هاوڵاتی زانیاریی نوێ لەبارەی نەخۆشیی هەوكردنی پەردەی مێشك بڵاودەكاتەوە
لەسلێمانیو هەڵەبجەو گەرمیان 320 حاڵەتی نەخۆشیی هەوكردنی پەردەی مێشك تۆماركراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
زیاتر لەدوو هەفتەیە نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشك لەناو منداڵانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بڵاوبووەتەوە، رۆژانەش رێژەكە زیاددەكات، تائێستاش بەپێی ئاماری هەرسێ بەڕێوەبەرایەتیەكە زیاتر لە 320 تووشبوو تۆماركراون.
د.پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئاماری رۆژانە لەحەوت بۆ 12 نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت لەسلێمانی، منداڵەكان هەموویان چارەسەر وەردەگرن، بەڵام ئەوەی بەكتریا بێت هەر مەترسیدارە، تائێستا نزیكەی 200 نەخۆش، نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندووە».
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئەوەشی باسكرد كە بۆ دیاریكردنی نەخۆشیەكە پێویستە ئاو لەپشتی منداڵەكە دەربهێنرێت، بەڵام «بەداخەوە زۆرجار دایك و باوكی منداڵەكە رێگەنادەن ئەو شیكارە بكرێت كەزۆر ئاسانەو هیچ كێشەیەك بۆ منداڵەكە درووست ناكات».
«ئەگەر منداڵان چارەسەر وەرنەگرن لەوانەیە ببێتە هۆی مردن، كێشەی بینین و بیستن و زیرەكی و ئاستی توانای مێشكی كەمبێتەوە»، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی وای وت.
هەروەها وتیشی:»تەندروستی جیهانی سامپڵی نەخۆشەكان دەبەن بۆ لێكۆڵینەوەو لەدوبەی لەو بارەیەوە لێكۆڵینەوەی زیاتریش دەكرێت، هەرچەندە ساڵانی پێشتریش ئەم نەخۆشییە هەبووە، بەڵام ئاشكرا نەبووە یاخود ژمارەكەی زۆر نەبووە».
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەداوە كەتیمێكیان لەمانگی نیسانی 2023 سەردانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیانیان كردووەو ئەوەیان ئاشكراكردووە كە»زۆربەی تووشبووان منداڵانانی سەرو شەش ساڵانن و ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە پارێزگای هەڵەبجەیە».
هەروەها رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە 20 نموونەیان لەشلەی مێشك و بڕبڕەی پشتی منداڵەكان وەرگرتووەو دەینێرن بۆ تاقیگەیەكی هاوبەشی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەئیمارات.
ئاراس حەمەسەعید جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی 90 نەخۆشی هەوكردنی مێشك تۆماركراوەو هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدانیش تۆمارنەكراوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان ئەوە دەخاتەڕوو منداڵانی تووشبووی هەوكردنی پەردەی مێشك چارەسەریان وەرگرتووە.
دكتۆر سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەگەرمیان 34 نەخۆشی هەوكردنی مێشك دەستنیشانكراون تائێستا هیچ نەخۆشێك لەگەرمیان بەو نەخۆشییە نەمردووە».
هەرچەندە هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەتەندروستی هەولێرو دهۆك و ئەوان رەتیانكردەوە كە نەخۆشییەكە لەو دوو پارێزگایەی هەرێم بوونی هەبێت، بەڵام سەرچاوەیەك لەتەندروستی سلێمانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كە» تەندروستی سلێمانی زانستیانە دەڕوات و هەرچی رووبدات باس دەكرێت، بەڵام لەزۆر شوێنی دیكەش ئەو نەخۆشییە هەیەو باس ناكرێت».
وتیشی:» لەشارەكانی دیكە كەرتی حكومی رووخاوەو ناكرێت لەگەرمیان نەخۆشییەك بڵاوببێتەوە لەهەولێر نەبێت، ئەوەی ئێمە دەیڵێین شتە راستەكەیە».
سەبارەت بەنەخۆشییەكە د.زانا باقی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان بۆ هاوڵاتی ئەوەی روونكردەوە كەپێویستە دایكان و باوكان هۆشیارییان هەبێت، ئاگاییان هەبێت لەبوونی نەخۆشیەكە، نیشانەكانی تا، سەرئێشە، رشانەوە، لەش داهێزان و گریانێكی نائاسایی دەڕوات.
د.زانا وتیشی: هەركاتێك ئەو نیشانانە هەبوو لەمنداڵاندا، پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕییەكانی نەخۆشی منداڵان بكەن لەناو نەخۆشخانەكاندا، بۆ ئەوەی پشكنینی بۆ بكرێت و بەهیچ جۆرێك دەرمانی بۆ بەكارنەهێنرێت.
سەبارەت بەوەش نەخۆشیەكە دەبێتە هۆی مردنی منداڵان، ئەو پزیشكە باسی لەوەكرد، ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت مەترسی مردن لەسەر منداڵەكان دروستدەكات، بەڵام خۆشبەختانە ژمارەیەكی زۆری نەخۆشەكان بەتەندروستییەكی باشەوە دەچنە ماڵەوەو نەخۆشیەكە تێدەپەڕێنن.
لەبارەی هۆكاری بڵاوبوونەوەشی د.زانا باقی رێگاكانی بڵاوبوونەوەی بەركەوتنی راستەوخۆو برینداربوونی پێست و ناپۆشی بۆرییەكانی هەوا لەقوڕگداو بەكارهێنانی كەلوپەلی یەكتر بەهۆكاری سەرەكی تووشبوونەكە دیاری دەكات.