ئاهورامەزدا: خوای هەخامەنشییەکان
یەک ساڵ لەمەوپێش
دەشتی مەحمود
ئاهورامەزدا (پێشی دەگوترێت هۆرمەزد، ورموزد، هارزوو، سەروەر، یاخود ڕۆح) بەرزترین بووە لەئوستوورەناسی زەردەشتی و فارسە دێرینەکان، بەرلە مەسیحیەت بەناو کیشورەی ئاسیادا بڵاوبوویەوە و بنچینەی ئایینە یەکتاپەرستییەکان و بیرسای دوانەگەرییە. ئاهورامەزدا ئافڕێنەری گەردوون و شتەکانی ناوی بووە؛ خوای رووناکی و چاکە، ئەوەی ئاهورامەزدای لە خوایەکانی تری ئوستوورە جیا دەکردەوە تایبەتمەندییە تەواو باش و تەواو ژیرو زاناکەی بووە لەبەرانبەر خواکانی تردا کە دواتر ئەم دوو بەرەییەی باشەو خراپە بە توندی لەخودی ئایینەکە و ئایننەکانی دواتردا زەق دەبێتەوە.
وشەی مەزدا لە ئاڤێستاییدا ناوێکی مێینەیە و هەندێک پێیان وایە رەنگە لەوشەی مێدهاسی سانسکریتییەوە وەرگیرابێت کە بەواتای ژیری و حەکیمی دێت. وشەکە لەماوەی پاشایەتی فارسەکاندا پەرە دەسێنێت و دەگۆڕێت؛ لەسەرەتادا لەسەردەمی هەخامەنشییەکان وشەی ئاهورامەزدا بەکاربراوە؛ لەسەردەمی پارسیانەکاندا بە هۆرمەزد دەربڕاوە؛ دواجار لەحکومڕانی ساسانییەکاندا شێوەزاری ئۆهرمەزد بەکاربراوە.
ئاهورامەزدا وەکو هەموو خوایەکانی تر لەمیراتەکانی پیشخۆی وەرگیراوە و بەپێی پێویستی سیاق و کەلتووری ناوچەکەی خۆی دەستکاری کراوە. بۆ نموونە، ئوستوورەی ئافراندنی پارسییەکان بەتەواوی هاوشێوەیە لەگەڵ ئوستوورەناسی میزۆپۆتامیا بەتایبەت ئوستورەی ئافراندنی «ئینوما ئیلیش»ـی بابلییەکان. تەنانەت جڤاتی خواکان، پاڵەوان، ئەودنیا، و رێوڕەسمەکانیان هاوشێوەیی تێدایە. ئاهورامەزدا پێشووتر بەشێکی زۆری تایبەتمەندییەکانی خوای سۆمەری- بابلی ئانوناکی وەرگرتبوو بەو پێیەی لەهەڵکۆڵدراوەکانیشدا وەکو خوای ئافرێنەری رەگەزی مرۆڤایەتی -کە ئەمە تایبەتمەندی ئانوناکییە- دەردەکەوێت؛ هەڵگری هەمان تایبەتمەندییەکانی خوائاشورە بەتایبەت بەهەڵگرتنی پەپکەی خۆرەکە.
ئاهورامەزدا ئافرێنەری گەردوون و هەمووشت، جیهانی فیزیکی و رۆحی بە حەوت قۆناغ ئافراند. سەرەتا ئاسمان، ئاوو زەوی؛ دواتر رووەک، گای بەرایی واتە سەرچاوەی هەموو ئاژەڵەکانی تر؛ یەکەمین دووانەی مرۆڤ و لەکۆتاییدا ئاگر. لەمەش گرنگتر، ئاهورامەزدا دوانەی گەردوون دەئافرێنێت؛ ئەنگرا مایینو و سپێنتا ماینو. یەکەمیان رێبەری هێزی شەڕو وێرانکاریی و خراپەیەو نوێنەری هێزی ئەزەڵئاژاوەیە. دووەمیان هێزی چاکە و دادپەروەری و هەقە و نوێنەری نەزم و رێکخستنە. گەرچی ئاهورامەزدای زەردەشتییەکان وەکوو بنیاتنەری دوانەگەری، واتا دوانەی هێزی چاکەو خراپە سەیردەکرێت، بەڵام لەڕاستیدا دوانەگەری لەمیراتەکانی پێش زەردەشتی ئامادەیی هەیە؛ لە ئوستوورەناسی بابلییەکان (تیامات و مەردۆک)، ئەکەدییەکان (نینورتا و باڵندەی ئانزو)، ئۆگاریتییەکان (بەعل و یەم) تەنانەت جێی باسە لەهەموویان کۆنتر لەناو میسڕییەکاندا ئامادەیی هەیە؛ خواکانی ئەزەلئاژاوە دیارترینیان سێتە و خواکانی مەعت و نەزم دیارترینیان هۆرۆس و ئایزیس. ئەگەرچی تێگەیشتنی هەریەک لەم کلتوورە جیاوازانە بۆ هێزی ئەزەلئاژاوە و هێزی نەزم تەواو جیاوازە بەتایبەت لای میسرییەکان واتای تر هەڵدەگرێت و جیاواز لەدوانەگەرایی زەردەشتی کە بەجۆرێک مەبەست لێی پەراوێزخستنی کۆمەڵەیەکە لە خەڵکی و بەشەیتانیکردنیانەو جڵەوکردنی هەست وغەریزە سروشتییەکانی مرۆڤە.
لەئاڤێستادا، ئاگر، سیمبوڵ و توخمی بنەڕەتی ئاهورامەزدایە. ئاگر کوڕی ئاهورامەزدایە، ئەمەش ئەو بیرسایە رەتدەکاتەوە گوایە زەردەشتییەکان ئاگر دەپەرستن، نایپەرستن بەڵکو توخمێکی پیرۆزیانە. ئەم پیرۆزیەی ئاگر پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئاگر رووناکی دەهێنێت و لەسەرەتای ئافراندندا ئاهورامەزدا رووناکی هێناوە هەر بۆیە سەر سەکۆی پەرستگاکانیان بەئاگر ناودەبەن.
لەڕووی مێژووییەوە، سەرەتا خوا ئاهورامەزدا لەسەردەمی هەخامەنشییەکاندا لەسەردەستی کوروشی دووەم (٥٥٠-٣٣٠ پێش زایین) دەردەکەوێت، بەڵام لەدەستنووسەکانی پاشا هەخامەنشییەکاندا ئاهورامەزدا تەنیا ناوی خۆی دەردەکەوێت و ناوی زەردەشتی پێغەمبەر ئامادەیی نیە، بەجۆرێک وەها دەردەکەوێت، ئاهورامەزدا بەرانبەر مێخوا دەیڤاـدا دروستکراوە. سا، هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوانی فێرکارییەکانی زەردەشت و نووسینەکانی ئاهورامەزدای هەخامەنشی نییە، جگە لەجەختکردنەوەیان لەسەر ئەخلاق واتە چەمکی «ئاشا» کە لەزەردەشتیدا مانای لەسەر هەقبوون و هەقیقەت دێت. کەواتە، ئاهورامەزدا سەرەتا تەنیا یەکێکە لەنێو خواکانی تری ئایین و کەلتووری هندوئێرانی واتە یەزدانناسییەکی تاکخواییە و خوا زاڵەکەی نێو جڤاتی خواکانیانە.
دواتر یەکێک لەهەڵکۆڵدراوەکانی سەردەمی داریوشی یەکەم (٥٢٢-٤٨٦ پێش زایین)، نەقشی رۆستەم لە پێرپۆلیس، تێیدا ئاهورامەزدا وەک ئافرێنەری گەردوون، ئاسمان، زەوی و مرۆڤ و داریوشیش وەک پاشا دەنوێنێتەوە. بەناوبانگترین هەڵکۆڵدراوی سەردەمی داریوش کێوی بێستوونە لە ناوچەی کرماشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێیدا ئاهورامەزدا پشتیگیری سەرکەوتنەکەی داریوش بەسەر دوژمنەکانیدا دەکات کە بەهەرسێ زمانی فارسی کۆن، ئیلامی و ئەکەدی نوسراوە. هەروەها لەشانامەی کوردیشدا ناوی زەردەشت وەکوو سەروەر هاتووە.
دواجار، لەسەردەمی ساسانییەکانە لەسەر دەستی ئەردەشێری یەکەم (٢٢٤٠ - ٢٢١ پێش زایین) ئایینی زەردەشتی بە بەهێزی دەردەکەوێتەوە و دەبێت بەئایینی دەوڵەت و شوێنکەوتووانی ئایینەکانی تر بەلادەرو دەرچوو لەئایین دادەنرێن و سزا دەدرێن. بۆ ماوەیەک، ئاینی زەردەشتی زۆر بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئایینەکە لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە (٦٣٣- ٦٥١ زایین) زەردەشتییەکان سزادەدرێن و لەبەرانبەر پەرستنی ئاهورامەزدا باج و سەرانەیان دەخرێتە سەر، بەم هۆیەوە، بەشێکی زۆریان ئاینیان دەگۆرن و دەچنە سەر ئاینی ئیسلام و هەندێکیشیان بەرەو هندستان هەڵدێن. هەروەها، جێی سەرنجە دوابەدوای ئەمە بەهۆی داگیرکاری تورک و مەغۆلەکانیشەوە زیانیان بەردەکەوێت (سەدەی ١١ - ١٣زایین) و لەترسی کوشتاری تورکەکان لەشاخەکانی یەزدو کرمان نیشتەجێ دەبن.
پارسە دێرینەکان بەر لەوەی بەر ئایینی زەردەشتی و بەزەقی ئاهورامەزدا بکەون، خوای ئێرانۆ-ئاریانییەکانییان دەپەرست لەبەرانبەر ئایینی هندۆ-ئاریان، ئایینی زەردەشتی نەک ئایینی ئێرانۆ-ئارییاییەکانی لەهندۆ-ئاریارنی جیاکردەوە، بەڵکو سەرجەمی مرۆڤایەتی بەرەو یەکتاپەرستی رووت برد. پارسەکان، کۆمەڵێک لەئاریانەکان بوون لە ئاسیاوە هاتن بەرەو ئێران و لەگەڵ خۆیاندا باوەرەکەیشیان هێنایە ناو گەلانی ئێرانەوە. ئاهورامەزدا لە ئەدەبیاتی فارسیدا لەشێوەی پیاوێکی ریشن بەڕۆبێکی درێژی پڕ لەئەستێرەوە دەردەکەوێت. ئاهورامەزدا شەش فریشتەی گرنگ دەئافرێنێت تاوەکوو چاکە بەناو جیهاندا بڵاوبکەنەوە، لەگرنگترینیان ئاهسا ڤاهیشتا -فریشتەی ئاگر و رۆحی هەق-، ڤۆهو ماناه -سیمبۆلی خۆشەویستی و ژیری پیرۆز کەدەرگاوانی رۆحەکانە بۆ بەهەشت.
لەیەکێک لە گاتاکاندا ئاماژە بەئەوە دەکرێت، گوایە ئاهورامەزدا لەڕێی هزرینەوە گەردوونی ئافراندووە. ئەم قۆناغە لەمێژوودا ساتەوەختی ڕۆیشتن و گواستنەوەیە لەئاینی زەمینییەوە بۆ ئاینی ئاسمانی؛ لەبەرجەستەوە بۆ ئەبستراکت؛ لەچاندنی گژوگیاو گوڵپشکووکردن و کردە زەمینییەکانەوە بۆ وشەو کردە ئەبستراکتەکان، واتە لەکرانەوەو هەمەچەشنییەتییەوە بۆ تاکایەتی و تاقانەیی یەک کردەی ئەبستراکت، بەدەربڕینێکی تر لەمیتۆلۆژی سۆمەرییەوە بەرەو یەکتاپەرستی یەهوودی. هەر خۆیشی ئەم شێوە ئافراندنە ئەبستراکتە - بەبێ بەشداری هیچ هێزێکی سروشتی و رەنگدانەوەی دیاردە سروشتییەکان- گەلێک لەئافراندنی گەردوون دەچێت لەنەریتی یەهوودییەتدا کاتێک خوا لەرێی وشەوە گەردوون دەئافڕێنێت.
نەریتی ئیبراهیمی، بەهەمان شێوە لەبیرساکانی جەهەنەم و بەهەشت؛ پاداشت و سزا؛ رۆژی حەشر؛ رۆژی زیندووبوونەوەو هەستانەوە؛ و فریشتەو جنۆکە سودی لەئاینی زەردەشتی وەرگرتووە. هەرچی دەربارەی بیرۆکەی شەیتانە، راستە لەئوستوورەناسی کلتوورەکانی تریشدا بوونێکی لێکچوو بەشەیتان هەبووە بەڵام نەدوورخراوە و نە دەرکراو بووە بەڵکو نوێنەری هێزی شاراوەی تری گەردوون بووە. بەڵام دەربارەی زەردەشتییەکان، دەتوانین بگەینە ئەو دەرەنجامەی ئایدیای شەیتانیش بەهۆی ئەو جەختکردنەوە زۆرەی ئایینەکە لەچاکەو خراپە بەجۆرێک هەر لەگەڵ زەردەشتیدا پەیدا دەبێت و لەفۆرمە پیسترەکەیدا لە یەهوودییەتدا دەردەکەوێتەوە. هەر خۆی لەبنەڕەتدا ئایینی زەردەشتی لەسەر دوانیگەرایی چاکەو خراپە، خوای رووناکی و چاکە (سپێنتا مایونی ڕۆحی پیرۆز)و ئەهریمەن نوێنەری تاریکی و سەرجەم خراپەکان بونیاد بووە.