مەزڵوم عەبدی: لەماوەی سێ رۆژدا تورکیا زیاتر لە 145 پێگەی مەدەنی بۆردومانکردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند تورکیا لەماوەی سێ رۆژدا 145 شوێنی بەرێوبەری خۆسەری بۆردومانکردووە کە زۆربەیان پێگەی مەدەنین بۆ پەکخستنی ژیان لە ناوچەکەدا، دەشڵێت، لەنابردنی ئەم پێگانە "تاوانی جەنگە."
مەزڵوم عەبدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لەماوەی 72 کاتژمێردا تورکیا زیاتر لە 145 پێگەی سەلامەتی ئێمەی بۆردومان کردووە لەوانە وێستگەی کارەبا، ئاو، وزە و هەروەها نەخۆشخانە و قوتابخانەکان."
دوای تەقینەوەکەی یەکی ئەم مانگە لە ئەنقەرەی پایتەخت لەبەردەم ئاسایشی گشتی تورکیا، حکومەتی تورکیا دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی چری بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان. لەدوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشەکەی لەئەستۆگرت و تورکیا ئەمەی کردووەتە بیانوو بۆ هێرشکردنەسەر بەرێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوا.
بەرپرسانی تورکیا لە دوای هێرشەکە رایانگەیاند کە تەواوی ژێرخانی ئابوری و ستراتیجی ناوچەکە بەئامانج دەگرن بەهۆی ئەوەی کە ئەو دوو هێرشکارەکەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەیان ئەنجامدا لە سوریاوە هاتوون، هەرچەندە بەرپرسانی رۆژائاوای کوردستان رایانگەیاندووە کە ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەیڵێن راست نییە و ئەو دوو کەسە لە رۆژئاوای کوردستانەوە نەهاتوون.
فەرماندەی گشتی هەسەدە لە وتەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت، "هێرشەەکانی ئەم دواییەی تورکیا راستەوخۆ بەئامانجگرتنی هەوڵ و تواناکانی بەرێوبەری خۆسەرییە بەبیانوی سیاسیی بۆ پەکخستنی ژیانی مەدەنی، ئەم هێرشانە بەئامانجگرتنی هەوڵی کۆمەڵگە مەدەنی و رێکخراوەکانە کە دوای تێکشکانی داعش کاریان کردووە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری."
لەکۆتایی قسەکانیشیدا مەزڵوم عەبدی باسی لەوە دەکات، "لەناوبردنی ژێرخان تاوانی جەنگە و بابەتەکە لەوە کەمتر هەڵناگرێت."