بازرگانی ئازاد لە کەنداو و ململانێی ئێران و ئەمریکا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بۆ جاری سێیەم لە دووهەفتەی رابردوودا ئەمریکا بڕیاریداوە لە سەر ناردنی هێز و فڕۆکە و کەشتی جەنگی بۆ کەنداو بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەست هێزەکانی ئێران، لە بەر ئەوەی ئێران هەوڵ دەدات دەست بە سەر کەشتییە بازرگانییەکاندا بگرێت.

ئەمریکا و هێزی دەریایی ئەمریکا ئێران بەوە تاوانبار دەکەن هەوڵ ئەدات دەست بە سەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەدا بگرێت کە لە گەرووی هۆرمۆز دەپەڕنەوەو کێشە بۆ سیستەمی بازرگانی لەو ناوچەیە دروست بکەن.

ئێران لە چەن ساڵی رابردوودا هەوڵیداوە گەرووی هۆرمۆز وەک کارتێک بەکار بهێنێت بەرامبەر بە گەمارۆ ئابوورییەکان و گەمارۆکانی سەر نەوت.

رۆژی ١٨ی حەوت " عەلیرەزا تەنگیسەری" بەرپرسێکی باڵای ئێران بە هەڕەشەکردن لە کۆمپانیا و کەشتییە نەوت هەڵگرەکان وتی :" ئەوانەی کە رێگری لە فرۆشی نەوتی ئێمە ئەکەن، لە لایەن ئێمەوە بێ وەڵام نابن". ئەم بەرپرسەی سوپای پاسداران  ئاماژەی بەوەشدا بە کەشتی نەوتهەڵگری "سۆئز راجان" کە لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوەو نەوتەکەی هەڕاج کراوە، بەڵام هیچ کەشتی و کۆمپانیایەک لەبەر هەڕەشەکانی سوپای پاسداران ناوێرن بارەکەی دابگرن.

لێرەدا باس لە بەشێک لەو رووداوانە ئەکەین کە پەیوەندیدارن بە ناردنی هێزی ئەمریکا بۆ کەنداو. هاتنی ئەم هێزانەش ئەگەرەکانی توندتر بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و رۆژئاوا زیاتر ئەکەن.

 

ناردنی هێزی دەریایی – زەمینی بۆ کەنداو- پێنج شەممە ٢٠ ی تەمووز

ناوەندی فەرماندەیی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا- سەنتکام- رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ وەستانەوە دژ بە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی ئێران بۆ دەست بەسەرداگرتن و بە بارمتەگرتنی کەشتییە بارهەڵگر و بازرگانییەکان لە کەنداو و گەرووی هورمۆز، جگە لە ناردنی فڕۆکەی جەنگی (ئێف- ٣٥) و ( ئێف- ١٦) و پاپۆڕشکێنی جەنگی، بڕیاریداوە بەشێک لە هێزەکانی یەکەی دەریایی- زەمینی ئەرتەش بنێرێتە ئەو ناوچەیەی لە لایەن ( سێنتکام)ەوە بەڕێوە دەبرێت.

لە راگەیاندنی سێنتکامدا هاتووە کە هەناردنی ئەم هێزانە توانای وەستانەوەی ئەمریکا بەرامبەر لە ناوچەکە ئەباتە سەرەوە. ئەمریکا دەڵێت :" ئێران لە دوو ساڵی رابردوودا کێشەی بۆ نزیک بە ٢٠ کەشتی بازرگانی کە ئاڵای وڵاتانی جیاوازیان لە سەر بووە دروستکردووە یان ئەوەی دەستی بە سەردا گرتوون.

ژێنراڵ مایکل کۆریلا، فەرماندەی گشتی ( سێنتکام) لەم بارەوە وتوویەتی :" سێنتکام خۆی بە بەرپرس دەزانێت کە پارێزگاری بکات لە گواستنەوەو مامەڵەی بازرگانی لەو ناوچەیەی کە دەسەڵاتی تێیدا هەیە کە بەشێک لە رێگا ئاوییەکانی دونیا ئەگرێتەوە".

ئەم ژونراڵەی ئەرتەشی ئەمریکا هەروەها وتوویەتی :" ئەو هێزانەی دەنێردرێن توانای تایبەتیان هەیە کە بە پشتبەستن بەو تواناییانە ئەتوانیان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کە ناوچەکە، پارێزگاری بکەین لە رەوتی ئازادی بازرگانی نێونەتەوەیی ".

بەرپرسانی ئەمریکایی لەم بارەوە بە ئەسۆشەیتێد پرێسیان وتووە:" لۆڤید ئەستین ، وەزیری بەرگری ئەمریکا رۆژی پێنج شەممە ، بڕیاری داوە بە ناردنی هێزی ئامادەی دەریایی – زەمینی ( یو، ئێس، ئێس، باتان) و یەکەی ٢٦ ی هێزی دەریایی بۆ ئەو ناوچەیەی لە لایەن سێنتکامەوە بەڕێوە دەبرێت".

بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەم هێزە ئامادەیە بریتین لە ٣ کەشتی جەنگی، لەوانە یەختێکی جەنگی هێرشبەر و هەر یەکەیەکی سەربازی بە زۆری بریتین لە ٢٥٠٠ چەکداری هێزی دەریایی.

میوانداری کۆبوونەوەی رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی لە ئێران وەرگیرایەوە – پێنج شەممە ٢٠ تەمووز

رۆژی پێنجشەممە ، بە بۆنەی بەردەوامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە کەنداو، میوانداری کۆبوونەوەی نیونەتەوەیی دەریاوانی لە ئێران وەرگیرایەوەو ئێران لەم دانیشتنە خرایە لاوە.

هەواڵنێری رۆیتەرز رۆژی پێنج شەممە  رایگەیاند، پێشنیاری ئێران بۆ میوانداری رووداوێکی دەریایی لە مانگی ئۆکتۆبەر، دوای ئەوەی ئەمریکا داوای کرد ئەم کۆبوونەوەیە هەڵوەشیتەوە و داواکارییەکەی پەسەند کرا، لە لایەن شۆڕای ئاژانسی کەشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رەتکراوەتەوەو ئەو میواندارییە لە ئێران وەرگیراوەتەوە.

 

چەند ساڵ لەوە پێش ئێران داوای کردبوو میوانداری کۆبوونەوەی ساڵانەی نێونەتەوەیی کەشتیوانی بکات لە تاران بە بۆنەی رێزگرتن لە رۆژی جیهانی  دەریاوانی و ئەم پێشنیارە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن شۆڕای بەڕێوەبەری رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانیەوە پەسەند کرا.

رۆیتەرز دەستی بە نامەکەی ئەمریکا بۆ شۆڕای بەڕیوەبەری رێکخراوی دەریاوانی گەیشتووەو لەم نامەیەدا هاتووە:" ئێران لە دوو ساڵی رابردوودا بە بێ هێچ پاساوێک، بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشتر، هێرشی کردۆتە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان و کێشەی بۆ دروستکردوون یان ئەوەی دەستی بە سەردا گرتوون ".

لەم نامەیەدا ئاماژە دراوە بە تەقەکردنی هێزە دەریاییەکانی سەر بە سپای پاسداران لە کەشتی بارهەڵگری " ریچمۆند ڤیجەر" و باس لەوە کراوە بەم کارەی کۆماری ئیسلامی مەترسی دروست کردووە بۆ کەشتیوان و مەلەوانەکان.

وتەبێژی رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی دەڵێت :" زۆرینەی ئەو ٤٠ وڵاتەی ئەندامی شۆڕای رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی، رۆژی پێنجشەممە داواکارییەکەی ئەمریکایان پەسەند کرد و ئەمە بەو مانایەیە کە پێشنیاری ئێران بۆ میوانداری کردنی دانیشتنی نێونەتەوەیی ئەم رێکخراوەیە رەت کراوەتەوەو ئێران لەو دانیشتنە خراوەتە لاوە".

هەر لەم پەیوەندەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی ٥ شەممە پێشوازی کرد لەو کۆدەنگییەی شۆرای نێونەتەوەیی دەریاوانی و بەوەی کە ئەو دانیشتنەیان هەڵوەشاندۆتەوە.

میتۆ میلەر لەو بارەیەوە وتی :" ئێمە پێشوازی لە بڕیاری رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی ئەکەین بەوەی کە بەرنامەکانی ئەو رووداوەی کە بڕیار بوو رۆژی جیهانی دەریاوانی لە ئێران بەڕێوە بچێتی، هەڵوەشاوەشاندۆتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی :" لەم ماوەیەدا شاهیدی ئەوەین کە ئێران کێشەی بۆ ئازادی دەریاوانی دروستکردووە. کەوایە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین نابێ ئێران ئەو مافەی ببێت کە ببێت بە میوانداری ئەو رووداوە گرینگە و رێکخراوی نێونەتەوەیی دەریاوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆچوونەکەی ئێمەی پەسەند کرد".

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هەواڵنێرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە بێدەنگەیان هەڵبژاردووەو ئاماژەیان بە هیچ شتێک نەکردووە.

 

 

ناردنی فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف ٣٥) و پاپۆڕ شكێن بۆ کەنداو- دووشەممە ١٨ی تەمووز

رۆژی دووشەممە ١٧ی جوولای پێنتاگۆن رایگەیاند  بە مەبەستی پاراستینی ئەمنیەتی کەشتییە بازرگانییەکان کە ئێران دەیهەوێ دەستیان بەسەردا بگرێت و رایان بگەیەنێت، جێت و کەشتنی جەنگی زیاتر دەنێرێتە گەرووی هۆرمۆز.

بە وتەی پێنتاگۆن، بڕیار وایە ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف -٣٥) و پاپۆڕ شکێنی ( تۆماس هۆندەر) کە پێشتر لە دەریای سوور سەقامیان گرتبوو، بنێرێتە ئەو ناوچەیە.

 

ناردنی فڕۆکەی شەڕکەری ( ئیف -١٦ ) و ( ئێف – ١٠) بۆ کەنداو- ١٤ ی تەمووز

رۆژی ١٤ی جوولای ٢٠٢٣، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند بە مەبەستی بەرگرتن لە هەوڵە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزی دەریایی سپای پاسداران، لە گەرووی هۆرمۆز فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف ١٦) و (ئیف -١٠) دەنێردرێنە سنوورە ئاوییەکانی کەنداو بە مەبەستی پارێزگاری کردن لەو کەشتی و بارهەڵگرانەی لە کەنداو خەریکی جووڵەی بازرگانین. 

 

 

٤ی تومووز - تەقە لە کەشتی بارهەڵگری ریچمۆند ڤیجەر

رۆژی ٤ی جوولای- لە لایەن هێزی دەریایی سەر بە سپای پاسدارانەوە تەقە لە کەشتی بارهەڵگری (ریچمۆند ڤیجەر) کرا.

هێزی دەریایی ئەمریکا رۆژی چوارشممە ٥ی جوولای رایگەیاند کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ٤ شەممە هەوڵیداوا لە نزیک گەرووی هۆرمۆز دەست بە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگردا بگرێت. لە راگەیاندنەکەی هێزی دەریایی ئەمریکادا هاتووە لە هەردوو جارەکەدا، بەلەمە شەڕکەرەکانی هێزی دەریایی ئێران هەوڵیانداوە دەست بە سەر ئەو کەشتییانەدا بگرن، بەڵام دوای ئەوەی لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە وەڵامیان دراویەوە پاشەکشەیان کرد و هەردوو کەشتییەکە بەردەوام بوون لە رێگاکەی خۆیان.

تیم هاوکینز، وتەبێژی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لەم بارەوە بە هەواڵنێرییەکانی وتووە:" کۆماری ئیسلامی هەوڵداوە دەست بە سەر ئەم کەشتییە نەوت هەڵگر و بازرگانیانەدا بگرێت، کە بە شێوەی یاسایی لە ئاوە نێونەتەوەییەکانەوە رەت دەبوون، بەڵام لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە وەڵامیان درایەوەوبەر بەوە گیرا کە پلانەکەیان جێبەجێ بکەن."

بە پێی راپۆرتەکان، تەقە لە کەشتی ریچمۆند ڤیجەر کراوە، بەڵام خەساری گیانی نەبووە. کەشتی ریچمۆند ڤیچەر کەشتییەکی یۆنانییە، ئاڵای (باهاس)ی لە سەرەوەو لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت و نەوتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ سەنگاپوور دەگواستەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار