گورچیلە لە کرماشان بە 500 دۆلار دەفرۆشرێت
کرماشان؛ گەنجانی 18 بۆ 40 ساڵ لە عێراق و ئیمارات و تورکیا گورچیلەیان دەفرۆشن
نەخۆشێکی گورچیلە
2 ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسێک هۆشداریی دەدات لە ئاستی هەژاریی دانیشتوانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت: فرۆشتنی گورچیلە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و دابینکردنی پێشەکی خانوی کرێ بوەتە دیاردە.
حسێن بیگلەری، سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشەکانی گورچیلە لە شاری کرماشان رایگەیاند لە ئێستادا بە شێوەیەکی نایاسایی یەک گورچیلە بە 200 بۆ 250 ملیۆن تمەن کە دەکاتە نزیکەی 400 بۆ 500 دۆلار لەو شارە دەفرۆشرێت.
بە وتەی بیگلەری، فرۆشتنی گورچیکە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و دابینکردنی پێشەکیی خانوی کرێ لە کرماشان بوەتە دیاردە و ئەو کەسانەی کە مەبەستیانە گورچیلەیەکیان فرۆشن پێشتر لە دەرەوەی یاسا و رێوشوێنەکانی بەخشینی ئەندامانی جەستە لەگەڵ کڕیارەکان یان وەرگری ئەو ئەندامەی جەستە رێککەوتن دەکەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشەکانی گورچیلە ئاماژەی بەوە کردوە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجان بە مەبەستی فرۆشتنی گورچیلە دەچنە وڵاتانی وەک عێراق و ئیمارات و تورکیا.
پێشتر رۆژنامەی (جیهانی سەنعەت) لە ئێران ئاشکرای کردبوە کە بەهۆی هەژارییەوە فرۆشتنی گورچیلە لە وڵاتەکە زۆر بوە بەهای یەک گورچیلە گەیشتوەتە 500 ملیۆن بۆ یەک ملیارد دۆلار کە دەکاتە 10 هەزار بۆ 20 هەزار دۆلار.
بە پێی یاساکانی ئێران فرۆشتنی گورچیلە رێگەپێدراو نییە بەڵام بە ناوی بەخشینی ئەندامانی جەستە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان رێککەوتن لە نێوان فرۆشیار و کڕیاری گورچیلە یان ئەندامانی دیکەی جەستەدا دەکرێت.

