هاکان فیدان: هێرش دەکەینە سەر هەموو پێگەکانی پەکەکە و یەپەگە لە عێراق و سوریا؛ نابێت هیچ لایەنێک دەستوەردان بکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند هەرچی پێگەی پەکەکە و یەپەگە هەیە لە سوریا و عێراق ئامانجی تورکیایە بۆ هێرش و نابێت هیچ لایەنێک دەستوەردان لەو دۆخەدا بکەن، دەشڵێت، ئەو دوو کەسەی تەقینەوەکەیان لە نەقەرە ئەنجامدا لە سوریاوە هاتبوون.
لە رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023، تەقینەوەیەک لەبەردەم ئاسایشی گشتی تورکیا و نزیک لە پەرلەمان ئەنجامدرا کە دواتر پەکەکە بەرپرسیاڕییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. لەدوای ئەم هێرشەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی هەزار کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە دەستگیرکراون. تورکیا دوای هێرشەکە چەندین هێرشی ئاسمانیشی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
لەبارەی ئەو دوو کەسەی کە هێرشەکەیان لە ئەنقەرە ئەنجامدا، هاکان فیدان وتی هەردووکیان لە سوریاوە هاتوون.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، هەموو دامەزراوەیەکی وزە و ژێرخانی ئابوری کە لەژێر دەستی پەکەکە و یەپەگەن ئامانجی سەربازی ئەوانە.
هاکان فیدان دەشڵێت، "داوا دەکەیەن لایەنی سێیەم دوورکەونەوە لەو دامەزراوانەی کە لەژێر دەستی یەپەگە و پەکەکەدان، وەڵامی هێزە سەربازییەکانمان زۆر ورد دەبن."
ئەو وتانەی هاکان فیدان وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەمریکا کە هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە لە شەڕی داعش لە سوریا و هەماهەنگی لەنێوانیان هەیە. هەسەدە لەلایەن باڵی سەربازی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ەوە بەڕێوە دەبرێت کە تورکیا بە بەشێک لە پەکەکەی دەبینێت و دەڵێت رێکخراوێکی "تیرۆرستییە"، بەڵام ئەمریکا هەسەدە بە رێکخراوێکی "تیرۆرستی" ناونابات هەرچەندە پەکەکەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
وتەکانی هاکان فیدان هۆشدارییەکەیشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کە ئەنقەرە دەیەوێت هێرش بکات و لە چەند رۆژی رابردووشدا چەندین هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. تەنانەت ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی بوونی هەیە لەلایەن تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان.