گرانیی نرخی بەنزین كرێی پاسی بەرزكردووەتەوە

زۆرینەی هێڵەكانی پاس لەسلێمانی 750 دینار بۆ هەر سەرنشینێك وەردەرگرن

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

لەسلێمانی لەسەدا 25ی هاووڵاتیان بەگواستنەوەی گشتی هاتوچۆ دەكەن و زۆرینەی هێڵەكانی پاس لەسلێمانی 750 دینار بۆ هەر سەرنشینێك وەردەرگرن، هۆكارەكەشی بۆ زیادبوونی نرخی بەنزین دەگەڕێننەوە.

پاش ئەوەی نرخی یەك لیتر بەنزین لە ٥٠٠ دینارەوە بەرزبووەوە بۆ هەزارو ٣٠٠ دینار، حكومەتی هەرێم دوو جۆر بەنزینی لەكوردستاندا دابەشكرد، ئەوانیش: بەنزینی ٦٩٠ دیناری كەتایبەت بوو بەپاس و تەكسی و بەنزینی ٨٠٠ دیناری كەدەدرایە ئۆتۆمبێلی تایبەت، پاش ئەم بەرزبوونەوەیە نرخی كرێی پاس لەزۆربەی هێڵەكانی شاری سلێمانیدا بەرزبووەوەو تەنها سێ هێڵ نرخەكانیان وەك خۆیان ماوەتەوەو 500 دینار لەسەرنشینان وەردەگرن كە  هێڵەكانی  (بەختیاری، رزگاری ، كانی گۆمە و چوارچرا)یە.

 ئازاد ئەحمەد، كارگێڕی سەندیكای شۆفێرانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد لەكاتی گرانبوونی نرخی بەنزیندا وەك سەندیكای شۆفێران زۆر هەوڵیان داوەو لەدەرگای هەموو لایەنەكان و بەرپرسەكانیاندا بۆ ئەوەی بەنزین گران نەبێت، بەڵام وەك ئەو وتی:» سوودی نەبووەو گرانبوونی نرخی كرێی پاس بووە ناچاری».

ناوبراو باسی لەوەشكرد ناجێگیری نرخی پاس  كاریگەری لەسەر خەڵك دروستكردووە و ئەو هێڵانەشی كەنرخی كرێ پاسیان زیاد نەكردووە شوێنەكانیان نزیكە بۆ ناو بازاڕ.

كارگێڕی سەندیكای شۆفێرانی سلێمانی  پێشیوابوو زیادبوونی نرخی بەنزین زۆر لەسەر شۆفێران دەكەوێت، چونكە خەرجی ئۆتۆمبێل و تایەو رۆنگۆڕین گرانەو پێش گرانبوونی بەنزین رۆنگۆڕینێكی پاس ٥٠ هەزار دیناری تێدەچوو، بەڵام ئێستا نرخەكەی بۆ نزیكەی ٧٥هەزار دینار زیادی كردووە.

 «گەراجی پاسەكانیش بەشێكیان كرێیان گرانە، لەناو شاردا گەراج هەیە شارەوانی خاوەنی نییەو خاوەندارێتیەكەی كەسانی ئەهلییە بەكرێی داوەو شوێنێكی باشیشە، بۆ نموونە: شوێنی پاسەكانی بەكرەجۆ، راپەڕین- قلیاسان، شەكرەكە هەموو پاسێك مانگانە نزیكەی ١٧٠ هەزار دینار كرێی مانگانە دەدەن كە لەوێدا دەوەستن»، ئازاد ئەحمەد وای وت.

سەبارەت بەهێڵەكانی ناوشارو دەرەوەی شار كارگێڕی سەندیكای شۆفێرانی سلێمانی وتی: بەزۆری نرخی هێڵەكانی ناوشار زیادیان كردووە، خەتەكانی دەرەوەی شار بەشێكی كەمیان زیادیان كردووە وەك بازیان-باینجان- پیرەمەگروون- تەكییە كەهەزار دیناریان چووەتە سەر.

هەفتەی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان نرخی بەنزینی جێگیركرد  بە ٧٥٠ دینار، بەشێك لەشۆفێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كەنرخی بەنزین هەرزان نەبووە، بۆیە كرێی پاس دانابەزێت.

محەمەد ئەحمەد تەمەن ٥٠ ساڵ شۆفێرێكی هێڵی پاسەكانی راپەڕینەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زیاتر لەساڵێكە نرخی كرێی پاسمان كردووەتە ٧٥٠ دینار بەهۆی گرانی نرخی بەنزین و دووری رێگاكەش زۆر لەسەرمان دەكەوێت».

ئەو شۆفێرەی پاسی راپەڕین پێشیوابوو لەوە زیاتر نرخی كرێی پاس زیادناكەن، چونكە لەسەر خەڵكی هەژار زۆر دەكەوێت، وتیشی:» ئامادەین نرخی بەنزینمان بۆ هەرزان بكەن  ئێمەش كرێی پاس بۆ سەرنشینان كەمدەینەوە بۆ ٥٠٠ دینار».

 هەروەها محەمەد سەعید شۆفێرێكی هێڵی بەختیاری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»  نرخی كرێی پاس لەم هێڵەی ئێمەدا گران نەبووەو لەبەر خوێندكار گرانی ناكەین، هەرچەندە بەنزین هیچ كوالێتی باش نیەو زۆر لەسەر ئێمە دەكەوێت».

هەروەها بەشێك لەهاووڵاتیان بەتایبەت خوێندكاران نرخی پاس بەگونجاو نازانن و خوێندكارێك ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە مانگانە بڕی ٣٠ هەزار دینار بەكرێی پاس دەدات.

ئەژین خدر خوێندكاری زانكۆی سلێمانیە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی كرێ پاس بۆ ئێمەی خوێندكار زۆرە، رۆژانە دوو بۆ سێجار بەپاس هاتووچۆ دەكەم و مانگانە ٣٠ هەزاری دەوێت».

بڕوا فەتاح هاووڵاتییەكی دانیشتووی سلێمانییە، نرخی گواستنەوەی گشتی بە نەگونجاو وەسفكردو وتی:» كرێی پاس گرانە، لەوێستگەی ناوبازاڕ بۆ كانی با نرخەكەی 750 دینارەو مانگانە زیاتر لە ٤٥ هەزار دینار بەكرێ پاس دەدەم».

لەشاری سلێمانیدا ٢٥ هێڵی ناوشارو نزیكەی ٣٥ هێڵی دەرەوەی شار هەیەو بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانیش نزیكەی 25%ی هاووڵاتیان بەپاس و هێڵی گشتی هاتوچۆ دەكەن.

لەعێراقدا یەك لیتر بەنزینی نۆر ماڵ بە 450 دینارەو موحەسەن بە 600 دینارە، تاكسی و پاس لەناوەڕاست و خوارووی عێراق رۆژانە بە 450 دینار بۆ هەر لیترێك بەنزین دەكڕن و ئەوەش وایكردووە كرێی گواستنەوەی گشتی جێگیر ببێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار