لە ئێران کەرەستەکانی خوێندن 50% زیادیکردووە؛ زۆربەی منداڵان بێبەش دەبن لە خوێندنی ساڵی نوێ
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران، پرسی گرانبوونی پێداویستییەکانی خوێندن بووە بە باسی رۆژ چونکە داهاتی مامناوەندی مانگانەی خێزانێک هەشت ملیۆن تمەن (160 دۆلار)ە و تێچووی پێداویستییەکانی خوێندنی هەر مناڵێک زیاترە لە شەش ملیۆن تمەن (120 دۆلار).
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی تجارت نیوزی ئێرانی کە رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلولی 2023 بڵاوی کردووەتەوە، نرخی کەرەستەکانی خوێندن 50% زیادی کردووە، ئەمەش بارگرانی زۆر دروست ئەکات بۆ زۆربەی خێزانەکانی وڵاتەکە.
بەپێی ئەو راپرسییەی ماڵپەڕکە کردوویەتی، 53% قوتابیەکانی پارێزگای تاران بە پێ ئەچن بۆ قوتابخانە، لەبەرئەوەی تێچووی هاتووچۆ زیاتر لە 50% لە چاو ساڵی پێشوو زیادی کردووە.
لەم راپرسییەدا، قەڵەم و کاغەز و کەرەستەکانی خوێندن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، 50% گرانتر بوون و ئەم گرانبوونی تێچووی خوێندنە وا ئەکات مناڵان لە خوێندن داببڕێن، بەتایبەت مناڵانی خێزانە هەژار و کەم داهاتەکان.
لەسەر گرانی نرخەکان ماڵپەڕی دیدبان ایران لە راپۆرتێکدا چەند خێزانێکی ئێرانی دواندووە و دایکێک بەم جۆرە باس لە خەرجی کەرەستەکانی قوتابخانەی منداڵێکی دەکات: یەک ملیۆن تمەن (20 دۆلار)م دانابوو بۆ کڕینی کەرەستەکانی خوێندنی کچەکەم، توانیم بایی 800 هەزار تمەن (16 دۆلار) دەفتەر و 200 هەزار تمەن (چوار دۆلار) جاف بکڕم... کچەکەم ئەمساڵ پێویستی بە جانتا و پێڵاوی نوێ نەبوو، ئەگینا نەمدەزانی چی بکەم و چۆن بۆی بکڕم."
بەپێی راپۆررتەکەی (دیدبان ایران) بۆ ئەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنی منداڵێک ئامادە بکرێت، هەر لە پێڵاوی نوێ، جانتا و دەفتەر و قەڵەم و جاف و شتە پێویستییەکانەوە بگرە تا کتێبی خوێندن، خێزانێک زیاتر لە شەش ملیۆن تمەنی (120 دۆلار)ی پێویستە لەکاتێکدا موچەی مانگانەی کرێکارێک نزیکە لە حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەن (140 بۆ 160 دۆلار).
بە پێی ئەم راپۆرتە، لە ١٧ هەزار قوتابی لە پارێزگای " کەهکیلۆییە و بۆیەر ئەحمەد" نزیکەی سێ هەزار و 700 قوتابی توانای کڕینی کتێب و دەفتەر و جانتا و پێویستییەکانی تری خوێندنیان نییە و زۆربەیان واز لە خوێندن دەهێنن.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ایلنا) هەژاری و گرانی پێداویستییەکانی خوێندن، تەنگی بە بنەماڵەکان هەڵچنیوەو بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان مناڵەکانیان نانێرنە بەر خوێندن. ماڵپەڕەکە دەڵێت، زیاتر لە 911 هەزار منداڵ لە ئێران لە خوێندن دابڕاون، بەڵام ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردەی ئێران باس لەوە ئەکات نزیکەی ملیۆنێک منداڵ، بە هۆکاری هەژاری و هۆکارەکانیتر، لە خوێندن دابراون.