‎كورد بۆ هێندە حەزی بەدوبەرەكییە؟

6 ساڵ لەمەوپێش



کاوە رەش


‎پارتیی و یەكێتی لێك نزیكدەبنەوە، كۆمەڵێك خەڵك دەیكەن بەهەراو دەڵێن خەریكە یەكدەگرن و پێویستە ناوەكەیان بكەن بەیەك.
‎گۆڕان و یەكێتی لێك نزیكبونەوەو ڕێككەوتنیان واژوو كرد، پارتیەكان و بەشێك لەیەكێتی و گۆڕانەكان، سەركۆنەیان دەكرد.  گۆڕان و پارتی، سەردان و هاتوچۆی یەكدیان دەكرد، لەسەرووەختی دامەزراندنی كابینەی بنكە فراوان، یەكێتی و ئیسلامییەكان ڕەخنەبارانی گۆڕانیان دەكرد.  حزبە ئیسلامییەكان لێک نزیكدەبنەوە، حزبە چەپ و بەناو عیلمانیەكان، بەهەڕەشەیان دەزانن. 
‎ئیمڕۆش بەرهەم ساڵح كەهەموو تەمەنی سیاسی لەناو ی.ن.ك بەڕێكردوە، بەنزیكبونەوەو گەڕانەوەی بۆ ناو ی.ن.ك، زۆرێك لەحزبە بەناو ئۆپۆزسیۆن و خەڵكانی دژە یەكبوون رەنگیان تێكچوەو سەركۆنەی دەكەن. 
‎پێویستە هەرێمی كوردستان، لەگەڕەلاوژەی بەناو فرەحزبی رزگار بكرێ. بەریتانیا كەكانگەی دەسەڵاتی دیموكراسی و پارلەمانییە، نیو هێندەی هەرێم، حزب و جوڵانەوەی سیاسی لێ نییە.  
لەوەش كارەساتبارتر، هەموو لەناو یەك پارێزگادا، ئەویش سلێمانی! ‎زەحمەتە بگەیتە ئەو بڕوایەی بۆ كورد پێی خۆشە هەر ماڵ و عەشیرەت و خێڵێك، حزبێكی هەبێ؟ لەكاتێكدا لەهەموو وڵاتانی پێگەیشتوو تێگەیشتوو، سێ چوار حزبی سەرەكی ململانێی دەسەڵات و هەڵبژاردنەكان دەكەن.
‎ئیسلامیەكان  قورئان و حەدیس یەكیان ناخات. چەپەكان  بۆ نابنە یەك! یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و زەحمەتكیشان و چەند حزبێكی تری ناوچەی سلێمانی،  هەقە یەك حی=زب بن، نەك خۆ بچوككردنەوەیان بەرامبەر پارتی و لایانەكانی تر. پارتی و سۆسیالست و حزبەكەی غەفور مەخموری و توركمانەكان و ئەوانەی هەولێرو زاخۆش، دیسانەوە دەبوو لەیەك  حزبدابان، نەك خۆڵكردنە چاوی خەڵكی بەوەی ئەوان سەربەخۆن.
‎ڕەنگە هیچ گەلێك هێندەی كورد زەڕبەو ئازاری دووبەرەكی  كاری لێنەكردبێ.
‎بەڕاستی بیرو هۆش و ژیانی ئاسایی خەڵكی تێكچووە، بەهۆی بوونی ئەو هەموو حزبۆچكەو گروپ و بەناو بزوتنەوانە.
‎لەكاتێكدا هەموشیان بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ،  داهاتی گشتی لول دەدەن، بەناو ی ڕاگەیاندن و پڕۆژەی حزبی و داگیركردنی شوێنە گشییەكان و بونی چەندین ڕێكخراوو سەندیكای  بێ بەرهەم..
‎دواتریش ئەو بەرپرس و سەركردانەی چەندین ساڵ لەحزبێكدا كاریان كردوە، خۆ بەهاتنە دەرەوەیان ئۆتۆماتیكی لەكارە باش و خراپەكانی ڕابردویان بێبەری نابن.
‎كاتێك دوو ڕێبازەكەی مەلایی و جەلالی، لەشەستەكانەوە دەكەونە نێو دووبەركی شەڕو كوشتاری یەكتر،  تەنها دۆزی كورد بۆ دواوە دەگەڕێتەوەو خۆیان باجی هەڵەكان دەدەن. لەدوای ڕاپەڕینش دیسانەوە حزبە كوردییەكان، كەوتنەوە شكاندنی جومگەو بڕبڕەكانی یەكدی، هەم دیسان بەهاتنی بەعس و وڵاتانی دژ بەكورد بۆ ناو هەرێم  و هەم دۆسییەی كورد، دیسانەوە پاشەكشەی كرد. 
‎بەڵام كاتێك ی.ن.ك و پ.د.ك، گەیشتنە ئەو بڕوایەی كەناتوانن بگەنە سڕینەوەو كۆتایی پێهێنانی یەكتر، كەوتنە دانیشتن و ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پلەو پۆستەكان، هەرچۆنێك بێت بەو لێكنزیكبونەوەیە ئاهێك بەبەر میللەتدا هاتوە، لەكۆتایی هێنان لەبەكوشتدانی خەڵكی هەژارو بێدەرەتان. سەرباری هەموو تێبینیە نەرێنیەكان، بەڵام هەمیشە شەڕ چارەسەر نەبووە، بەڵكو  دانیشتن و گفتگۆو لێكتێگەیشتن، دیوێكی باشتری ڕەوشەكەیە.
‎دواجاریش كەدێتە سەر سڕینەوەی ناسنامەو قڕكردنی كورد، هیچ دوژمنێكی كورد پرسیار ناكات تۆ چ حزب و ڕەنگێكی، هەروەك ئەوەی وڵاتانی دراوسێی و بەعس و داعش و ئاخیر جاریش میلیشیا شیعەكان، بەسەر كوردیان هێنا.  كورد دەبێ فێربێ تۆزێك گەورەترو فراونتر لەچوارچێوەی حزب و خێڵ و شارچییەتی بیركاتەوە، واز لەیەكتر شكاندن و سوكایەتی هەڵبگرن، هەمووتان دیوی باش و خراپتان تێدایە، ئیدی كەس با خۆی نەكات بەفریشتەو ئەوی دیكە بەئەهریمەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار