەڕاست بەكاردەهێنرێن و لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا فڕۆكەی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەكە دەكرێت.

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بەپشتبەستن بەسەرچاوەكانی لەپنتاگۆن ئاماژەی بەوە كردووە كە ناكۆكییەكان و گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لەو ناوچەیە توندتر بووەتەوەو یەكێك لەئامانجەكانی ئەمریكا بۆ ئامادەكارییە سەربازییەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆماری ئیسلامی و هێرشكردنەسەر چەكدارانی ئەو وڵاتەیە لەعێراق و سوریا.

 

ئەمریكا بەفارسی وەڵامی سوپای پاسداران دەداتەوە

سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای فەرمیی ئەو وڵاتە (ئەرتەش) بانگەشەی ئەوە دەكەن كەشتییەكی ئەمریكایان لەماوەی هەفتەی رابردوودا لەنزیك گەروی هورموز لەكەنداو ناچار بەدوركەوتەنەوە كردووەو هاوكات ئەرتەش ژێردەرییاییەكی ئەمریكای لەو ئاوانە ناچار كردوە بێتە سەر ئاستی دەریاو لەسنورە ئاوییەكانی ئێران لەكەنداو دووربكەوێتەوە.

بەرپرسانی ئەمریكا لێدوانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێرانیان رەتكردووەتەوە و تەنانەت رایانگەیاندووە ژێردەریایی ئەمریكا نەچووەتە ئەو سنورە ئاواییانەی كەنداو.

سوپای پاسدارانی ئێران لەڤیدیۆیەكدا بڵاویكردووەتەوە كە هێزەكانی ئەمریكایان ناچار كردووە بەزمانی فارسی قسە بكەن و لەئاوەكانی كەنداو دووربكەنەوە.

لەتۆمارە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت یەكێك لەئەفسەرانی سوپای پاسداران لە رێگەی بێتەلەوە داوا لەكەشتییەكی ئەمریكا دەكات سنوری ئاویی ئێران پێشێل نەكەن و بەزمانی فارسی وەڵام بدەنەوەو ئەفسەرێكی ئەمریكی بەزمانی فارسی رایدەگەیەنێت كەكەشتییەكەی هاوپەیمانانەو لەئاوە نێودەوڵەتییەكانی كەنداودا سەرقاڵی ئەركی رۆژانەیەتی، دواتر ئەفسەرەكەی سوپا دەڵێت من نیگەران دەبم كەناوی (كەنداوی فارس) بەكارناهێنن.

ئاژانسی هەواڵی (فارس) كەزمانحاڵی سوپای پاسدارانە بەبڵاوكردنەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە نووسیویەتی: هێزی كۆماری ئیسلامی وایكردووە ئەمریكییەكان لەكەنداو بەفارسی قسە بكەن.

جەنگی دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئەمریكاو ئێران

لەدوای كشانەوەی ئەمریكا لەرێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی 2018 زیاترین تەقینەوەو سوتان و رووداوی دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان لەكەنداوو گەرووی هۆرموز روویداوە كە لەنوێترین رووداودا رۆژی پێنجشەممە هەفتەی رابردوو سوپای ئێران دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئەمریكا لەدەریای عومماندا گرتووە.

كەشتییەکە بەئاڵای دورگەكانی مارشاڵ و بەناوی كۆمپانیایەكی توركیا بڕیاربووە نەوتەكەی بۆ ویلایەتی تەكساس لەئەمریكا بگوازێتەوە كەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو كەشتییە لەلایەن ئێرانەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كەئەو هەنگاوە لەدژی دەستبەسەرداگرتنی كەشتی (سوئیز راجان)ی هەڵگری نەوتی ئێران بووە بۆ چین.

رۆیتەرز روونیكردووەتەوە هەنگاوەكەی ئێران وەك تۆڵەیەك بەرامبەر ئەمریكا بووە كە لەچوارچێوەی سزا نێودەوڵەتییەكاندا دەستیگرتووە بەسەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئێران بۆ چین.

لەساڵی 2019 تائێستا زیاتر لەپێنج كەشتی نەوتهەڵگر لەڵایەن ئێرانەوە دەستی بەسەرداگیراوە بەهۆی ئەو مین و تەقینەوانەی كەسوپای پاسداران لەگەروی هورمز چاندوونی لانیكەم سێ كەشتی بازرگانیی زیانیان پێگەیشتوە كە یەكێك لەو كەشتیانە خاوەنەكەی بازرگانێكی ئیسرائیل بوو.

نزیكەی نیوەی نەوت و غازی جیهان كەدەكاتە 40%ی وزەو سوتەمەنیی جیهان بەكەنداوو گەروی هۆرموزدا تێدەپەڕێت و 90% نەوت و غازی كەنداو لەو رێگەیەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر كێشەیەك لەكەنداوو ئەو گەرووە ستراتیژییە، ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێكی گەورە جیهانی و زیانبەخش زیندو دەبێتەوە.

جەنگی دەریایی  كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لەكەنداو كە راستەوخۆ لەنێوان ئێران و عێراق روویداو ئەمەریكا رۆڵی هەبوو تێیدا، بە دوەم گەورەترین جەنگی دەریایی دوای كۆتایی دووەم جەنگی جیهانی ئەژمار دەكرێت و بە(جەنگی نەوتهەڵگرەكان) ناودەبرێت و لەساڵی (1985) تا (1988) بەردەوام بوو، ئەو جەنگە بووە هۆی ملیارەها زیان و تێكشكانی زیاتر لە (500) كەشتی و نەوتهەڵگری گەورەی وڵاتانی جیهان كەزۆربەیان ئێرانی و عێراقی بوون.

كەنداو هێڵێ پەیوەندیی و گرێدانەوەی نێوان سێ كیشوەری ئەوروپاو ئەفەریقا و باشورو باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا-یەو گرنگترین سیستمی گواستنەوەی نێوان زەریای ئەتڵەسی و دەریای سپی و دەریای سور تا زەریای هیند-ە بۆیە لەڕووی بازرگانیی و گواستنەوەوە جێی بایەخی زۆربەی وڵاتان و بەتایبەت زلهێزە ئابوریی و سەربازییەكانی جیهانە، بەگشتی ئەم كەنداوە لە رووی جوگرافیای سیاسیی، ستراتیژیی، وزە، مێژوو و شارستانییەتەوە بە رووبەڕێكی گرنگ و هەستیاری جیهان ئەژماردەكرێت.

زۆربەی ئەو دوورگە ستراتیژییانەی كەنداو وەك (قشم، خارگ، كیش، ئەبوموسا، لاوان ، لارك و ...) كەنزیكەی (30) دوورگەن دەكەوێتە جوگرافیای ئێرانەوەو بەو پێیە زۆربەی دوورگە گرنگەكانی كەنداویش بەدەست ئێرانەوەیە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار