لە تاران بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ترەمپ دەردەچێت

ئێران بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی بڕیاری دەستگیرکردنی 73 هاوڵاتیی ئەمریکی دەردەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



ئێران رایگەیاند بە تۆمەتی کوشتنی قاسم سولەیمانی بڕیاری دەستگیرکردن و ئامادەبون لە دادگا بۆ 73 هاوڵاتیی ئەمریکا دەرچوە.

عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران رایگەیاند؛ ئەمڕۆ دوشەممە لە لایەن ئەنجومەنی باڵای دەزگای داد بڕیاری گرتن بۆ تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی دەرچوە.

بە وتەی ساڵحی، دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران 12 هەزار لاپەڕەیە کە 97 تۆمەتباریان ئەمریکین و لەو ژمارەیەش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 73 کەسیان دەرچوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشو و مایک پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا لەو کەسانەن.

پێشتر کازم غەریب ئابادی، ئەمینداری مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند؛ دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی لە عێراق و ئێران بە کراوەیی ماوەتەوە و تا ئێستا سێ گەڕی دانیشتن و دانوستان لە نێوان تاران و بەغداد بەڕێوەچوە بۆ ئاشکرابونی راستی روداوەکە و یەکلابونەوەی ئەو دۆسیەیە.

غەریب ئابادی ئاماژەی بەوە کردبوە کە 94 کەس تۆمەتبارن بە کوشتنی سولەیمانی کە بریتین لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە و ژنەڕال مەکێنزی فەرماندەی پێشوی هێزە چەکداراەکانی ئەو وڵاتە .

بە وتەی غەریب ئابادی، هاوڵاتییانی حەوت وڵاتی جیهان تۆمەتبارن بە کوشتنی سولەیمانی و پێنج تۆمەتباری سەرکەیی لە عێراق و 17 کەسی دیگەش هەر لەو وڵاتە گومانیان لەسەرە کە هاوکاربوبن بۆ تیرۆری ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگیری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی.

بەرەبەیانی سێی کانونی دوەمی ساڵی 2020 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا ئۆتۆمبێلەکانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس-یان لە نزیک فرۆکەخانەی بەغداد کردە ئامانج و بەهۆیەوە ئەو دوکەسە و ژمارەیەک پاسەوانیان کوژران و ئەمڕۆش لە عێراق و ئێران رێوڕەسمی سێیەم ساڵیادی کوژرانیان بەڕێودەچێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار