دانیشتوانی پایتەختی ئێران پەنا بۆ کەلاوەکان و خانوی هاوبەش دەبەن
دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەمترین ئاستی 23 ساڵی رابردو دادەبەزێت
2 ساڵ لەمەوپێش
دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون و خانو لە پایتەختی ئێران بۆ کەمترین ئاستی 23 ساڵی رابردو دادەبەزێت و کرێی خانوش بەرز دەبێتەوە.
پێگەی (ئینتخاب) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خانو و یەکەی نیشتەجێبون دیاردەی خانوی هاوبەش و بەکرێدانی سەربان لە تاران-ی پایتەختی وڵاتەکە سەریهەڵداوە.
ئەحمەدڕەزا سەرحەدی، شارەزای بواری خانوبەرە بەو پێگەیەی راگەیاندوە؛ بەکرێگرتنی خانویەکی 50 مەتری لە باشوری تاران پێویستی بە 100 ملیۆن تمەن پێشەکی و 10 ملیۆن کرێی مانگانە هەیە و ئەوەش هاوسەنگیی لەگەڵ داهاتی خەڵک نییە لە کاتێکدا لە ئێستادا بەهای یەک دۆلار لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن.
بە پێی ئامارەکان لە ساڵی 2022 رابردودا 30 هەزار و 38 یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست کراوە و کە بەراورد بە رابردو 9% کەمی کردوە ئەوەش بە کەمترین ژمارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون لە 23 ساڵی رابردوی پایتەخت لەقەڵەم دەدرێت.
پێشتر مەهدی هیدات، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی بوژاندنەوەی شاری تاران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبو کە کێشەی سەرەکیی پایتەختی وڵاتەکە کەمیی یەکەی نیشتەجێبونە و بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو شارە پێویستە زیاتر لە یەک ملیۆن بینا و یەکەی نیشتەجێبونی نوێ دروست بکرێت.
ئەو رونی کردوەتەوە پێویستە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست بکرێت کە هەر یەکەیەک لە بیناکان لانیکەم پێنج شوقەی نیشتەجێبون لەخۆی بگرێت.
بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی تاران نۆ ملیۆن و 39 هەزار کەس بوە لە کاتێکدا لە ئامارەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەی ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن و 267 هەزار کەس بوە کە بە دووەمین شاری قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 34ەمین شاری قەرەباڵخی جیهان ئەژمار دەکرێت.