یه‌کێتی و پۆستی ؛ سه‌رۆککۆمار

6 ساڵ لەمەوپێش



     سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی

  
ئه‌گه‌ر چی ئه‌مجاره‌ کورد مه‌رجی قورستری ده‌بێت و پێده‌چێت هه‌ندێ کارتی جیاوازتر له‌ڕابردوو بکات، به‌ڵام دابه‌شکردنی پۆسته‌کانی کورد له‌به‌غدا ئه‌گه‌ری ململانێ و ناکۆکی ناوخۆیی حزبه‌کان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردی به‌گشتی لێده‌که‌وێته‌وه‌.
دوای ده‌سنیشانکردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان هه‌موو نیگاکان له‌سه‌ر کاندیدکردنی که‌سێک بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق که‌پشکی کوردو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌ چڕبوونه‌ته‌وه‌. یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌دوای وه‌فاتی تاڵه‌بانی چه‌ندین قۆناغی هه‌ستیاری تێپه‌ڕاندووه‌و دوایین جار توانی له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق ببێته‌ هێزی دوه‌م  له‌هه‌رێمی کوردستان به‌چه‌شنێک ئاشتی له‌نێوان حزبه‌که‌یان و ده‌نگه‌ تۆراوه‌کانی دروسبکات له‌ئێستادا سێ که‌س له‌ناو یه‌کێتی نیشتمانی رکابه‌رێتی بۆ پۆستی سه‌رککۆمارده‌که‌ن.
(د. حەمه‌سابیرو ؛ د.له‌تیف رشیدو؛ مه‌لا به‌ختیار) 
له‌هه‌مووی گرنگتر سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ده‌یهه‌وێ له‌م پرۆسه‌دا خۆی به‌دووربگرێ له‌نێوه‌ندگیری هه‌ریه‌که‌ له‌به‌ربژێره‌کان؛ خاڵی کۆتایی پرۆسه‌که‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌و چانسی دکتور به‌رهم له‌م خاڵه‌دا نزیکه‌؛ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح بتوانێ له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان هاوپه‌یمانیه‌کی ستراتیژی ببه‌ستێت؛ ئه‌وکات یه‌کێتی به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ بۆناو جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرانی؛ ده‌توانێ دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک به‌ربژێری خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ده‌سنیشانبکات؛ بێشک له‌دیدو تێڕوانینی خه‌ڵکه‌وه‌ ناوبراو سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌ئه‌زموون و سه‌رده‌میانه‌یه‌ که‌ له‌دونیای سیاسه‌ت پرستیژێکی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌و به‌ئه‌زموونتره‌ به‌رامبه‌ر هه‌ریه‌ک له‌م به‌ربژێرانه‌ی تر؛  زۆر به‌ ئاسانی هه‌نگاو به‌ره‌و یه‌کڕیزی و کۆده‌نگی نیشتمانی ده‌نێت. بۆیه‌ چانسی دکتۆر به‌رهه‌م زیاتر له‌ڕکابه‌ره‌کانی خۆنوێنی ده‌کات.
کاتێک که‌ تاڵه‌بانی سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان وه‌ک یه‌که‌مین سه‌رۆک کۆماری کورد له‌عێراق هه‌ڵبژێردرا، شه‌پۆلێک له‌خۆشی و شایی نه‌ک ته‌نیا باشور ته‌نانه‌ت ئه‌و پارچه‌کانی تری کوردستانی گرته‌وه‌و کوردان له‌ڕێگای کورته‌ نامه‌وه‌ پیرۆزبایی ئه‌م پێشهاته‌ گرنگه‌یان له‌یه‌کتر ده‌کرد. ئه‌مه‌ به‌شێکی بۆ که‌سایه‌تی و کاریزمای که‌موێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ڕێبه‌ره‌یان ده‌کردو گه‌شبین بوون به‌وه‌ی که‌ڕۆڵی مام بتوانێت بۆ به‌دیهاتنی ئاواته‌ له‌مێژینه‌کانیان رێگا خۆشکه‌ربێت و دۆزی کورد به‌ره‌و ئاقارێکی باشتر ببات. 
لێره‌دا دادوه‌ری له‌سه‌ر چه‌ندیه‌تی سه‌رکه‌وتنی مام جه‌لال له‌پۆسته‌که‌یدا ناکه‌م به‌ڵام به‌ته‌ئکید ده‌توانم بڵێم سیفه‌تی یه‌که‌مین سه‌رۆک کۆماری کوردی عێراق به‌شانازییه‌وه‌ شایه‌نی فه‌خامه‌تیان بووه‌و کوردان هه‌رده‌م به‌ڕێزه‌وه‌ بۆ مام و خه‌باتی شاخ ده‌ڕوانن. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ له‌دوای هه‌ڵبژاردنی دکتۆر فواد مه‌عسوم وه‌ک سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق، چه‌شنێک له‌ساردی له‌کاردانه‌وه‌ی هاووڵاتیان و کوردانی پارچه‌کانی تر ده‌بینرا.
له‌یه‌که‌مین هۆکاری ساردی شه‌قامی کوردی و نه‌بوونی هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری، که‌سایه‌تی سه‌رۆک کۆمار بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌کاریگه‌ر ده‌زانم، هه‌رچه‌نده‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام که‌فواد مه‌عسومیش خاوه‌نی ده‌یان ساڵ خه‌باته‌، به‌ڵام به‌وته‌ی فارسه‌کان که‌ده‌ڵێن  ((هر کسی را بهر کاری ساخته‌اند )) باشتر بوو کورسیه‌که‌ی کۆشکی سه‌لام که‌پشکی کورده‌؛ که‌سێکی به‌هێزتری بۆ ده‌ستنیشان ببایه‌ تاله‌م دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ی ئێستای عێراق کۆڵنه‌ده‌رانه‌ به‌رگری له‌ماف و ئیمتیازاتی کورده‌وه‌ بکات.
له‌ڕۆژانی پێش یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کاندیدی کورد بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار له‌ڕێگای ڕاگه‌یاندنه‌کان و تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کورد پێیان باشتر بوو که‌دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک که‌سێکی شیاو بۆ ئه‌م پۆسته‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌ ‌ ده‌ستنیشان بکرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیپلۆماتکاره‌ گه‌وره‌که‌ی کورد بوو به‌قوربانی ئه‌و رۆژگاره‌ پر ره‌مزو رازه‌.
که‌واته‌  چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌رامبه‌ر به‌یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک کۆمارو دابه‌شبوونی مه‌کته‌ب سیاسی ئه‌و حزبه‌ بۆ دوو به‌ره‌و سه‌پاندنی کاندیدێک به‌سه‌ر دۆکتۆر به‌رهه‌م ساڵح هۆکاری ناڕازیبوونی شه‌قامی کوردیه‌و ئه‌داو هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی سه‌ره‌کیترین هۆکاری لاوازی کورده‌ له‌پۆسته‌ سیادییه‌که‌ی. 
به‌تێڕوانینێک به‌ڕووداوه‌کانی پاش ڕوخانی حکومه‌تی به‌عس بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ به‌داخه‌وه‌ کوردستان خاوه‌نی هه‌ڵوێستێکی یەکگرتوو به‌رامبه‌ر به‌به‌غدا نه‌بووه‌ و حزبه‌کان له‌ژێر کاریگه‌ری وڵاتانی دراوسێ ئه‌دا و تێڕوانینیان به‌رامبه‌ر به‌ناوه‌ند تووشی گۆڕانکاری بووه‌. له‌م قۆناغه‌شدا جگه‌ له‌سوتانی کارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، مه‌ترسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌چلۆن کاری بۆبکه‌ینه‌وه‌.
هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم که‌زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌به‌شداربوون له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و نه‌بوونی هیچ پاکێجێکی دیاریکراوو به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌غدا له‌داهاتودا نیگه‌رانن و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌پۆستی سه‌رۆک کۆمار به‌لایانه‌وه‌ خاڵی له‌هه‌ر چه‌شنه‌ بایه‌خ و ئیعتبارێک بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار