ئێران؛ هەڵاوسانی ئابوریی بەرزترین ئاستی 79 ساڵی رابردو تۆمار دەکات

11 ملیۆن کەسی دیکە لە ئێران دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



ناوەندێکی ئامار ئاشکرای دەکات بەهۆی هەڵاوسانی ئابورییەوە رێژەی هەژاریی لە ئێران بەرز بوەتەوە و شارەزایەتی ئابوریی دەڵێت هەڵاوسان لە ولاتەکە ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردوە.

ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی لە وڵاتەکە زیاتر لە 11 ملیۆن کەسی دیکە کەوتونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکانی رابردو لە کۆی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران نزیکەی 60 ملیۆن کەس بە هەژار ئەژمار کراون.

ئەو ناوەندە هێلێ هەژاریی لە ئێران بە حەوت ملیۆن و 500 هەزار تمەن (150) دۆلار بۆ هەر خێزانێکی  چوار کەسیی دیاریی کردوە و هەر خێزانێک داهاتی لەو بڕە کەمتر بێت دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

پێگەی (ئێکۆ ئێران) ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی راستەقینەی ئابوریی وڵاتەکە لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەمساڵدا گەیشتوەتە 69% کە بە ژمارەیەکی مێژویی هەڵاوسانی ئابوریی لە ئێران لەقەڵەم دەدرێت.

مەحبوبە داودی، پسپۆڕ و شارەزای ئابوریی ئێران رایگەیاندوە؛ هەڵاوسانی ئێستای ئێران بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی 79 ساڵی رابردوی مێژوی وڵاتەکەیە.

بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئێران لە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و هەڵاوسانی ئابوریی تۆمار کردوە.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار