مەزڵوم عەبدی: هێرشکەرەکانی ئەنقەرە لە هەرێمی ئێمەوە نەهاتوون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەڵامی وتەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و دەڵێت، هێرشکەرەکانی ئەنقەرە لە هەرێمەکەی ئەوانەوە نەچوونەتە تورکیا و حکومەتی تورکیا بۆ بەهانە دەگەڕێت تا رەوایەتی بە هێرشەکانی بدات و "ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی ئێمە" ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەرچی پێگەی پەکەکە و یەپەگە هەیە لە سوریا و عێراق ئامانجی تورکیایە بۆ هێرش و نابێت هیچ لایەنێک دەستوەردان لەو دۆخەدا بکەن و ئەو دوو کەسەی تەقینەوەکەیان لە نەقەرە ئەنجامدا لە سوریاوە هاتبوون.
لەسەر وتەکانی هاکان فیدان، مەزڵوم عەبدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت، "ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە لە هەرێمەکەی ئێمەوە تێنەپەڕیون وەک ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەڵێن و ئێمە بەشێک نین لە ململانێ ناوخۆییەکانی تورکیا و هانی توندوتیژیش نادەین."
فەرماندەی گشتی هەسەدە دەشلێت، "تورکیا بۆ بەهانە دەگەڕێت تا ڕەوایەتی بدات بە هێرشەکانی ئێستای بۆ سەر هەرێمەکەمان و نیگەرانین لەوەی کە دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی نوێ ئەنجام بدات."
لە قسەکانیدا هاکان فیدان باسی لەوە کرد، هەموو دامەزراوەیەکی وزە و ژێرخانی ئابوری کە لەژێر دەستی پەکەکە و یەپەگەن ئامانجی سەربازی ئەوانە، بەڵام مەزڵوم عەبدی دەڵێت، "هەڕەشە بۆ سەر ژێرخان، سەرچاوە ئابورییەکان و شارە پڕ دانیشتووانەکان تاوانی جەنگە و شتێکە کە پێشتر بینومانە."
فەرماندەی گشتی هەسەدە لە کۆتایی قسەکانیدا داوا لە لایەنی گەرەنتیکەری رێککەوتنەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "هەڵوێستی گونجاو بنوێنن سەبارەت بەم هەڕەشە دوبارەبوانە و زامنی ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمەکەدا بکەن."
لە رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023، تەقینەوەیەک لەبەردەم ئاسایشی گشتی تورکیا و نزیک لە پەرلەمان ئەنجامدرا کە دواتر پەکەکە بەرپرسیاڕییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. لەدوای ئەم هێرشەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی هەزار کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە دەستگیرکراون.