مۆنۆمێنتى بارزانى رێککەوتنى یەکێتى – پارتى، چارەنووسى خۆرهەڵاتييەكان

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەنوەر حسێن بازگر

یەکەم:

مۆنۆمێنتى بارزانى و مێژووى خۆرهەڵاتييەكان

هەفتەى رابردوو مۆنۆمێنتى بارزانى بەئامادەبوونى لایەنى جۆراوجۆر لەبارزان بەڕێوەچوو، دوو رووداوى، جێى سەرنجى بەخۆیەوە بینى:

یەکەم: سەرەتایەکى نوێ لەئاشتبوونەوەى یەکێتى و پارتى بەکردارى جیا لەوتارەکەى بارزانى و ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانى و توانەوەى بەستەڵەکى نێوان ئەم دوو هێزە، کەمەترسى و نیگەرانى دروستکردبوو. هەرچەندە پێناچێت رێككەوتنێكى كۆنكرێتى بێت و هەموو كێشەكانى خەڵك چارەسەر بكات.

دووەم: بانگهێشتى رەسمى نوێنەرانى هێزەکانى خۆرهەڵاتى کوردستان (مستەفا هیجرى) لەحزبى دیموکرات، لەوەش باشتر دانانى لەڕێزبەندى پێشەوەى میوانەکان، بەڵام دیوێکى خراپیش بانگهێشتنەکردنى (ئیبراهیم عەلیزادە) سکرتێرى کۆمەڵە (بەبێ هۆ، یان پارتى دەکرێ هۆکارەکەى بڵێت، کەنوێنەرایەتى بەشێکى کۆمەڵگاى خۆرهەڵات دەکات...؟!). جیا لەوەش دەبوو، (عومەرى ئیلخانیزادە)ش لەڕێزبەندى پێشەوە دابنرێت، کەئەوەشیان نەکرد.

بەم رووداوگەلە نوێنەرانى ئێران توڕەبوون و هۆڵەکەیان جێهێشت و وتیان؛ «ئێمە چاوەڕێ بووین ئەوانەمان تەسلیم بکەنەوە، نەک لەپاڵ ئێمە دایانبنێن و بانگهێشتيان بكەن»، بەهەرحاڵ کۆى مەڕاسیمەکە باشبوو.

دووەم:

ئەمريكاو رێككەوتنى يەكێتى - پارتى

پاش شەش مانگ لەدابڕانى تیمى یەکێتى لەحکومەت بەهۆى مامەڵەى نەگونجاوى سەرۆکى حکومەت لەگەڵ ناوچەى سەوزو گرژى و ئاڵۆزى دۆسیە (سیاسى، ئەمنى و داراییەکان...)، هەردوولا هاتنەسەر مێزى گفتوگۆو دانووستان.

بەپێى هەندێ سەرچاوە، رەنگە بەرپرسە ئەمریکییەکان، دۆستانە وتبێتیان؛ گەر رێکنەکەون لەزووترین کاتدا، گلەیمان لێمەکەن وەکو ئەفغانستان و حکومەتى ئەشرەف غەنى، جێتان بهێڵین، ئەوکات خۆتان زەرەر دەکەن و رەنگە حەشدى شەعبى بگاتەسەر سنورەکانتان.

 ئەوەشیان وتووە؛ پرسى هەڵبژاردن و یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە، دوو ئەولەویەتى کارى یەکەمتان و دواتر رێککەوتن لەگەڵ بەغداد، کەیسى رۆیشتنى نەوت، خاڵى سێیەم و چوارەمن.

بەهەرحاڵ ئامۆژگارییەکانیان، باش و دۆستانەبوون و گرژى و گرفتەکانیش لانیکەم بۆ ئێستا ئەهوەن بوونەوە، بەڵام ئەنجامەكانى چى دەبێت، دەبێ چاوەڕوان بين.

سێیەم:

هەڵبژاردن و بۆچوونى ئەمريكاو ئێران

هەڵبژاردنى کوردستان، پرسێکى گرنگە بەلاى ئەمریکى و ئەوروپییەکانەوە، جەخت دەکەنەوە کە لەکاتى خۆیداو پێش سەرى ساڵ بەڕێوەبچێت، جيا لەوەى لەناوخۆ هێشتا گرفتى بەردەمى ماوە، گرنگترین بابەت پرسى کورسى کۆتاکانە، يان (ئەو گرفتەى رۆژى 22/5/2023) لەهۆڵى پەرلەمان روويدا.

بەڵام لەملاوە ئێران، داوایکردووە هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، بۆ مانگى ئازار تا ئایارى داهاتوو، بانگهێشتى سەرۆکى نەوەى نوێ-ش هەر پەیوەست بەو بابەتەوە بوو، بێگومان بۆچوونەكانى ئێران-يش بۆ هەرێم و عێراق دەبێ بەهەند وەربگيرێن، دەورونەقشى گەورەى هەيەو ناكرێ بۆچوونى ئێرانييەكان-يش پشتگوێ بخرێت.

هێشتا هەرێمى کوردستان، بڕیارى کۆتایى نەداوە، ئایا دڵى واشنتۆن یان تاران رازیدەکات؟

چوارەم:

ئەردۆغان و بێ چانسى كورد

هەڵبژاردنى پەرلەمانى و سەرۆکایەتى تورکیا پێى نایە قۆناغى دووەم و رەنگە پشتیوانى (سینان تۆغان) کاندیدى سێیەم، لەئەردۆغان، بەوپێيەى خۆى لەحزبى (MHP)ى نەتەوەپەرستى توركيا جیابووەتەوە، دژى کوردەو خۆشى لە (CHP) نایات، ئەوان ئەردۆغان دەکەنە براوەى یەکەم بەوەش قۆناغێکى نوێى سەرکوت و ئیستبداد لەتورکیا دەستپێدەکات، پەلامارى خۆرئاوا دەدات و هێرشەکانیش بۆ سەر قەندیل، باشورى کوردستان و موسڵ درێژە پێدەدات.

لەهەر حاڵدا دەرچوونەوەى ئەردۆغان، قۆناغێکى نوێ لەکوشتارو نەهامەتى بۆ گەلى کوردو ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت. کە لەم پرۆسەيەشدا کورد چانسى نەبوو، كەپشتيوانى لەكليچدار ئۆغڵو دەكرد، وەکو چۆن لەشۆڕشى «ژینا» چانسى نەیهێنا.

پێنجەم:

چارەنووسى خۆرهەڵاتييەكان

بەدواى شۆڕشى «ژینا» لەئێران و خۆرهەڵات، تادێت چارەنووسى هێزە خۆرهەڵاتییەکان و کوردەکانى خۆرهەڵات دەبێتە مایەى نیگەرانى و مەترسى دروستبوون لەسەریان.

جیا لەهەڕەشەى بۆمباران و درۆنى بەردەوام، بۆ سەر خێزان، خانەوادەو منداڵەکانیان و بێدەنگى هەرێم، چاوەڕوانى کارەساتى گەورەترى لێدەکرێت.

بەتایبەت کەباس لەسازش لەسەر شۆڕشى ئەوان دەکرێت، ئەوە کارێکە نابێت هیچ بەرپرس و حزب و حکومەتێک، جورئەتى ئەوە بکات، نەک هەنگاوى بۆ هەڵگرێت، بەڵکو هەر باسیشى بکات.

خۆرهەڵاتییەکان، نەک هەر ئاریشەو گرفتیان بۆ هەرێم نەبووە، بەڵکو لەزۆر بابەت و زۆر جاریش غەدریان لێکراوە، تکایە با کەس مێژووى پەلامار، تیرۆرو کوشتارى رابردوو دژى خۆرهەڵاتییەکان دووبارە نەکاتەوە، نە بيرى خەڵكيشى بێنێتەوە، با مێژوو جارێکى تر تراژیدى و شەرمەزارانە دووبارە نەبێتەوە. باشترين كارى هەرێم ئەوەيە؛ گەر دۆستيان نابن، دۆستى دوژمنەكانيشيان مەبن، مەمنون و سوپاسگوزارن.

شەشەم:

پشكۆى شاعير

لەچەندڕۆژى رابردوودا، شاعیرو پێشمەرگەى کوردستان مامۆستا (پشکۆ نەجمەدین) چووەتە سەر مەزارى (مەلا مستەفاى بارزانى)، بەڵام بەداخەوە سوکایەتى و توهنيى زۆر بە(پشکۆ) کراوە، لەلایەن سۆسیال میدیاى بێ ناسنامەوە.

پشکۆ، شاعیرى ناسک، شۆڕشگێڕى چەپ و رادیکاڵ، پێشمەرگەى رۆژانى سەخت، پیاوێکى ئازاو بێدەنگى پڕ لەژان، شایەنى ئەوە نییە وا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. پاشان بۆچى دەبێ شاعیرێک، نووسەرێک، کەسایەتییەک، گەر بچێتە سەر گۆڕو مەزارى (مام جەلال، مەلا مستەفا، نەوشیروان مستەفا، قاسملوو، فوئاد سوڵتانى،...) جێگەى عەیبەو سەرزەنشت بێت؟ بۆچى تاوانە؟!

خودى رووداوەکە زۆر ئاساییە، بەڵام ئەوەى ئاسایى نییە، حزبەکان خۆیان، لیدەرو کارێزماکانى خۆیان تەنها بۆ خۆیان موقەدەس کردوە، كردوويانن بەموڵكيەتى حزبى خۆيان، کەدەبێت ئەوانە ببنە موڵکى گشتى و هەموو کەس رێزیان لێبگرێت، بەڵام بەئایدۆلۆژیکردنى کەسایەتییەکان و بچوککردنەوەیان لەقاڵبى حزبدا، ئەم گرفتانە دروستدەکات، نەک هەوڵدان بۆ بەسیمبولکردنى ئەوان وەکو بۆ هەمووان.

بەهەرحاڵ ئەم کارە دژى پشکۆ، نەزعەيەکى مەترسیدارەو رەنگڕێژکردنى مەیلدارانەى ناعەقڵانییە، کەدەتەوێت کێ بکەیتە دوژمن؟ و کێ بکەیتە شەیتان؟ کەهەرگیز ناتواندرێ ئایندەیەکى باشى لێ چاوەڕوان بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار