کەس لەمێژوو و رابردوو هیچ فێردەبێت؟
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلشاد تالەبانی
کوان ئەو هۆز، گەل، نەتەوەو دەوڵەت و ئیمبراتۆریەتانەی لەمێژوودا هەبوون؟ کوان ئەوانەی تائێستا ولەداهاتووش بەستەمکارانی میژوو ناودەبرێن ودەیان هۆزو گەلیان لەناوبردو قەڵاچۆکرد بۆ تێرکردنی ئارەزووە دڕندانەکانیان و چێژوەرگرتن لەکردەوە نامرۆڤایەتیەکانیان، ئایا بەوە ژیانی هەمیشەییان مسۆگەر کرد؟ چیان بەسەرهات، کەوتنە کوێوەو چۆن باس دەکرێن؟
کوان ئەوانەی سەرەوت و سامانی بێشوماریان کۆدەکردەوەو دەیانخستە گەنجینەکانیان و خەڵکی دەرەتانیان لێ بێبەش دەکردو لەپێناو ئەوەدا خەڵکی وڵاتەکەیان بەخراپترین شێوە دەچەوساندەوەو دەیان شەڕو جەنگیان بەرپا دەکردو لەو پێناوەدا سەدان هەزار کەسیان دەکردە قوربانی، سامانەکانیان چی لێهات؟ پاش خۆیان چی سودێکیان لێوەرگرت و باشیەکیان بەجێهێڵا؟
ئەوانەی خراپکاریان کردووەو تێر نەبوون لەکۆکردنەوەی سامان و کوشتنی خەڵک، چیان بەسەرهات؟ ئایا بەوە تەمەنیان درێژتر بوو و سودیان لەوانە وەرگرت و کارێکیان بۆ خۆیان کرد کەناوبانگیان بمێنێتەوە؟ رەنگە ناوبانگیان مابێتەوە، بەڵام بەخراپکاری و بەقێزەوەنی باس دەکرێن و ناویان دەبرێت وەک ستەمکار، خوێنڕێژ، پیاوکوژو دژ بەمرۆڤایەتی، تاڵانچی و دزو جەردە. ستەمکارە گەورەکانی وەک (قارون، جابوس-کالیغولا-ی رۆم، نیرون، فلادی سێهەم (دراکولا)، ایڤانی ستەمکار، جەنگیزخان، هۆلاکۆ، تیموری لەنگ، ئەبو تاهیر قرمتی، اقا محمد خان قاجار، نیکولاسی دووەمی روسیا، ستالین، هیتلەر، موسۆلینی، چاوچیسکۆ، بینیشیت، فرانکۆی ئیسپانیا، عیدی ئەمین، بوسکا، سەدام حسێن، عەلی عەبدوڵڵا صالح و دەیانی تری کەنەماون و چەند نموونەی وەک بەشار ئەسەد و کیم یونگی کوریا) باسیان لەمیژوودا دەکرێت وەک خراپکار، بەڵام دەیان ستەمکاری بچووکتر لەناوچەکانی خۆمان، لەئاسیاو ئەفریقیاو ئەمریکای لاتین هەن، کەدەیانەوێت لاسایی ستەمکارە گەورەکان بکەنەوە، بەڵام سەرئەنجام وەک بۆقەکەیان لێدێت کەدەیویست ببێت بە گا.
تەنانەت ناویشیان نییە، حسابیشیان بۆ ناکرێت لەبەرئەوەی هیچ نین و تەنها لاساییکەرن، ئایا لەوان زیاتریان پێدەکرێت و بۆیان دەمێنێتەوە؟
ئایا ئەو ستەمکارانە بەوە نەمریان مسۆگەر کرد؟ یان کەوتنە ناو زبڵخانەی مێژوو و تائێستاش نەفرەتیان لێدەکرێت و بەقێزەوەنی باسدەکرێن؟ تاژیان، لەترسی هەمیشەیدا بوون، کەمردیشن بەر نەفرەت و نەگریس و رقی زیاتری خەڵک کەوتن، زۆریان ئێسک و تروسکیشیان دەرهێندرا یان لەشوێنی نهێنیدا حەشاردروان بۆ ئەوەی پاش خۆیان دەرنەکرێن. تائەم هەستێرەی ئەرزەش مابێت بەخراپی ناوبانگیان دەمێنێتەوە.
لەژیانیان بەکردەوەکانیان دڵخۆش و ئاسودە بوون، یان هەمیشە ناخی خۆیان دەخواردەوە؟ تەنانەت کەسوکارو نزدیکەکانیان لێیان رازی و دڵتەئمین بوون وهەستیان بەئەمان و ئاسایش دەکرد لەسایەی ئەواندا؟ یان هەمیشە لەدڵەڕاوکێ و ترس بوون لەوان و هەستیان بەڕقێکی نهێنی دەکردو دەیکەن بەرامبەر بەوان؟
بۆ مرۆڤێک وا لەخۆی بکات، نە خۆی ئاسودە بێت وهەست بەئەمان بکات، نە خەڵک؟ لەترسێکی هەمیشەیی لەدەوروبەرەکەی بێت و بڕواو متمانەی بەکەس نەبێت و تەنانەت بەئیسراحەت نەخەوێت. نە خەڵک خوشی بووێت، نە بەرامبەری هەست بەئەمان بکەن، لێ بترسن، هەمووش لەدڵەوە نەفرەتی لێبکەن.
بڵێی خۆیان ئەوە نەزانن و ترسی خەڵکەکە لەوان بەخۆشەویستی لەقەڵەمبدەن و ماستاوکردن و بەرپەرچنەدانەوەی هیچ قسەو کردارێکی نەزانانەو نەشیاویان لەلایەن هەلپەرستان و فرسەتتەلەبانی دەروبەریان بەڕازیبوون و ستایش لەیەک بدەنەوە؟ ئایا هیچ ناخۆیننەوە، هیچ نابیستن و نابینن؟ ناڕەزایەتی خەڵک بەگاڵتە دەزانن؟ تۆ بڵێیت ئەوان نەزانن کەدەوروبەرەکان درۆیان لەگەڵ دەکەن و هەموو شتێکیان لێدەشارنەوە تا دەکەون یان سەر دەنێنەوە؟ گەر وابزانن، لەخۆیان گێلتر نیە. کە رق لەزەبرو هەموو شتێکی تر لەحەددی خۆی دەرچووو کۆبووەوەو کەڵەکەی کرد، لەپڕ دەتەقێتەوە، هەروەک بورکان یان بومەلەرزە یاخود لافاو، لەچەند چرکەیەکدا هەموو شتێک سەراوژوو دەکات و دەیڕوخێنێت و نوقمی دەکات. هەموو شتێک لەسنوری خۆی دەرچوو و تێپەڕی، دەبێتە ئەوپەری مەترسی و بەرامبەر بەهۆکارەکەی هەڵدەگەڕێتەوە...
ئەوە چی ژیانێکە ئەوان بەسەریان بردووە یان بەسەری دەبەن؟ بۆچ پێچەوانەکەی ناکەن، کەدەشتوانن زۆر بەچاکی و خۆشگوزەرانی بژین، خۆیان ئاسودە بن، خەڵک ئاسودەو رازی بکەن و خۆشەویستی هەمیشەیی خەڵکیش بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و ناویشیان لەمێژوودا بەپرشنگداری بمێنێتەوە؟ ئیتر ئەوە مرۆڤە!
هەموو دونیات هەبێت، خۆت بەزیرەکترین کەسیش بزانیت، گەر نەتوانی وەک مرۆڤ بژیت، خۆشەویستی خەڵک و رەزایەتیان راکێشیت، ئەوا گەمژەترین و بێبەها ترین کەس دەبیت. لەم جیهانەی کەچەندین ملیار زیندوو و دەیان ملیار مردووی رەتکردوە، مرۆڤێک دەبێت چی بێت؟ تەمەنی ٥٠ – ١٠٠ ساڵیش چیە لەمێژوودا و بۆ خۆت وا لێبکەیت؟ بەڵام پێموایە لەم هەموو قسە و راستیەش ئەوانەی ئێستا وانە وەرناگرن و تەمبێ نابن تادەمرن یاخود رقی خەڵک بەرۆکیان دەگرێت، ئەگینا ئەوەی بەسەر قەزافیدا هات و دیتمان قەت لەیادیان ناچێت و بیرێکی قووڵ دەکەنەوە...