دیکتاتۆریەت، بەکرێگرتە و تیرۆر

یەک ساڵ لەمەوپێش



دڵشاد تاڵەبانی 

لەکۆنەوە دەوڵەتان، حکومەت و دەسەڵاتەکان، تەنانەت کەسایەتیەکانیش خەڵکی بەکڕێگرتەی تایبەتیان بەکارهێناوە، بۆ پاراستنی خۆیان، موڵکیان، یاخود بەرامبەر نەیارەکانیان . تەنانەت دەتوانین گروپە چەکدارە جەردەو دزەکانیش بەشێوەیەک لەوان پۆلێن بکەین.

کەسانی بەکرێگرتە (مرتزق) ئەوانە بوونەو تائێستاش کە ئامادەبوونە کار بۆ یەکێک یان لایەنێک بکەن، بەرامبەر بەپارە و پاداشت و هیچی تریان لا گرنگ نەبووە، نە سیاسەت و یاساو نە نەریت. هەندێک جاریش وەک لایەنی دەسەڵات خۆیان سەپاندووە، یان هەوڵیانداوە بەتوندی و زەبر مافەکانی خۆیان وەرگرن. زۆر جاریش تاڵانی و دەستدرێژییان کردووەتەسەر خەڵکی سڤیل و بێدەسەڵات. زۆرینەی جاریش بەکاری تیرۆریستی هەڵدەستن و سنورێکی دیاریکراو لەنێوانیاندا نیە .

لەکاتێدا دوڵەتان لەسوپاکەیان دڵنیا نەبووبێتن، یان ویستبێتیان کۆمەڵێک کاری نائاسایی ئەنجامبدەن، پەنایان بردووەتەبەر ئەو گروپە چەکدارانە. ئەوانیش بۆ هەمیشە پشتیان پێنەبەستراوەو ئامادەبوونە زوو زوو ئاراستەیان و کاریان بۆ لایەنێک پێچەوانە بکەنەوەو بیگۆڕن، گەر زیاتریان پێدرابێت، یاخود کەوتبێتنە ناکۆکییەوە لەگەڵ ئەو لایەنەی بەکاریاندەهێنێت. زۆرجاریش لە لایەنی بەکارهێنەر هەڵگەڕاونەتەوە.

کاری بەکرێگرتەیی هەرلەکاتی فرعەونەکانی میسر، هەروەها لەشارستانیەتەکانی میزۆپۆتامیاو لای ئێرانی و یۆنانیەکانیش باو بووە.

ئەوەی دیارە پێش زیاتر لە ٢٥٠٠ پ.ز لەمیسر بەکارهاتوون  وەک لەنووسینی ئاسەوارەکانی (رسائل العمارنە) کە بەئەکەدی نووسراوەو لەکۆشکی ئەخناتون دۆزراوەتەوە، میسریەکان ناویان ناون (ئەپیرۆ)و بە ئەکەدی (هابیرۆ) کەمانای تاڵانی یان دزیشە. لە ١٢٨٨ پ.ز رەمسیسی دووەم بەکاریهێناون دژی هیتیەکان لەشەڕی قادش. فارسەکانیش یۆنانیان دژ بە ئەسبەرتە بەکارهێنا، بۆ نموونە وەک بەکرێگرتە لەململانێی ناوخۆی هاخامشی بەکارهاتوون، زەینەفونیش لەکتێبی ئەناباسیس باسی ئەو ١٠هەزار بەکرێگرتەیەی کردووە کەخۆی سەرکردەیان بووەو بۆ کۆرشی بچووک کاریان کردووە تاکوژراوە. هەروەها گروپە یۆنانیەکان لەلایەن ئەسکەندەری مەقدۆنی و ئێرانیەکانیشەوە بەرامبەر یەک بەکارهاتوون.  موعتەسم  (پاسەوانی تورکی) بەکارهێنا.

پاسەوانی سویسری پارێزەری ڤاتیکان، لەکۆندا چەند باندی بەکڕیگرتە بوون. فارانجیەکانیش لەلایەن دەوڵەتی بیزەنتی وەک پاسەوانی تایبەتی لەسەدەی ١٠ – ١٤ ز. کۆمپانیای سپی (White Company The) گروپێکی بەکرێگرتە بوون لەئیتاڵیا لەسەدەی ١٤کە سەیر جون هارۆلی بەریتانی سەرکردەیان بوو، بەهێزترین گروپی چەکداری بەکرێگرتەی ئەوروپا بوو کەخەڵکی زۆر وڵاتی تێدابوو بۆ پشتگیری پاپا شەڕیان کرد، پاشان دژی ئە و بۆ میلانۆ، ئەمجار بۆ فلۆرنسا. کۆمپانیای کەتەلۆنیا لەلایەن روجەر دی فلۆر لە ١٣٠٢ دامەزرا، کە پاش جەنگی ئیتاڵیا بیزەنتیەکان دژی عوسمانی بەکاریانهێنان. پاش شەڕی کیسفوس لە ١٣١١ دەستیان بەسەر دوکیەی ئەتینادا گرت. لەسەدەی ١٥ لە مجر سوپای رەشی بەکڕیگرتە دامەزرا لەزیاتر لە ٣٠ هەزار جەنگاوەر، بەکارهێنرا لەلایەن پادشا ماتیاس کورفینوس. سوپای نەبەزیو لەلایەن فردریک تاوسند وارد لە ١٨٦٠ لەشانگهای دامەزرا بۆ پاراستنی کۆلۆنی و دەوڵەمەندەکان. پڵنگە باڵدارەکان، کە ٣ گروپی فڕۆکەوانی ئەمریکی بەکرێگرتە بوون لەلایەن چینەوە دژ بە یابانیەکان لەجەنگی دووەم بەکارهاتن. لەسەدەی ٢٠یش چەندین گروپی بەکڕیگرتە هەبوو لەئەفریقیا و چەند شوێنی ئاسیاو  ئەمریکای لاتین کەدەیان تاوانیشیان ئەنجامداوە.

لە ١٩٤٩ لە رێککەوتننامەی جنێف و پاشکۆکەی کاری بەکرێگرتە (مرتزق) قەدەغەکرا. لەدیسەمبەری ١٩٨٩ نەتەوەیەکگرتووەکان رێککەوتننامەیەکی دژی دامەزراندن، دابینکردنی سەرچاوەی ئابوری و مەشقپێکردن و بەکارهێنانی قەدەغە کرد، لە ٢٠٠١یش بڕیارێکی تر دەرکرا کە ٣٥ دەوڵەت تائێستا ئیمزایان کردووە، بەڵام ٥ ئەندامە هەمیشەییەکی ئەنجومەنی ئاسایشی تێدا نیە. زۆر دەوڵەتیش بەکاریاندەهێنن. عێراق، ئێران، سوریاو تورکیاش دژی کوردو بەرهەڵستکاری تریش بەکاریانهێناوەو تا ئێستاش. لەلیبیا و لەجەنگی ئۆکرانیاش هەردوو لایەنی جەنگکەر بەکاریاندەهێنن. گروپی ڤاگنەر یەکێک لەوانەن، کەدژی روسیا هەڵگەڕانەوەو روسیا بەکوشتنی سەرۆکەکەی وهەموو سەرکردەکانی تۆڵەی کردەوەوتائێستا چارەنووسی گروپەکە نادیارە، بەڵام بۆ کارە قێزەونەکان بەکاردەهێندرێت. دیکتاتۆریەتیش پەیوندی راستەوخۆی بەبەکارهێنانی جەکداری بەکڕیگرتە هەیە. بەکڕێگرتە (مرتزق)، نەوەک هەر بۆ پیسترین مەبەست بەکاردێت، بەڵکو زیانی داهاتووشی بۆ بەکارهێنەرەکان دەبێت، وەک چۆن ئەوەی لە روسیا روویدا.

ئەوانەشی بەکاریدەهێنن گەورەترین تاوان ئەنجامدەدەن، گەورەترین مەترسیشە لەسەر خەڵکی سڤیل. لەداهاتوو چەندین جەنگ بە فیتی کۆمپانیاکانی بەکرێگیراوان و بە هاندانی ئەوان دروست دەبێت بۆ دەستکەوتی زیات، رەنگە ببێتە جەنگی نێوان ئەوان بۆ مۆنۆپۆلکردنی بازاڕی بەکرێگرتەیی، وەک چۆن جەنگ لەنێوان باندو مافیاکان دروستدەبێت. مەترسیش لەوەدایە گەر چەکی کۆمەڵکوژیان دەستکەوێت، وەک چۆن لە روسیا گەر بەردەوام ببونایە بۆ مۆسکو ئەو ئەگەرە لەئارادابوو. تاوانەکەش لەئەستۆی زلهێزەکانە.  داعش و هاوشێوەکانی هەر گروپی بەکڕیگرتەن، لەبەر ئەوەی زۆری چەکدارەکانی  سەرلێشێواو (مغامر)ن و بۆ دەستکەوت و سێکس دەیکەن و فڕیان بەهیچ ئاینێکەوە نیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار