ئەمریکا: سوریا شایستەی گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رەخنەی لە بڕیاری گەڕانەوەی سوریا بۆ سەر کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی گرت و رایگەیاند، دیمەشق شایستەی ئەو هەنگاوە نییە و خواستی سەرۆکی سوریای بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە خستە ژێر پرسیارەوە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا پێیوایە "هاوبەشە عەرەبییەکان بەنیازن پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەکاربهێنن بۆ فشارخستنە سەر چارەسەری قەیرانی درێژخایەنی سوریا و واشنتنیش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەسەر ئامانجی کۆتایی ئەم بڕیارە هاوڕایە"، بەڵام "دیمەشق شایستەی ئەو هەنگاوە نییە".
ئەوەشی خستوەتەڕو، دیمەشق شایستەی ئەوە نەبووە بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی، چونکە تائێستا ھیچ ھەوڵێکی کرداری بۆ چارەسەری کێشەکان نەناوە.
وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی لە کۆبونەوەی بەپەلەی دوێنێ یەکشەممەدا لە قاهیرە رێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ کورسییەکەی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، دوای نزیکەی 12 ساڵ لە هەڵپەساردنی ئەندامێتی وڵاتەکە.