ئێران 17 ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی سوریا دەکات
بە کەشتی رۆحەکان و بە نهێنی نەوت بۆ سوریا رەوانە دەکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکات ئێران لە شەش مانگدا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیارد دۆلار نەوتی بۆ سوریا رەوانە کردوە.
رۆژنامەی (هائارتز)ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە؛ لە ماوەی شەش مانگی رابردودا ئێران بە نهێنیی بڕی نزیکەی 17 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی سوریا کردوە کە بەهاکەی دەگاتە یەک ملیارد و 250 هەزار دۆلار.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانیەوە؛ ئێران لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردو تا نیسانی ئەمساڵ لە رێگەی کەشتی بێ ناونیشان (کەشتی رۆحەکان) نەوتی بۆ سوریا رەوانە کردوە.
پێگەی ( تەنکەر تراکێرز) ئاشکرای کردوە کە لەو شەش مانگەدا 17 کاروانی کەشتی گواستنەوەی نەوت رەوانەی بەندەری بانیاس لە سوریا کراوە.
لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (کلپێر) بڵاوی کردوەتەوە کە ئێران رۆژانە 74 هەزار بەرمیل نەوتی گەیاندوەتە سوریا و ئەو بڕەش هەندێکجار گەیشتوەتە زیاتر لە 90 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
بە پێی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر سوریا، رەوانەکردنی ئەو بڕە لە نەوتە لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە بە نایاسایی و پێشێلکردنی سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەم دەدرێت.