ناوی شەقامێکی پایتەختی نەمسا بۆ ژینا دەگۆڕدرێت

شارەوانیی ڤیەننا: ناوی ژینا رەمزی تێکۆشانە بۆ ئازادیی

گڵکۆی ژینا ئەمینی کە لەسەر کێلەکەی نوسراوە"ژینا گیان تۆ نامری ناوت ئەبێتە رەمز"

2 ساڵ لەمەوپێش



شەقامێکی شاری ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا دەکرێت بە ناوی (ژینا ئەمینی) و ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەوانیی ئەو شارە و پارتی سۆسیال دیموکراتی وڵاتەکە (NEOS) پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی کورد دەردەبڕن و دەڵێن پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکەن.

رۆژنامەی (کوریەر) چاپی نەمسا ئەمڕۆ دوشەممە بڵاوی کردەوە؛ شارەوانیی پایتەخت بڕیاریداوە کە وەک پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ڤیەننا بۆ ژینا ئەمینی بگۆڕێت و بڕیارە لە پەرلەمانی وڵاتەکەش گەڵاڵەیک بۆ پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە بخرێتە دەنگدانەوە.

رۆژنامەکە نوسیویەتی: ناوی ژینا وەک لە کێلی گۆڕەکەیدا بۆ یەکەمجار نوسرا، ئێستا بوەتە رەمەزی تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی .

کوریەر ئاماژەی بەوە کردوە ؛ جیاوازیی مامەڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوەی کورد وای کرد ژینا ناوی بە مەهسا لە ناسنامەکەیدا تۆمار بکرێت.

مارینا هانکە، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ڤەیننا رایگەیاندوە؛ وەک پشتیوانیی و هاوسەۆزییەک، پایتەختی نەمسا دەیەوێت شەقامێک بۆ هەمیشە بکات بە ناوی ژینا ئەمینی.

پێشتر لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا وەک پشتیوانییەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران ژمارەیەک شەقام و کۆڵان کراون بە ناوی ژینا ئەمینی و وێنەکانی لەسەر ژمارەیەک دیواری شارە گەورەکانی وەک نیویۆرک و واشنتۆن کێشراونەتەوە.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار