ئەسۆشەیتێدپرێس: کێشەکانی نێوان ئێران و سعوودیە قووڵتر ئەبێتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەسۆشەیتدپێریش رۆژی دووشەممە ٣١ی تەمووز لە راپۆرتێکدا دەربارەی  قووڵتربوونەوەی کێشەکانی نێوان سعودیە و کوێت لەگەڵ ئێران لەسەر کێگڵەگی غاز و نەوتی " الدرە" لە کەنداو، نووسیویەتی کێشە لەسەر ئەم کێلگە غازی و نەوتییە، کێشەکانی نێوان تاران و ریازی قووڵتر کردۆتەوە.

 سعوودیە و کوێت، بە هاوبەشی خۆیان بە خاوەنی مەیدانی غازی "الدرە" ئەزانن کە ئێرانیەکان پێی ئەڵێن "ئارەش"، لە کاتێکدا ئێرانیەکان سوورن لەسەر ئەوەی کە مافیان هەیە بە سەر ئەم کێڵگە غازییەوە کە لە باکووری بووشەهر و کەنارەکانی رۆژهەڵاتی سعوودیا و کوێتەوەیە.

چوار مانگ لەمەوپێش گفتوگۆی نێوان دوو لایەن لە سەر دیاریکردنی سنووری ئەم کێلگە غازییە لە کەنداودایە دەستی پێکرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، رۆژی دووشەممە ، وتەکانی جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێرانی دووپار کردەوە کە سەرەتای ئەم هەفتەیە وتبووی :" ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانی خۆی لە کێڵگەی نەوتی ئارەش ( الدرە) نابێت و لە هیچ وڵاتێک قبووڵ ناکات مافەکانی ئێران لەبەرچاو نەگرێت".

کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی ٣١ی تەمووز لە وتەکانیدا دەربارەی ئەم کێڵکە غازییە وتی :" ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی کوێتی لەمبارەوە گفتوگۆ بکات، بەڵام ئەگەر ویستێک نەبێت بەوەی بە شێوەی هاوبەش کەڵک لەم کێڵگەیە وەربگیردرێت کۆماری ئیسلامی یەک لایەنانە دەست ئەکات بە گەڕان و دۆزینەوەو دەرهێنانی غاز لەم کێڵگەیە."

ئێران خۆی بە خاوەنی ٤٠٪ کێڵگەی غازی "الدرە" ئەزانێت، بەڵام کوێت و سعوودیە سوورن لەسەر ئەوەی ئەوان بێ گوێدان بە ئێران ئەو کێڵگەیە بە شێوەی هاوبەش بەکاربێنن.

رۆژی ٢٧ی تەمووز وەزیری نەوتی کوێت لە وتووێژ لەگەڵ "سکای نیوزی عەرەبی" وتبووی، کوێت دەست دەکات بە دەرهێنانی غاز لەم کێڵگەیە و چآوەڕێی ئەوە نییە کە سنوورە دەریاییەکانی لەگەڵ ئێران دیاری بکرێت.

 دوو دەیە لەمەوپێش کوێت داوا لە کۆماری ئیسلامی کرد سنوورە دەریاییەکانی ئەم ناوچەیە دیاری بکرێت، لە سەرەتای ٢٠١٠ ەوە کوێت داوا لە ئیران دەکات زانیارییەکانی تایبەت بە بوومەلەرزەیی ئەم کێڵگە غازییە بنێرێت بۆیان.

لە مانگەکانی رابردوودا و بە پشتبەشتن بە زانیاری بوومەلەرزەیی کۆمپانیای نەوتی شێل، کە لە بەریتانیایە، کوێت ئەڵێت ئێران هیچ پشکێکی لەم کێلگە دەریاییە نییە و مافی سعودیەو و کوێتە غازی ئەم کێلگەیە دەربهێنن و بەکاری بهێنن.

کۆماری ئیسلامی ئەڵێت :" کۆمپانیای نەوتی (فەلاتی قارە) پێشتر زانیارییەکانی بوومەلەرزەیی ئەم کێڵگەیەی کۆکردۆتەوەو ٤٠ لە سەدی ژێرخانی غازی ئەم کێڵگەیە لە بەشی ئێراندایە. تا ئێستە هیچ سەرچاوەیەک ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ئەوەجی، وەزیری نەوتی ئیران رۆژی یەکشەممە ٣٠ی تەمووز لە وتووێژ لەگەڵ ناوەندی هەواڵنێری "شانا" سەر بە وەزارەتی نەوتی ئێران وتی :" کۆماری ئیسلامی خوازیاری " چارەسەری دۆستانەی" پرسی سنوورە وشکانی و دەریاییەکانە لەگەڵ دراوسێکاندا، دەربارەی کێڵگەی نەوتی ئارەش ( الدرە)ش لەسەر ئەو باوەڕەین بە هاوبەش و هاوئاهەنگ کەڵک لەم کێڵگەیە وەربگرین.

ئەم وتانەی وەزیری نەوتی ئێران لە کاتێکدایە ئێران ٤ کێڵگەی هاوبەشی نەوت و غازی لەگەڵ سعوودیە هەیە کە بریتین لە "ئەسفەندیار" ، "فەرزاد"، فەرزاد ب" و " فرووزان" ، بەڵام سعوودیە بە بێ گوێدان بە کۆماری ئیسلامی و پشکی ئێران، پەرەی بە دوو دانە لەو کێلگانە داوە کە لەگەڵ ئێران هاوبەشن و بەرهەمهێنانی نەوت و غازی لەو کێڵگانە دەست پێکردووە.

سعوودیە هەروەها دەستی کردووە بە پەرەپێدان و گەورەکردنەوەو دەرهێنانی نەوت و غاز لە کێڵگەی نەوت و غازی مەرجان کە ئێرانییەکان "فروزان"ی پێ دەڵێن و ٢١ میلیارد دۆلار سەرمایەی لەو کێڵگە داناوەو پێش بینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگەیە دەربهێنێت.

لەکاتێکدا ئێران تەنها ٤٠ هەزار بەرمیل لە رۆژدا، لەو کێڵگەیە نەوت بەرهەم دەهێنێت و لە هیچکام لە سێ کێڵگە هاوبەشەکەی دیکەی ئێران و سعوودیە، ئێران نەوت و غاز دەرناهێنێت.

کۆماری ئیسلامی جگە لەوەی کێشەی دیاریکردنی سنووری دەریایی هەیە لە گەڵ دوو وڵاتی سعوودیە و کوێت لەو کێڵگە نەوت و غازییانەدا، لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کێشەی خاوەندارێتی سێ دوورگەی " تونبی گەورە"، "تونبی بچووک" و "ئەبوومووسا"ی هەیە و ئەمە وایکردووە کێشەی ئێران لەگەڵ ئەم وڵاتە عەرەبیانە قووڵتر بێتەوە.

سعودیەو و ئێران دوای چەند ساڵ کە پەیوەندی دیپلۆماتیکیان نەمابوو، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە پەیوەندییەکانیان دەستی پێکردوەتەوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا سعوودیە و ئێران لە کێشەکانی یەمەندا یەکتریان بەوە تاوانبار ئەکرد کە بشێوی ئەنێنەوە لە ناوچەکە و ئێران بە ئاشکرا پشتیوانی لە حووسیەکانی یەمەن ئەکرد بەرامبەر بە ریاز.

لە سەرەتای بەهارەوە دوای ٧ ساڵ لە پچڕانی پەیوەندی ئەم دوو وڵاتە، هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە دەستی پێکردووە.

وەفدی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سعوودیە لە مانگەکانی رابردوودا سەردانی ریاز و تارانیان کردووەو ئێران و سعوودیە باڵیۆزی نوێی خۆیان دیاری کردووە. مەحموود عینایەتی، باڵیۆزی دیاریکراوی ئێران بۆ عەرەبستان، باسی لەوە کردووە کە باڵێۆزخانەی عەرەبستان لە تاران هێشتا نەکراوەتەوە.

ئەسۆشەیتێد پریس هەروەها لە راپۆرتەکەیدا لەسەر کێشەکانی نێوان ئێران و سعوودیە ئەڵێت:" سەرەڕای ئاگڕبڕی ١٥ مانگە لە جەنگی ناوخۆیی یەمەن، ئێران و سعوودیە بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی لایەنە دژبەرەکان لەو وڵاتە".

سعوودیە لە ئێستادا لە گفتووگۆدایە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی بەردەوام ئیسرائیل وەک " دمڵێکی شێرپەنجەیی" دەبینێت و دروشمی نەمان و سڕینەوەی ئیسرائیل ئەدات.

جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەفتەی رابردوو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەوڵەتەکەی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سعوودیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە ٣١ی تەمووز دەربارەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل وتی :" هەر هەنگاوێک بە مەبەستی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی داگیرکەر،  ئازادی زیاتر ئەدات بەم رژێمە زاڵمە بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین ئەنجام بدات."

ئەسۆ شەیتێدپرێس دەڵێت، دیار نیە کێشەی ٦ دەیەیی ئێران لەگەڵ ولآتانی کەنداو لە سەر کێڵگە غازی و نەوتییەکان، تەنها لە قسەکردندا دەمێنێتەوە یان نا و ئاخۆ کێشەکە قووڵتر ئەبێتەوە یان نا؟ بەمەشەوە بە پێی راپۆرتی هەواڵنێرییە ئەمریکاییەکان، کێشەکانی کەنداو تا دێ قووڵتر ئەبێتەوە، بە شێوەیەک ئەمریکا بە مەبەستی بەرگرتن بە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان، هێزی زیاتری ناردۆتە کەنداو و هەروەها فڕۆکەی جۆری (ئێف-٣٥) و (ئێف- ١٦) و (ئەی-١٠)ی ناردۆتە کەنداو، لەگەڵ هێزی کۆماندۆی تایبەت.

.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار