لەخه‌می پەرله‌مان یان هه‌ڵبژاردن؟

6 ساڵ لەمەوپێش



ئازاد عەلی 
لەهە‌موو وڵاتێکی بەناو دیموکراتی هەڵبژاردن لەڕێگای دە‌نگدانە‌وە تاکەئامرازی گونجاوە‌ بۆ بە‌دە‌ستهێنانی حوکمڕانیە‌کی پتە‌و کەهە‌ڵقوڵاوی ئیرادە‌ی راستە‌قینە‌ی گە‌ل بێت. 
وە‌ک ئاشکرایە لەهە‌رێمی کوردستان ئامادە‌کاری بۆ هە‌ڵبژاردنی پە‌رلە‌مان دە‌کرێت کە‌بڕیاروایە‌ لە ‌30 ئە‌یلولی 2018 ئە‌نجامبدرێ. 
هە‌موو پارتە‌کان بە‌بێ جیاوازی تە‌رکیزیان لە‌سە‌ر پرۆسە‌ی هە‌ڵبژاردنە‌ نە‌ک پە‌رلە‌مان خۆی. 
یە‌کە‌م پەرلە‌مانی کوردستان لە‌ بەرواری 19/5/1992 هەڵبژیردرا. بەپێی یاساى ژمارە‌ (1) بۆ ساڵى 1992 یاساى هە‌ڵبژاردنە‌کانى ئە‌نجومە‌نى نیشتمانى کوردستان کە لەلایەن «سە‌رکردایە‌تى سیاسى بە‌رە‌ى کوردستانى» بڕیارى لە‌سە‌ردرابوو. 
هەتاکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان چوار خولی بەڕێکردوە ئامادەکاری دەکات بۆ خولی پێنجەم. کە بەپێی یاسای هەڵبژاردن دەبوایە لەخولی حەوتەمدا بوایە. ئاشکرایە فاکترە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بەتایبەتی شەڕی ناوخۆو نەبونی متمانە لەنێوان هێزە سیاسیەکان کاریگەری گەورەیان هە‌بوو لەسەر ئەم دواکەوتنە . 
بەشێوەیەکی گشتی ژمارەی پەرلەمانتار 105 کەس بوو 5 بۆ کۆتا.دواتر ساڵی 2005 لەخولی دوەم ژمارەکە کرا بە 111و 11 بۆ کۆتا. 
من لێرە نامەوێ باسی پرۆسەی هەڵبژاردن یان ساختەکاریەکانی هەڵبژاردن بکەم کەزۆر رون و ئاشکرایە کەهەمیشە جێگەی کێشمەکێش بوە بۆ هەموو لایەنەکان دوای هەموو هەڵبژاردنێک، یان باسى پەرتکردنی پەرلەمان بۆ دوو بەش و ڕێگرتن لەپەرلەمنتار بەخودی سەرۆکی پەرلەمانیشەوە بۆ چوون بۆ ناو پەرلەمان، یان خوانەخواستە تواناو لێهاتوویی پەرلەمانتار یان زاڵبونی ڕەنگی حزب لەناو پەرلەمان ئەوەی من مەبەستمە تیشکی بخەمەسەر کاری پەرلەمانی و ئەدای پەرلەمانتار خۆیان لەماوەی ئەو 26 ساڵەی ڕابردوو..
لەماوەی 26 ساڵی ڕابردودا پەرلەمان 359 یاسای دەرکردوە کەزۆرترینیان لەساڵی 2007 بە 39 یاساو کەمترینیان 2016 سفر یاسا. 
ئەگەر بەوردی چاوێک بەو 359 یاسایەدا بخشێنیت زۆربەی زۆری یاسای ڕۆتینیە بۆ بەڕێوبردنی وەزارەتەکان و دەستەکان، زیاتر لە 42 یاسای هەموارکراوە کەهەندێ جار بۆ 10 جار هەموارکراوە وە چەند یاسایەک بۆ درێژکردنەوە. لەو هەموو ژمارە تەنها 3 یاسا ئاماژە بەدەستور دەکات.
من نازانم چەند لەم یاسایانە جێبەجێ کراوە چەندیان پشگوێخراوە بەپێی  بەرژەوەندی حزبەکان ئەتوانین لەپەرلەمان بپرسن. 
ئەمە هەموو کاری یاسادانانی پەرلەمانی کوردستان بوە لەو ماوە درێژەدا! نامەوێ بچمە وردەکاری یاساکان خوێنەر خۆی ئەتوانێ بیانخوێنێتەوەو هەڵیانسەنگێنێ تەنها چوار یاسا بۆ من جێی سەرنجە «یاسای ژمارە 15 ساڵی 2012 تایبەت بەپاسەوانی پەرلەمانتاران وە تائێستا ماوە، کە بۆیان هەیە 3 پاسەوانیان هەبێت یەکێکیان لەدوای خدمە ئەتوانن لای خۆیان بیهێڵنەوە.
هە‌رە‌وها سێ یاساش کە‌تایبە‌تە‌ بە‌خانە‌نشینی ئە‌ندامانی پە‌رلە‌مان بە‌ژمارە‌کانی: 
1ـ ژمارە‌ 13ساڵی 1999 کە‌ موچە‌ی خانە‌نشینی پە‌رلە‌مانتار بە‌ 65% هە‌موو مووچە‌و دە‌رماڵە‌کان دیاریکراوە .‌ 
٢ـ ژمارە‌ 35 ساڵی 2014 کە‌موچە‌ی خانە‌نشینی پە‌رلە‌مانتار بە‌ 75% هە‌موو مووچە‌و دە‌رماڵە‌کان دیاریکراوە.‌ 
٣ـ ژمارە‌ 12 ساڵی 2008 کە‌موچە‌ی خانە‌نشینی پە‌رلە‌مانتار بە‌ 80% هە‌موو مووچە‌و دە‌رماڵە‌کان دیاریکراوە.‌ 
جا خە‌ڵکینە‌ بڕوانن سێ جار یاساو هە‌مواری یاسا کراوە‌ لە‌ناو پە‌رلە‌مان لە‌سە‌ر داوای ژمارە‌ی یاسای پە‌رلە‌مانتار تە‌نها بۆ بە‌رژە‌وە‌ندی خۆیان، لە‌دوای 2008 تا 2018 هیچ یاسایە‌ک بۆ کە‌مکردنە‌وە‌ی دە‌رنە‌کراوە‌ جگە‌ لە‌چە‌ند پڕوژە‌ یاسە‌یە‌ک کە‌ نە‌بون بە‌یاسا، وردببنە‌وە‌ خە‌ڵکینە‌ لە‌و بارودۆخە‌ ناهە‌موارە‌ی خە‌ڵکدا ئە‌مە‌ لە‌ناو پە‌رلە‌مان کراوە‌ کە‌هە‌موومان دە‌زانین موچە‌ی پە‌رلە‌مانتارو پلە‌ باڵاکان لە‌چ ئاستێکدایە‌ بە‌رامبە‌ر مووچە‌ی فە‌رمانبە‌رو پێشمە‌رگە.‌ 
بەهە‌موو درێژایی پەرلەمان 98 بڕیار دەرچوە کەزۆرترینیان ساڵی 1992 بە 48 بڕیارو کەمترینیان 2016چەند ساڵیکی تر بەسفر بڕیار..
لەکۆی ئەم هەموو بڕیارە 2 بڕیار جێی شانازی نەتەوەی کوردە کەتایبەتە بەهاوکاری کوردانی رۆژئاوا. 
هەروەها بڕیاری «14،29»ساڵی 1992 بەسودبوو کە بۆ دامەزراندنی زانکۆی «سلیمانی و دهۆک» لەگەڵ چە ند بڕیارێکی تر کەیەکجار کەمە بۆ ئەو ماوە زۆرە. 
کارێکی تری پەرلەمان ئامادەکرنی پرۆژە یاسایە من تەنها ئەو پرۆژە یاسایانەم دەستکەوت کە لەنێوان ساڵەکانیی 2014 بۆ 2018 کەژمارەیان 164 کەزۆرترینیان ساڵی 2014 ،88 پرۆژەیاسا کەمترینیان 2016 سفر. لەم ژمارەیە تەنها 27یان بوە بەیاسا.
کارێکی سەرەکی تری پەرلەمان چاودێری و لێپێچینەوەو بانگهێشتکردنی حوکمەت بۆ ناو پەرلەمان، لەم ئەرکەدا خۆتان بڕیار بدەن کام وەزیر کام پلەباڵا سزادرا. 
کاکی پەرلەمانتار بەرهەمی ساڵی 2016تان سفر یاسا، سفر بڕیار، سفر پڕۆژەیاسا. بەو سۆیندانە خواردوتانە لەپەرلەمان ئێوە کاتتان چۆن بردۆتەسەرو مووچەی چیتان وەرگرتوە.
ئێستا پەرلەمانتاری بەڕێزی هەموو خولەکان بەراوردێک لەبەینی ئەوکارانەی خۆتان و ئەو هەموو شایستە داراییانەى کاتی«خزمەت و دواى خزمەت و شتی تریش» بکەن، ئینجا خۆتان بڕیاربدە ن ئایا شایستەن یان نا؟
ئێوە هەر قەڵەم خستنەسەر وەرەقەیەک هەر وشە نوسینێ هەر هەناسەو هەر دەست هەڵبڕینێ، هەزارەها دۆلاری تێچوە . 
خەڵکینە ئەمە بەرهەمی 26 ساڵی پە‌رلە‌مان بێت حە‌ق نیە‌ بیرێک لە‌چاکسازی پە‌رلە‌مان خۆی بکرێتە‌وە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار