خوێندکارانی دوو زانکۆی هەرێم بە تەکنیکێکی نوێی چارەسەری شێرپەنجە ئاشنادەکرێن

2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زانکۆی سلێمانی و زانکۆی چەرموو بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری فیزیای پزیشکی "ئای سی تی پی" نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی زانستی تایبەت بە بواری "فیزیای پزیشکی" ڕێکخست، کە تێیدا پێشکەوتوترین تەکنیەکانی چارەسەری شێرپەنجە دەخرێتە ڕوو بۆ خوێندکارانی بەشە زانستیەکان.
کۆنفرانسی فیزیای پزیشکی کە لەماوەی چوار ڕۆژدا لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، مەبەست لێی بەرەوپێشبردن و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریە هەرە پێشکەوتووەکانە لەسەر چارەسەر لە رێگای ماددە تیشکدەرەکانەوە، تێێدا خوێندکارانی هەریەک لە بەشەکانی فیزیا، بایۆلۆجی، دەرمانسازی، پزیشکی، کیمیا بەشدار دەبن.
لەبارەی گرنگی کۆنفرانسەکەوە پڕۆفیسۆر خەرمان فەرەج بە هاوڵاتی وت، "یەکێک لەو بابەتانەی کە دوو رۆژی یەکەمی سکوڵەکەی بۆ تەرخان دەکرێت چارەسەرکردنە لەڕێگای نیوکڵیەر میدیسن کە یەکێکە لە بوارەکانی فیزیای پزیشکی کەوا باس لە بەکارهێنانی ماددە تیشک دەرەکان دەکات بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی شێرپەنجە."
هەروەها دکتۆر خەرمان وتیشی هەرچەندە لە یەک دوو نەخۆشخانەی تایبەت لە کوردستان تا ئاستێک لەم تەکنیکە بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەگشتی خوێندکارانی تایبەت بەو بوارە زانیاریەکی ئەوتۆیان نیە، ئامێرە پێشکەوتووەکان و سەنتەرێکی لەوجۆرەش لە کوردستان بوونی نیە، کە ئێستا یەکێکە لە هەرە بەربڵاوترین و پێشکەوتوترین ڕێگاکانی دەستنیشانی نەخۆشیەکانی شێرپەنجە.
فرمێسک ئەبوبەکر، خاوەنی پرۆژەکە و یەکێک لە رێکخەرانی سکوڵەکەیە لەبارەی ڕێکخستنی سکوڵێکی لەوجۆرە وتی، "نەبوون یاخود دەگمەنی ئەو پسپۆڕیە لە کوردستان، نەبوونی کادر و سەنتەری تایبەت لەبواری چارەسەرکردن لەڕیگەی ماددە تیشکدەرەکان بەتایبەت "نیوکڵیەر میدیسن" ، بێ ئاگایی خوێندکارەکانمان لەوبوارە، پاڵنەری سەرەکیم بوون بۆ ئەو کارە"
وتیشی، "ئەم بوارە لە هەموو ئەوروپا و جیهاندا لە لوتکەدایە، بەڵام لای ئێمە یان نییە یان دەگمەنە"
دکتۆر فرمێسک ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر ئەم چارەسەرییە لەکوردستان پەرەی پێ بدرێت وسەنتەری تایبەتی بۆ دابنرێت، ئەوا یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکان دەبێت لە بواری تەندروستی چونکە ئێستا نەخۆشێکی شێرپەنجە ناچارە گەر پێویستی بەو تەکنیکە بێت بچێتە وڵاتانی دیکە، ئەمەش لەبواری ئابوری زیان بە هەم بە حکومەت و هەم بەخەڵکیش دەگەێنێت.
بەکارهێنانی ماددە تیشک دەرەکان تەکنیکیکی پێشکەوتووترە وادەکات نەخۆشەکە بە زیانێکی کەمتر دەستنیشانی نەخۆشیەکەی بکرێت، لەکاتی چارەسەریشدا کەمترین خانەی لەشی نەخۆشەکە لەناو بچن. ئەمەش چونکە ئەم تەکنیکە بەهێزتر و پێشکەوترە لە توانای دەستنیشانی جۆری شێرپەنجەکەدا.
گوڵان ئازاد خوێندکاری فیزیایە لە زانکۆی سلێمانی لەبارەی گرنگی سکوڵەکەوە وتی، "ئەم کۆنفرانسانە گرنگیەکەی ئەوەیە هەم بە بواری پزیشکی و هەم بواری فیزیا باشتر ئاشنا دەبین. هەروەها دیدگایەکی نوێی لەبەردەم ئێمە کردەوە چونکە بەشەکەی ئێمە تاڕادەیەک شکاوە بەڵام ئەمە ورەی بەرزکردینەوە کە گرنگی بەشەکەی خۆمان زیاتر بۆ دەرکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی سەنتەریکی نێودەڵەتیش لەناو سکوڵەکەدا دەرفەتێکی گەورەترمان لەبەردەم دەکاتەوە لەداهاتوودا بۆئەوەی بتوانین خۆمان بەرەوپێش ببەین."
هاوکات گوڵان لەبارەی کەموکوڕیەکانی کۆنفرانسەکەوە باسی لەوە کرد، "بەڕاستی هەندێک لە خویندکارەکانمان کێشەی زمانیان هەیە کەڕەنگە بەباشی لەهەموو بابەتەکانی ناوەڕۆکی سیمینارەکان تینەگەیشتبن."
دکتۆر سکۆپیڵیتی فابریزیۆ، پزیشکێکی دەرمانسازی ئیتاڵیە کە یەکێکە لە بەشداربوانی کۆنفرانسەکە و خاوەنی پڕۆژەکە بە هاوڵاتی وت، "ئامانجمان گواستنەوە وئاڵوگۆرکردن، هەروەها بەرەوپێشبردنی تەکنیکی " نیوکڵیەر میدیسنە" لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە تەکنیکیکی نوێیە ئامانجممان ئەوەبوو کە بڵێین ئەم تەکنیکە هەیە و دەتواندرێت سودی لیوەربگیرێت."
لەبارەی ئاستی خوێندکارەکانیشەوە دکتۆر فابریزیۆ وتی، "خویندکارەکان ئاستیان زۆر باش بوو، پرسیارەکانیان گرنگ و بەرهەمداربوون، من سەرسام بووم پێیان، دەتوانن بەوکارە هەڵبستن و پەرە بەم بوارە بدەن."
تەکنیکی " نیوکڵیەر میدسن" کە ئەو ماددانەی تێدا بەکاردێت کەوا تیشک دەدەنەوە لە بواری چارەسەری و دەستنیشانی نەخۆشیەکانی شێرپەنجە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەهۆی بەهێزیەکەی و ئەو زیانە کەمەی هەیەتی گرنگیەکی زۆری پێ دەدرێت، لە ئیراقیش لە هەریەک لە بەغدا ونەجەف هەیە، بەڵام لە کوردستان وەک دکتۆر فرمێسک دەڵێت، بوونی نییە هەم لەبەرئەوەی تێچووەکەی زۆرە و نزیکەی " ١٠ ملیۆن دۆلارە" کەپێم وانیە ئەمەش بۆ حکومەتی هەرێم زۆربێت، هەروەها لەبەر ئەوەی مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەوێت چونکە ماددەی تیشکدەر بەکاردێت.
سکوڵەکە ماوەی چوا رۆژ بەردەوام دەبێت و لەکۆتاییدا هەریەک لە بەشداربوان بڕوانامەیان پێ دەدرێت.

