ئەم هەنگاوەی پارتی، بە زمانە باوەکە، رێک کەڵەگاییە!

10 مانگ لەمەوپێش



عەبدوڵای مەلا نوری

پێشتر وتومەو دەیڵێمەوە: پارتی و یەکێتی دوو دیوی دراوێکی قەڵپن، یەکێتی لە رابردودا پارتی کرد بەم دێوە، لە حکومەت و پەرلەماندا، پەرلەمانی ئێستا شەرعیەتی نەماوەو ئەنجومەنی مونافیقانە و دەبو لە یەکەم رۆژەوە رێگا بە درێژکردنەوەی تەمەنی نەدرێت…

لە گەڵ ئەوەشدا دەبێ بڵێم: بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ، کاتێک سەرۆکی پەرلەمان لە پەرلەمان ئامادەبوو، ئەوا نوسراو و بڕیاری جێگرو سکرتێری پەرلەمان بۆ کۆمسیۆن هیچ قیمەتێکی یاسایی نییەو وەک ئەوە وایە هاووڵاتیەکی دانیشتوی چایخانەی مەچکۆ نوسراوی کردبێت!

دەستخۆشیەکەی سەرۆکی حکومەتەکەی ئەو دیو دێگەڵە، بۆ فراکسیۆنی پارتی لە ئاستێکی تردا سفرکردنەوەی سەروەری یاساو ژێرپێخستنی رۆڵی پەرلەمان و حساب نەکردن بوو بۆ رای گشتی.

لەو شوێنەدا بێمنەتی و کەڵگاییەکەی پارتی دەگاتە لوتکە، کە ئەمڕۆ ٢٣ی ٥ی ٢٠٢٣ وەزیری داد، کە پارتیە و لە خولی سێدا سکرتێری پەرلەمان بوو، پاش ٢٤ سەعات لە قەشمەربازاڕیەکەی دوێنێی پەرلەمان، دێت خۆسەپاندنەکەی پارتی لە وقایعی کوردستاندا بڵاو دەکاتەوەو بە زۆری زۆرداری دەیکاتە ئەمری واقیع بە سەر هەمو لایەنەکاندا!!!

دیسان دەڵێم: یەکێتی حیزبێکی کۆپی کراوی پارتییە، ئەو حیزبەیە، کە ١٥ ساڵە بە ناوی رێکەوتنی ستراتیجیەوە خەریکی پاشکۆیەتی و خزمەتکردنە بە ئەجێندای پارتی و هەردو حیزب شانبەشانی یەکتر خەریکی خیانەت و روتاندنەوەی هاووڵاتیانن.

بەڵام ئەوەی پارتی دەیکات سەرئەنجام شەقێکی گەورەیە لە میانی پاشکۆیەتی و بێغیرتی و سەرکزی یەکێتیدا، پارتی لە سەرجەم خەڵک و ئینجا کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتوو و نەوەی نوێی دەدات.

لە ٢٠١٥ دا، رقبونەوە لە گۆڕان و بانگەشکردن بۆ پاراستنی سەقامگیری هەرێم و گوایە رێگری لە دوو ئیدارەیی، وای کرد یەکێتی دەست بەکڵاوی خۆیەوە بگرێت و لایەنەکانی تریش وەک پێویست هەڵوێستیان نەبێت لە ئاستی رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و داخستنی پەرلەمان، کە ئەمە هەڵەیەکی کوشندە بوو.

من دەشزانم یەکێتی شەڕی بەرژەوەندی خۆی دەکات، بەڵام نابێ رقبونەوە لە یەکێتی وا لە لایەنەکانی تر بکات بە پاساوی لاواز دیسان لە ئاستی کەڵەگایی پارتیدا بێدەنگبن.

هەرچەندە هەڵبژاردن و پەرلەمان بێ بەهاو سوک کراوە، بەڵام ئەگەر هەر چاوتان لە هەڵبژاردنە و دەشتانەوێ دۆخی هەرێم ئارامبێت، ئەوا حەق نییە خۆتان رادەستی ئەو قەدەرە بکەن کە پارتی بە زۆری زۆرداری دەیەوێت بە سەرتاندا بیسەپێنێ.

حەقە ئێوە لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی مەرج و قسەی جدی و نەخشەڕێگاو نەخشتان هەبێت لە تەواوی ئامادەسازیەکانی هەڵبژاردنێکی راستەقینەداو ئازایانە داکۆکی لێبکەن.

کورت و پوخت زۆرداری پارتی و خراپی یەکێتی، دەبێ وا لە ئێوە بکات، بۆ پرسی هەڵبژاردن ئەجێنداو قسەی جیاوازتان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی کوردستان هەبێ…

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار