لەنامەیەکدا نەوشیروان مستەفا داوا لەشەهید قاسملو دەکات شۆڕشی چەکداری لەدژی شا هەڵگیرسێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
مەجید ساڵح
پاش ئەوەی لەنیسانی ١٩٧٧ نەوشیروان مستەفا لەئەوروپاوە گەڕایەوە چیاکانی کوردستان بۆ درێژەدان بەشۆڕشی چەکداری لەدژی رژێمی بەعس، لەهەمانکاتدا بەهەموو شێوەیەک کاری بۆ ئەوە دەکرد، ئاگری شۆڕش لەباشوری کوردستاندا قەتیس نەبێ و تا پێی دەکرێ بە هاوکاری و پشتیوانی شۆڕشگێڕانی کورد لەخۆرهەڵاتی کوردستان لەدژی محەمەد رەزا شای ئێرانیش شۆڕشێک هەڵگیرسێنێت.
کاک نەوشیروان لەگێڕانەوەیەکدا بۆ نووسەری ئەم بابەتە باسی لەوە کرد، لەسوریا باڵوێزی ئێران پاش ماوەیەک پەیوەندی پێوەکردین و باسی لەوە کرد کەئاگایان لەجوڵەکانی مام جەلالە و ئەگەر لەگەڵ ئێمەدا متعاون بن ئەوا هاوکارتان دەبین، بەڵام ئەو کات سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی بەم پێشنیارە رازی نەبوو. بۆیە پاش ئەوەی یەکێتی نیشتمانی لەماوەیەکی کەمدا هێزەکانی خۆی رێکخست و دەنگدانەوەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش لەدژی عێراق بەشێوەیەکی بەربڵاو لەجیهاندا بڵاوبووەوە، رژێمی شای ئێران بۆ کۆنترۆڵ کردن و خنکاندنی شۆڕشەکە بەچەند شێوەیەک کاری لەسەر تەسفیەکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد.
لە ٢٩/١٠/١٩٧٧ واتە پاش گەڕانەوەی بۆ کوردستان، نەوشیروان مستەفا لەنامەیەکدا بۆ هۆمەری شێخ موس یەکێک لەدامەزرێنەرانی (ی.ن.ک) کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لەسەر ئامانجەکانی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی چەکداری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوشار خستنەسەر رژێمی شاهەنشاهی ئاشکرادەکات کە بۆ یەکەم جار لێرەدا بەشێکی لێ بڵاودەکەینەوە.
لەنامەکەدا داوا لەکاک هۆمەرو هاوڕێکانی لەسەرکردایەتی یەکێتی لەئەوروپا دەکات کە کەمپینێک لەدژی دەستوەردانەکانی رژێمی شا لەدژی شۆڕشی کوردستان ئەنجام بدەن: «ئێوەش بەیارمەتی ئێرانیە پێشکەوتوەکان و رێکخراوە پێشکەوتوەکانی دنیا حەملەیەکی اعلامی دەستپێبکەن بە ناوی (تەدەخولی ئێرانی لەشئونی ثەورەی کوردستان)دا وەکو ئەو حەملانەی کاتی خۆی بۆ ظفار و فەلەستین و جێگاکانی تر کران، ئێمە نامیلکەیەکی درێژمان نوسیوە و ناردومانە بۆ برادەرانی شام بۆ چاپکردن، ئەگەر بگات و چاپی بکەن، وەهەمووی بە ناوو وەقائیعیەوە نوسراوە، ئەتوانن استفادەی لێ بکەن بۆ ئەو حەملەیە...»
پاشان باسی ئەوە دەکات کە شاو ساواک بەچەند رێگایەک دژایەتی ئەوان دەکەن و لەوانە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان عێراق و ئێران و تەنانەت وەک لە نامەکەدا نووسیویەتی «هەندێ جار جەیشی عێراقی لە ئیقلیمی ئێرانەوە هجومی هێناوەتە سەر پێشمەرگەو ماڵە پێشمەرگە لەگوندی (باوەزێ) لەقەڵادزە و زەرەرێکی گەورەیان لە خەڵکی گوندەکە داوە.» رێکارێکی دیکەی گوشارخستنە سەر یەکێتی وەک لەنامەکەدا هاتووە: « ناردنەوەی ئەنواعی مرتەزەقەی مەلایی بەئۆتۆمبیل بۆ سەر حدود، پارەیان ئەدەنێ و ماڵەکانیشیان ئەبەنە کەرەج، دوای هاتنەوەیان فەترەیەک ئەمێننەوە بۆ راوڕوت و تەشویهی سومعەی پێشمەرگە، ئەگەر توانیان خەبەرێک لەپێشمەرگە ئەدەن و تەسلیمی عێراق ئەبنەوە و ئەبنە جاشی رەسمی...» هەر لەنامەکەدا باسی لەکۆمەڵێک لەوانە کردوە کە بەفیعلی دواتر بوون بە مەفرەزە خاسەو لەپاڵ رژێمی بەعسدا تا روخانی سەدام لەدژی یەکێتی شەڕیان کرد و لەپاش راپەڕینیش زۆربەیان لە لای پارتی پلەوپۆستی گەورەی سەربازیان وەرگرت، لەوانە تەحسین شاوەیس..
نەوشیروان مستەفا، لەنامەکەیدا باس لەوە دەکات کە ئەمانیش کۆمەڵێک رێوشوێن دەگرنە بەر بۆ دژایەتی کردنی رژێمی شا: «لەبەرامبەر تەدەخولی ئێراندا ئێمە بەتەمای هەندێک هەنگاوین، نازانم چەندمان بۆ تەنفیذ ئەکرێ لەوانە دروستکردنی هێزێکی چەکدار لەکوردە ئێرانییەکان، لەم رووەوە کاغەزێکی درێژم بۆ حەسەن قاضی نووسیوە نازانم پێی گەیشتوە یان نا...»
لەدرێژەی نامەکەدا نەوشیروان مستەفا داوا لەهۆمەری شێخ موس و هاوڕێکانی لەسەرکردایەتی دەکات: «ئێوەش لەئەوروپا ئەم ئیشانەمان بۆ بکەن:
١.حەملەکەی لەسەرەوە باسم کرد دەستپێبکەن.
٢. پەیوەندی بکەن لەگەڵ کوردە ئێرانیە باشەکان، هەرکەسێکیان ئامادە بوو بێتەوە بۆمان بنێرنەوە تاخەریکی رێکخستنی هێزە ئێرانیەکە بن، چونکە ئەوانە زۆربەیان جوتیاری فەقیرو نەخوێندەوارن و زۆر پێویستیان بەخوێندەوارو کادیر و خەڵکی هۆشیارە.
٣. لەگەڵ قاسملو قسە بکەن کە چالاکی خۆیان زیاد بکەن و هەر تەسهیلاتێکی لە ئێمەیان ئەوێ بەوپەڕی جدیەتەوە بۆیان ئەکەین، تەنانەت ئەگەر پێشمەرگەی و چەکداریشیان ویست ئەیاندەینێ و ئەوتوانن ئیستفادە لەناوچە و خەط و مەسئولەکانی ئێمە بکەن.
٤. ئەگەر جەماعەتی ئێرانی تێکۆشەر هەبن کە باوەڕیان بە خەباتی چەکدارە بۆمان بنێرنەوە.
لەکۆتایی ئەو تەوەرەی نامەکەیدا نەوشیروان مستەفا نووسیویەتی: «ئێمە هەڕەشەمان لە ساواکیش کردوە کە بەرامبەر هەر مەفرەزەیەکی مورتەزقە بۆمان ئەنێرنەوە ١٠ مەفرەزەی شۆڕشگێرانیان بۆ دروست ئەکەین. کاتی خۆی ئەمیر و محەمەد و ئەوانەی خۆیان هەڵئەکێشا کەئامادەن بگەڕێنەوە، نازانم لەسەر هەمان قسە ماون یاخود رەئی خۆیان گۆڕیوە ئەگەر ئامادە بن ئەمە عەرز و ئەمە گەز...»
ئەم نامەیە دیدی شۆڕشگێرانەی نیشتمان پەروەرانەی نەوشیروان مستەفا دەردەخات کە خەباتی کورد لەهەموو پارچەکاندا گرێ دراوەتە یەک و لێک جیا نارێنەوە، ئەم دیگایە بەفەرمی لەشەڕەکانی ١٩٨٢، کاتێک سەدان پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک هێزی پشتیوان ناردەوە بۆ بەرگری کردن لە شارە رزگارکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرجەستە بوو و تا دواساتەکانی ژیانی هەر لەسەر ئەوە باوەڕە مایەوە...
تێبینی: نامەکە لەئەرشیفی هۆمەر شێخ موس وەرگیراوە کەئێستا لە زانکۆی ئێکستیەری بریتانی پارێزراوەو لەسەردانێکم بۆ ئەو زانکۆیە کۆپیەکم وەرگرت.