کرماشان خاوەنی نزیکەی چوار ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵییە
زیاتر لە سێ ملیۆن و 600 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی لە کرماشان هەیە
یەک ساڵ لەمەوپێش
کرماشان یەکێکە لە پارێزگایانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاترین زەویی کشتوکاڵی هەیە و بەرهەمەکانیشی دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا.
جێگری بەڕێوبەری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند؛ ئەو پارێزگایە خاوەنی زیاتر لە سێ ملیۆن و 600 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵییە کە دوو ملیۆن و 800 هەزار دۆنمی دێمە و نزیکەی 781 هەزار دۆنمیشی بەرئاوە.
ئاماژەی بەوە کردوە ؛ کرماشان خاوەنی خاکێکی بەپیتە کە زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ بە جۆرێک کە زۆربەی روەک و درەختی بەردار لە ناوچەکەدا دەڕونرێت و بەرهەمی دەبێت.
بە پێی ئامارەکانی ئێران نزیکەی 6%ی کۆی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە لە کرماشان بەرهەم دێت و بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
ساڵی رابردو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کرماشان لە دانەوێڵە تا میوە و سەوزە گەیشتوەتە سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن.
کرماشان نزیکەی 330 کیلۆمەتر سنوری بە باشوری کوردستانەوە هەیە و بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بۆ هەرێم و عێراق هەناردە دەکرێت.