پارێزەی خانەوادەی ژینا ئەمینی سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەرداسەپێنرا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دادگا ی تاران سزای ساڵێک زیندانی بەسەر پارێزەرەکەی دۆسیەی ژینا ئەمینیدا سەپاند.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند،"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکوومەت لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە، سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپێنرا.

نیکبەخت مانگی ئاداری 2023 لە دادگای تارانەوە بانگکرا و بە بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار کرا و لە دوو دانیشتنی دادگادا بەرگری لە خۆی کرد.

عەلی رەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەخت دەڵێت، لانی زۆری سزا بۆ ئەو تۆمەتە، یەک ساڵ بەندکردنە و دادگە ئەو سزایەی بەسەر بریگرتەکەیدا سەپاندووە و هیچ گرنگی بەو بەرگرییانە نەداوە لە دادگە خستوویانەتەڕوو.

رەزایی هەروەها دەڵێت، ساڵح نیکبەخت خواستی ئەوەی نییە تانە لە بڕیارەکە بدات، بەڵام ئەو وەکو پارێزەرەکەی ئەو کارە دەکات و داوا دەکات، سزاکە هەڵبوەشێندرێتەوە.

لەبارەی تۆمەتبارکردنیشی بە بانگەشەکردن دژی دەسەڵات دەڵێت، "ساڵح نیکبەخت لە دۆسیەی ژینا ئەمینیدا ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و کارێکی نایاسایی نەکردووە."

عەلی ڕەزایی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردۆتەوە دەقەکەی بەم شێوەیەیە:  «بە داخەوە دادگا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی من و بەڕێز نیکبەخت، قورسترین سزای ئەم تۆمەتەی بەسەر پارێزوانەکەمدا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکرانە».

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «دادگا لە حوکمەکەدا هەموو ئەو ٩ وتووێژەی ساڵح نیکبەخت کە وەزارەتی ئیتلاعات پشتی پێ بەستوون، وەکوو بەڵگەی تاوان لە قەڵەم داوە. ئەو وتووێژانە بریتین لە: ١. شیکردنەوەی دۆخی کۆڵبەران و کوشتنیان لە ئێراندا، ٢. بۆچوونی یاساناسانەی پارێزوانەکەم لەسەر دەنگۆی خنکاندنی پەناخوازە ئەفغانستانییەکان، ٣. ڕەخنەگرتن لە بڵاوکردنەوەی دانپیانانی زۆرەملێی تۆمەتبارانی سیاسی (ئەمنییەتی) لە تەلەڤیزیۆنەوە و بەرپرسایەتیی کاربەدەستانی حکومەت لە پاراستنی گیانی دەستبەسەرکراواندا لە تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵدا و وتووێژ کردن لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی بی‌بی‌سیی فارسیدا لەسەر: ١. بەیاننامەی سەرئاوەڵای پارێزەران، چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ٢. شیکردنەوەی هۆکارەکانی نەدانی مۆڵەتی شۆفیریی مۆتۆر بۆ ژنان کە ڕایگەیاندبوو ئەم کارە هیچ بنەمایەکی شەرعی و یاسایی نییە، ٣. شیکردنەوەی ڕەوتی ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ئێران (کەمال حەسەن ڕەمەزان) کە بە پارێزەریی بەڕێز نیکبەخت لە ئێعدام ڕزگاری بوو، هەروەها دیسانەوە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ فەردا لەسەر شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان. هەرهەموو ئەم وتووێژانە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٨ تا ١٤٠١ (٢٠١٩ تا ٢٠٢٢) واتە تا پێش خەرمانانی ١٤٠١ (سێپتامبەری ٢٠٢٢) ئەنجام دراون. ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە، پێداگرتنی شکاتکار و دادگاکەیە لەسەر تانەدانی پارێزوانەکەم لە بۆچوونی پزیشکیی داد. بەڕێز نیکبەخت بەپێی ئەرکی یاسایی خۆی تانەی لە بۆچوونی پزیشکیی داد وەکوو بۆچوونی پسپۆڕانە لە پرسی کوشتنی ژینا ئەمینیدا داوە و وتوویەتی لەبەر ئەوەی کە بۆچوونی پزیشکیی داد تەنها ڕێگای دۆزینەوەی حەقیقەتە [نەک خودی حەقیقەت]، وەکوو هەموو بۆچوونێکی پسپۆڕانەی دیکە، تەواوکراو و قەتعی نییە. هەروەها داوای کردبوو پرسی گیانبەختکردنی ژینا لە کۆمیسیۆنێکی دیکەدا لێکۆڵینەوەی دووبارەی بۆ بکرێت و بەو پێیەی کە پارێزەران و بنەماڵەی ژینا شارەزایی پێویستیان لە زانستی پزیشکیدا نییە، پێویستە لە دووهەم کۆمیسیۆنەکەدا ٥ کەس لەو ١٢ پزیشکە ناسراوەی ئێران کە لە لایەن بنەماڵەی ژیناوە دەستنیشان کراون، بەشداری بکەن و کۆمیسیۆنەکە بە ئامادەبوونی ئەم پزیشکانە لە ڕەوتی ڕووداوەکە و هۆکارەکانی مەرگی ژینا بکۆڵێتەوە، تاکوو ئەگەر پرسیارێک لە ئارادا بێت لە لایەن ئەم پزیشکانەوە بخرێتە بەردەست. ئەمە نە تاوانە و نە پارێزوانەکەم شتێک جیا لەمەی داوا کردووە. بە داخەوە دادسەرا و دادگای شۆڕشی ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی وتە یاساییەکانی بەڕێز نیکبەخت، وتووێژەکەی بەڕێزیانی لەگەڵ ڕۆژنامەی «ئێعتماد»دا سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی وەکوو یەکێک لە بەڵگەکان بۆ سەلماندنی تاوانی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە قەڵەم داوە و لەبەر ئەم وتووێژانە سزایان بە سەر بەڕێز نیکبەختدا سەپاندووە».

"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری یاسایی تەمەن ٧٢ ساڵ زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە چەندین دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ گرتووە. 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار