نەتەوەیەکگرتوەکان: سێدارە لە ئێران گەیشتوەتە قۆناغی تۆقێنەر
ئێران لە روی ئازادیی ئابورییەوە 14 پلە پاشەکشێ دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی مەترسیدار و دامەزراوەیەک ئاشکرای دەکات ئەو وڵاتە لە روی ئازادیی ئابورییەوە لە داویین ریزبەندی وڵاتانی جیهانە.
ڤۆلکەر تورک، سەرۆکی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ زۆربونی ژمارەی لەسێدراەدان لە ئێران "تۆقێنەرە" و داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە وڵاتەکە راگرن.
هاوکات کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 209 کەس لە ئێران لەسێدارەدراوەن و پێدەچێت ئەگەر لەسێدارەدانەکان بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بێت، هاوشێوەی ساڵی 2022 ژمارەی لە سێدارەدان بەرز ببێتەوە.
بە پێی ئامارەکان ساڵی رابردو لە ئێران لانیکەم 580 کەس لەسێدارە دراون.
لە لایەکی دیکەوە دامەزراوەی فرەیزەر (Fraser Institute) کە ناوەندەکەی لە وڵاتی کەنەدا-یە بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێران لە روی ئازادیی ئابورییەوە دەکەوێتە پلەی 159 لە ریزبەندی 166 وڵاتی جیهاندا.
ئەو ناوەندە رونی کردوەتەوە ئێران لە روی ئازادیی ئابورییەوە لە ساڵێکدا 14 پلە لە ئاستی جیهاندا دابەزیوە و دۆخی ئەو وڵاتە تەنها لە وڵاتانی(لیبیا، ئەرجەنتین، سوریا، زیمبابوە، سودان، ڤەنزوێلا) باشترە.