لە مانگێکدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران زیاتر لە 162 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەماوەی مانگێکدا و پێش ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی زیاتر لە 162 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردووە، ئەمەش بە مەبەستی رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە 23ی مانگی ئاب تا 22ی ئەیلولی 2023 (واتە مانگی خەرمانان) هێزە ئەمنییەکانی ئێران زیاتر لە 162 کەسیان  لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردووە.

مانگی خەرمانان هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی"  کە تێیدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان چەندین خەڵک و چالاکوانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرد.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەشێکیتر لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی :"لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، لانیکەم 162 هاوڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون."

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، "لە نێو دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگەدا شەش کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. هەروەها 14 هاوڵاتیی دەستبەسەرکراویش لەم ماوەیەدا ئازاد کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە."

بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران زیاتر لە 500 هاوڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات و پۆلیسی ئەمنی شارە جیاوازەکانەوە، بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکرا کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانەکاندا لە گردبوونەوەی جەماوەریدا بەشداری بکەن.

لە یەکەم ساڵیادی ژینا ئەمینی کە دەکاتە 16ی ئەیلولی 2023، ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی دەستگیرکرا و هێزە ئەمنییەکان نەیانهێشت بنەماڵەکەی رێرەوسمی ژینا لە گۆرستانی ئەیچی لە سەقز بکەنەوە و تا ئێستاش گۆڕشتانەکە گەمارۆدراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار