ئێران: عێراق هەشت ملیارد یۆرۆ پارەی غاز قەرزدارە

"نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی غاز لە ئێرانەوە پەیوەستە بە دانەوەی قەرزەکانی عێراق"

2 ساڵ لەمەوپێش



بەرپرسێکی ئێران دەڵێت: نوێ کرتنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق پەیوەستە بە دانەوەی قەرزەکانی ئەو وڵاتە و هاوکات تورکیا داوا دەکات غازی زۆرتر رەوانەی وڵاتەکەی بکرێت.

مەجید چگێنی، راوێژکاری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری غاز رایگەیاند؛ بڕیارە گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق نوێ بکرێتەوە بەڵام ئەو وڵاتە هەشت ملیارد یۆرۆ پارەی غازی ئێران قەرزدارە و لەگەڵ یەکلاییبونەوەی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە، گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە.

چگێنی ئاماژەی بەوە کردوە؛ تورکیا داوای لە ئێران کردوە غازی زیاتر بە وڵاتەکەی بفرۆشرێت.

جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رۆژی پێنجشەممەی رابردو لە لێدوانێکدا لە بەغدادی پایتەختی عێراق رایگەیاند؛ بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتنێک لە نێوان تاران و بەغداد واژۆ کراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو کێلگە غازی و نەوتانەی کە لە نێوان دوو وڵاتەکەدا بە هاوبەشی بەڕێوەدەچن.

ئەوجی وتویەتی: لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا جگە لە دروستکردنی هێڵی بۆڕی نەوت و غاز لە نێوان دوو وڵاتەکەدا، ئێران کار دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک لە پاڵاوگەکانی عێراق.

بە وتەی وەزیری نەوتی ئێران: تاران لەگەڵ وەزارەتی وزەی عێراق رێککەوتوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی غاز لە ئێرانەوە و کار دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی ئەو گرێبەستە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە.

بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سزاکانی ئەمریکا وای کردوە عێراق نەتوانێت قەرزەکانی غاز و کارەبای لە ئێرانەوە کە دەگاتە 11 ملیارد دۆلار رادەست بکاتەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار