سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل بۆ ئـێران: وەڵامی قورس لەلایەن ئیسرائیلەوە دەبینن

11 مانگ لەمەوپێش



ئا: رادیۆ فەردا

لەفارسییەوە: هاوڵاتی

هێرشی کوتوپڕی هەفتەی رابردووەی حەماس و دەرئەنجامی ئەو هێرشە، جەنگی ئیسرائیل و حەماس، کە پەرچەکرداری زۆری لە ناوچەکەو دونیا لێکەوتەوە، کاریگەریشی دروست کردووە لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی ئیسرائیل.

دەرکەوتەی ئەم کاریگەری دانانە، پێکهێنانی کابینەی یەکێتی نەتەوەییە بەبەشداری ژمارەیەک لەئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگری دەوڵەتی بێنیامین ناتانیاهۆ. جگە لەمە لەم ماوەیەدا و دوای دەستپێکی جەنگ، کۆمەڵێک رەخنە هاتووەتەسەر دەوڵەت لەسەر ئاستی ئامادەیی دەوڵەت و سوپای ئیسرائیل بەوەی ئامادەییان نەبووە کە هێرش کراوەتە سەریان.

پرسی جۆرو ئاستی پشتیوانی ئێران لەحەماس لەم هێرشەدا، یەکێکی ترە لەپرس و بابەتە گرنگ و رۆژەڤەکانی میدیاکان لەهەفتەی رابردوودا.

ژمارەیەک لەم پرسانە لەگەڵ ئۆهۆد ئۆلمیرت سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، لەم وتووێژەدا هاتۆتە بەرباس و راو بۆچوونی لەم بارەوە وەرگیراوە.

سەرۆک وەزیرانی پێشتری ئیسرائیل لەم وتووێژە کە لەگەڵ رادیۆ فەردا کراوە، وەڵاپی پرسیارەکانی پەیامنێری رادیۆ فەردا دەداتەوە دەربارەی هێرشی حەماس و پەرچەکرداری ئیسرائیل و لای وایە حەماس بەبێ پشتیوانی ئێران نەیدەتوانی وەها چالاکییەک بکات، بەڵام ئیسرائیل وەڵامی توندی دەبێت بۆ ئەو هێرشەی حەماس.

رادیۆ فەردا: سوپاست دەکەم بەوەی کاتی خۆتان پێمان بەخشیوە. لەئێرانەوە دەستپێبکەین. تۆ پێشتر « حەماس و حزبوڵڵای لوبنان»ت وەک « باسکی درێژکراوەی ئێران» لەباشوورو باکووری ئیسرائیل ناوبردووە. لات وایە هێرشی ئەم دواییانەی حەماس، بەئاماژەی تاران بووە؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: تۆ ئەزانی ئێمە پێش ئەم تاوانەی حەماس، ئاگامان لێ نەبوو کەوەها پلانێکیان هەیە. کە وایە ئەگەر لووتبەرزانە بانگەشەی ئەوە بکەین جگە لەوەی دەزانین چۆن ئەم کارەیان کردووە، بەڵکو تەنانەت دەشزانین کێ ئاماژەی پێداون و هێرشەکە چۆن کراوە، تاڕادەیەک زێدەڕۆیی دەکرێت.

ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە ئەو لایەنەی کە رێپیشاندەری حەماسە، پارەو چەک و چۆڵ دەدات پێیان، ئێرانە.

ئەم هێرشە، چالاکییەکی زۆر گەورە بوو کە دەکرێ دەرئەنجامی زۆر بەرفراوانی ببێت، زۆر بەرفراوانتر لەناوچەی غەزە. کەوایە لام وایە، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران دەستی بووبێت لەپلاندانانی ئەم هێرشەدا. جا ئەوەی ئێران مۆڵەتی دابێت ئەم هێرشە لەم کاتە دیاریکراوەدا بکرێت، یان نا. نازانرێت. بەڵام هیچ گومانێکم نییە بەبێ پشتیوانی ئێران، حەماس ناتوانێت وەها هێرشێک بکات. نە پارەی ئەم هێرشەی هەیە، نە چەک و چۆڵ، نە پشتیوانی لۆجستیکی هەیە بۆ جێبەجێکردنی وەها هێرشێک، کەئەمانە زۆر گرنگ و پێویستن.

بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرزنرخاندنی ئەم هێرشەو پیرۆزبایی پێ وتنی ئەم هێرشە لەلایەن ئیرانەوە کەوەک سەرکەوتن بۆ حەماس چاوی لێدەکات، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی، زۆر زوو و بەشێوەی ئاشکرا رایگەیاند ئەم چالاکییە، کاری خودی گرووپە فەلەستینییەکان بووە. لەڕاستیدا رەنگە بەجۆرێک هەوڵیدابێت بەم پەیامە، کۆماری ئیسلامی دووربخاتەوە لەم هێرشە. لەلایەکی ترەوە هەندێ لەلێکدانەوە ئەمریکاییەکان ئاماژەن بەوە ئێرانییەکان بێئاگابوون لەم هێرشە.

ئەوی راستی بێت من جۆرێکی تر بیر دەکەمەوە. لام وایە ئەمریکا لەگۆشە نیگایەکی ترەوە- هەڵبەت تێدەگەم لەمەبەستیان- بۆ بابەتەکە دەڕوانێت، دەیەوێت پرسەکە لەم ناوچەیەدا سنووردار بکات و بەر بەئەگەرەکانی تەشەنەسەندنی بگرێت، شتێک کەڕەنگە دەرئەنجامی زۆرترو جددیتری بۆ کۆی ناوچەکە لێبکەوێتەوە.

کەوایە باشترین کار کەئەمریکییەکان دەیانتوانی بیکەن ئەوەبوو کەهێزەکانیان بگوازنەوە بۆ سنوورەکانی نزیک ئیسرائیل و لوبنان و لەسەر ئەو باوەڕەم، بەم شێوەیە ئەو پەیامەیان گەیاندە حزبوڵڵا و ئێران کەئێمە لێرەین و ئەگەر پێویست بکات لەبەرامبەر هەر کەسدا کە بیەوێت بێتە ئەم جەنگەوە دەوەستینەوەو بێدەنگ نابین.

لەلایەکی ترەوە، هەموو هەوڵیان ئەوەیە تا ئەو جێگەی بۆیان دەکرێت دۆخەکە ئارام بکەنەوە. کەوایە دەبێ بەپێی ئەو دۆخەی هەیە ئەو قسانە تەفسیر بکرێن و تێگەیشتنمان بۆی هەبێت.

رادیۆ فەردا: گریمان، ئیسرائیل یان هاوپەیمانەکانیان کۆمەڵێک بەڵگەیان دەستبکەویت کەئەوە بخاتەڕوو ئێران راستەوخۆ لەم هێرشەدا دەستی بووە، ئاخۆ ئێسرائیل دەبێ لەگەڵ ئێران بچێتە جەنگەوە؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وانییە پێویست بکات ئیسرائیل راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بچێتە جەنگەوە. لام وا نییە ئەم کارە لەبەرژەوەندی ئیسرائیلدا بێت. تەنها دەتوانم بڵێم ئەمریکاییەکان هاوکارمانن بەوەی بتوانین قەیرانەکە لەباری فیزیکییەوە لەناوچەیەکی بچووکتردا سنووردار بکەین، واتە ئیسرائیل و غەزە، وا نەبێت کە بەربڵاوتر بێت.

لەلایەکی ترەوە ناکریت ئەم راستییە لەبەرچاو نەگرین بەبێ پشتیوانی ئێران، حزبوڵڵاو حەماس، لانیکەم توانا، چەک و چۆڵ، کەرەستە و پارەی پێویستیان نییە بۆ وەها هێرشێکی گەورە.

ساڵی ٢٠٠٦، ئەو دەمەی سەرۆکوەزیران بووی، دەبوایە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی جەنگی دووهەمی حزبوڵڵا رووبەڕوو بایەتی، جەنگێک کەوەک یەکەم جەنگی نوێنەرایەتیکردنی ئێران و ئیسرائیل دەناسرا. هەرچەن لایەنەکانی ئەو جەنگە، لەم جەنگەی ئێستا زۆر بچووکتر بوو، بەڵام بوو بەهۆی ئەوەی بەوە تۆمەتبار بکرێی کە بەخراپە کارگێڕی جەنگت کردووە. ئەودەم، تۆ باست لەئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کردبوو...

یەکەم ئەوەی ئەو رووداوە ١٧ ساڵ لەوە پێشبوو. دووهەم ئەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئێستا زۆر جیاواز بوو، لاموایە ئێمە بەڕاستی هیچکات نەماندەویست راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بچینە جەنگەوە. ئەودەم هێرشمان کردەسەر حزبوڵڵا، لەڕاستییدا ئەمە وەڵامی ئێمەبوو بۆ هێرشەکانی ئەوان. ئەوان ئاڵەنگارییەکیان لەبەردەممان دانا. سەربازە ئیسرائیلییەکانیان دزی. هەشت سەربازی ئیسرائیلیان لەسەرسنوور و لەناو خاکی ئیسرائیل کوشت. کەوایە چارەیەکمان نەبوو، ئەبوایە کارێکمان کردبا.

بەڵام ئیسرائیل زۆر بەتوندی وەڵامیدانەوە، کە لام وابوو وای لەحزبوڵڵاو لەپلەی یەکەمدا ئێران کرد، واز لەوە بهێنن کارێکی زیاتر بکەن و بیر لەهەنگاویتر بکەنەوە. ئەمە راستییەکە حزبوڵڵا لە ١٧ ساڵی رابردوودا، تەنانەت یەکجاریش نەبووە فیشەکێک ئاراستەی سنوورەکانی ئیسرائیل بکات، لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی دروستبووە، تەنها تەقەی لەدامەزراوە سەربازییەکان کردووە. زۆر وریابوون و ئاگایان لەوە بووە تەقە لەناوەند یان تاکە مەدەنی و ناسەربازییەکان نەکەن، لەبەرئەوەی ئەوان دەزانن دەستبەجێ و زۆر بەتوندی لەلایەن ئیسرائیلەوە وەڵام دەدرێنەوە.

کەوایە ئەو وەڵامەی ئێمە لە ٢٠٠٦، تەنها پەیامێک نەبوو بۆ حزبوڵڵا، بەڵکو بۆ ئێرانیش بوو.

رادیۆ فەردا: وەک وتت، ١٧ ساڵ تێپەڕیوە، ئێستا هێرشی حەماس، زۆر کەس و لایەنی لەکون و قوژبنی دونیا- تەنانەت لەخودی ئیسرائیلش- شۆک کردووە. ئاسان نییە بڕوا بکرێت بەوەی وەها رووداوێک لەبەر لووتی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرایل روویداوە. لات وایە کێشەکە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: خۆزگە دەمزانی. دڵنیانیم وەڵامەکەی بزانم. لام وایە هێشتا زووە. بەڵام شتێک بەتەواوی روون و ئاشکرایە، ئەویش ئەوەیە شکستمان هێناوە. مەبەستم ئەوەیە لەباری سەربازییەوە شکستمان هێناوە. خەڵک بەوپەڕی بوێرییەوە دەجەنگن. ئەو کەسە مەدەنیانەی کە لەناو ئەم هێرشەدا گیریان کردبوو، وەها جەنگان و وەستانەوە کە دەبێ لەمێژووی ئیسرائیلدا تۆمار بکرێت. زۆر کەس مردن. زیاتر لەهەزارو ٤٠٠ کەس بوون بەقوربانی.

ئەستەمە بڕوا بەمە بکرێت و بەبێ ئەوەی هەڵەیەک کرابێت و شکستێکی سەربازی روویدابێت، ئەمە رووبدات. بەڵام دەبارەی خودی ئەم هەڵەیە، ئەوەی کەچۆن ئاگامان لێی نەبووە، یان ئەوەی چۆن نەمانتوانیوە نیشانەیەک لەجووڵەکانی حەماس ببینین و بەدروستی تەفسیری بکەی، ئەمە ئەو شتەیە دەبێ لێی بکۆڵینەوە.

شتێک کەئێستا دەتوانین بیڵێین ئەوەیە، زۆر لووتبەرز بووین. تواناکانی حەماسمان بەکەم زانی. لامان وابوو، دەی باشە چییان لەدەست دێت؟ جا چییان هەیە؟ جا ئەوێرن تەنانەت بیر لەوەبکەنەوە باشووری ئیسرائیل داگیربکەن؟ ئەویش لەبەرامبەر ئیسرائیلی بەهێزدا. لام وایە ئەمە جۆرێک لێکدانەوەی هەڵە بوو بەهۆی خۆبەزلزانین و لووتبەرزی بێ جێی ئێمەوە.

بەڵام ئەم هەڵانە نابن بەوەی دەرئەنجامی کۆتایی ئەم جەنگە دیاری بکەن. ئەنجامی ئەم جەنگە زۆر قورس و خوێناوی دەبێت بۆ حەماس. هەموو شوێن دەگەڕێین. ژێر دانە بەدانەی بیناکانی غەزە دەپشکنین و رێبەرەکانی حەماس دەدۆزینەوە. ئەمەم لێوەربگرن. یەک بەیەکیان دەگرین. گومانتان نەبێت .

رادیۆ فەردا: هەر دوێنێ، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا ناسەرکەوتوو بووە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییەکانی.

ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وانییە لەباری سیستەمی زانیاری و موخابەراتەوە کێشەیەکمان ببێت. مەبەستم ئەوەیە لەباری تەکنیکی یان سایبێرییەوە کێشەیەکمان ببێت. ئێمە دەستمان بەهەموو شوێن رادەگات. نەک تەنها لەغەزە، بەڵکو تا دڵی ئێران، وڵاتانی ترو تەنانەت دڵی حزبوڵڵا، دەستمان بەهەموو شوێن رادەگات. بەڵام وەک چۆن پێم وتی، خۆبەزلزانین و بەکەم زانینی دژومن وایکرد تووشی کێشە بین. ئەویش بەناخۆشترین و تراژیترین شێوە.

رادیۆ فەردا: ژمارەیەک لەلێکۆڵەران لەسەر ئەو باوەڕەن، دروستکردنی شارۆچکە جوو نشینەکان، کێڵگە هاوبەشەکان، یان رێکخستنی کۆنسیرت لەنزیک سنوورەکانی غەزە، کارێکی هەڵەیەو تەنانەت هاندەریشە بۆ حەماس. رای تۆ چییە؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: کێشەکە لێرە جیاوازە. یەکەم ئەوەی سەرجەم ئەم شارۆچکە جوو نشینانە، زۆر پێشتر لەپاشەکشەی ئێمە لەغەزە، هەر بوونیان هەبووە، ساڵانێکی پێشتر. بۆ وێنە کێڵکەی هاوبەشی ( بێئری) کە لەم هێرشەدا زۆرترین زیانی بەرکەوت، ساڵی ١٩٤٦ دروستکرداوە، لەدۆخێکی تەواو جیاوازدا.

وانییە. نزیکبوونی فیزیکی بەعەرەب و فەلەستینییەکان، خۆی لەخۆیدا، کێشەی نییە، بەو مەرجەی ئەوان شەڕخواز نەبن و بەدوای جەنگەوە نەبن. ئەگەر بەدوای جەنگیشەوە بن و شەڕخواز بن، ئێمە دەبێ ئەوەنە بەهێزبین بتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین. هیچ پاساوێک نییە بەوەی بتوانین بەهەموو هێزمانەوە بەرگری لەو شتانە بکەین. دەبێ بەباشی لێکۆڵینەوە بکرێت دەربارەی ئەو شتەی روویداوە.

بەڵام کاتێک باسی نزیکی بەغەزە دەکرێت، دەی خۆی نزیک بە دوو میلیۆن هاووڵاتی عەرەب لەناو سنوورەکانی ئیسرائیلدان. دووری ئیسرائیل لەگەڵ سنوورەکانی کەرتی رۆژئاوا، زۆر کەمترە لەمەودای ئیسرائیل لەگەڵ غەزە، دەی خۆ دانیشتوانی کەرتی رۆژئاواش فەلەستینین. بەڵام بەپێچەوانەی حەماس و غەزە بەدوای ئەوەوە نین کردەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

کەوایە هیچکام لەم فاکتەرانە، وەڵامێک نین بۆ ئەم دۆخە. ئێمە باسی رێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعش، ئەلقاعیدەو تاڵیبان دەکەین. ئەم رێکخراوانە، هیچ پەیوەندییەکیان بە اشتی لەگەڵ دیترانەوە نییە. نایانەوێ سازش و وتووێژ بکەن. تەنها دەیانەوێ تێکی بشکێنن، سەرببڕن، دەستدرێژی بکەن، تاوان بکەن. هەر ئەو کارەی لەئەفغانستان، پاکستان و ئێران کردیان. ئیستا دەیانەوێ ئەمکارە لێرە بکەن. تەنها جیاوازییەکەی ئەوەیە لێرە وەڵامێکیان پێدەدرێتەوە تێکیان دەشکێنێت، لەناویان دەبات. دڵنیات دەکەمەوە وایە.

رادیۆ فەردا: رات چییە لەسەر دەوڵەتی یەکێتی نەتەوەیی و کابینەی دۆخی ناکاوو کوتووپڕ؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وایە یەکگرتنی ئەم دوو دەوڵەتەو ئەندامیەتی گانتێزو ئایزنکۆت، دوو کەس لەفەرماندە باڵاکانی پێشتری سوپا، وەڵامێکە بۆ خواستێکی پۆپۆلیستی. ئیسرائیلییەکان و لەڕاستییدا خەڵک لەهەموو شوێن، نەک تەنها ئیسرائیل، جۆرێک ناوەندگەرایی هێزیان پێ خۆشە، لەبەرئەوەی هەستێکی باشتریان پێدەبەخشێت.

من لام وانییە ئەم دەوڵەتە کەڵکێکی ئەوتۆی ببێت. لام وایە ئەوان لەدەرەوەی دەوڵەتیشەوە ئەگەر پێویست بکات دەتوانن راوێژ بەسەرۆک وەزیران بدەن. لاموایە پێکهاتنی ئەم دەوڵەتە رەنگە ببێت بەهۆی ئەوەی چاوەڕوانییەکان زۆر زیاتر بباتەسەر لەپەیوەند لەگەڵ چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل. ئەودەم ئەگەر وەڵامی چاوەڕوانییەکانی خەڵک نەدرێتەوە، رەنگە دەرئەنجامی زۆر قورستری هەبێت لەسەر کۆمەڵگاو دەروونی خەڵک.

رادیۆ فەردا: رات چییە دەربارەی ستراتیژی نوێی دەوڵەت؟ مەبەستم گەمارۆی تەواوی غەزەیەو ئەوەی کەدەوڵەتی ناتانیاهۆ باس لەوەدەکات دەیانەوێ حەماس بەتەواوی لەناو ببەن و رێبەرەکانیان بکوژن و رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دابڕێژن. لات وایە وەها بانگەشەیەک جێبەجێ دەکرێت و گونجاوە، یان تەنها قسەی سیاسین؟ هاوڕای لەگەڵ سەرۆک وەزیران ناتانیاهۆ؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: سەرەتا ئەوە بڵێم، من هیچکات نەموتووە سەرجەم ئەندامانی حەماس دەکوژین و ئەم رێکخراوەیە بەتەواوەتی لەناودەبەین. من وام نەوتووە. بەو شێوەیە بیرم نەکردووەتەوەو لام وانەبووەو نییە کەدەکرێت ئەم کارە بکرێت.

ناتانیاهۆ ئەم قسانە دەکات، ئەوەیش دەرئەنجامی دەستەوەستانبوون و شکستی ئەوە. ئەوەیش بەهۆی شۆک و گوشارێکەوەیە کە نەک تەنها لەلایەن رای گشتی ئیسرائیلەوە، بەڵکو بەتایبەت لەلایەن ژمارەیەک لەپشتیوانەکانیەوە لەسەریەتی. ناتانیاهۆ ساڵی ٢٠٠٩ کە بوو بەسەرۆکوەزیران، بانگەشەی ئەوەی کرد گرنگترین کاری ئەوە دەبێت کەحەماس لەناوببات، بەڵام بەکردەوە هاوکاری حەماسی کرد. ئەویش بە بەهای تێکچوونی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و رێکخراوی فەلەستینی بەڕێبەری مەحمود عەباس.

کە وایە لام وایە قسەی لەمجۆرە، کۆمەڵێک بانگەشەن کە دەبن بەهۆی ئەوەی چاوەڕوانییەکان بچنە سەرەوە، زۆر ئەستەمە جێبەجێ بکرێن. لام وانییە پێویست ناکات بوترێت هەموو شت لەناودەبەین. دەبێ ئەوەی پێویستە و لەدەستمان دێت جێبەجێی بکەین. ئەویش بەباشترین شێوەو بەکەمترین تێچووەوە بۆ ئیسرائیل. لام وانییە وەها قسەکردنێک بەهێزترین کەرەستە بێت کە لەبەردەستمانە. بەهێزترین کەرەستە و ئامرازی بەردەستمان، بوێری و بەهێزی ئەرتەشەکەمانە.

رادیۆ فەردا: پرسی چارەنووسی بەبارمتەگیراوەکان، لەئێستادا یەکێکە لەو باسانەی زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت. ئاخۆ سیناریۆیەک هاوشێوەی ئاڵوگۆڕی گیلعاد شەلیت(1) لەئارادایە؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: نازانم چی بڵێم. لەبەرئەوەی لاموایە دۆسیەی گیلعاد شەلیت، هەڵەیەکی گەورە بوو لەباڵاترین ئاستی ئاسایشی نەتەوەییدا روویدا. هەڵەیەک کە رەنگە تۆوی ئەو کارەساتە بێت کە لەتشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ روویدا. لەبەرئەوەی سەرجەم رێبەرانی ئێستای حەماس، لەلایەن ناتانیاهۆوە وەک بەشێک لەو رێکەوتنە ئازادکران.

ئەودەم باس باسی سەربازێکی ئیسرائیلی بوو. ئێستا خەریکین باسی نزیک بە ١٥٠ بارمتەگیراو دەکەین. چیرۆکەکە زۆر جیاوازە. نازانم چی بڵێم و تەنانەت ئەگەر ئایدیایەکیشم هەبێت باشتر وایە بەشێوەی ئاشکراو گشتی باسی نەکەم و لەشوێنی خۆی، بەبێدەنگ، لەپشتی پەردەوە، هەر کارێک پێویست بێت بیکەم. نەک ئەوەی هەندێ قسە بکەم کە ببێت بەهۆی هاندانیان، ئەو قسانەی کە لەوەها دۆخێکدا دەکرێن.

رادیۆ فەردا: رات چییە لەسەر داهاتووی ناتانیاهۆ؟ دەتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت، یان ئەم رووداوانە کۆتایی کاری ئەوە؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: ناتانیاهۆ تەواو بووەو بووە بەبەشێک لەمێژوو. لەئێستادا بەشێوەی فەرمی سەرۆک وەزیرانە، بەڵام کاتی ئەوەیە بڕوات، دەرفەتێکی کەمی لەبەردەمە.

رادیۆ فەردا: لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانی تۆدا، نزیک ببوونەوە لەڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ مەحمود عەباس، بۆ جێبەجێکردنی رێگاچارەی دوو وڵات. دەکرێ بڵێین ئەمە هی دوو دەیە لەوەپێش بوو. ئێستاش باوەڕت بەو رێگەچارەیە هەیە؟ لات وایە ئەگەرێک هەیە بەوەی جێبەجێ بکرێت؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: هیچ جێگرەوەیەکی تر بۆ رێگاچارەی بوونی دوو وڵات، بوونی نییە. من ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ ئەبوو مازن هەیە. هەڵبەت مەبەستم ئەم رۆژانەی دوایی نییە، بەڵام تا ئەم دواییانە هەر پەیوەندییەکی بەردەوامم لەگەڵی هەبوو. ئامانجمان داڕشتنی بەرنامەیەکە لەسەر بنەمای ئەو شتەی کەساڵی ٢٠٠٨ پێشنیارم کردبوو. ئەو شتەی کە لام وایە بەلای هەردوو لایەنەوە پەسەندکراوە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی روویداوە، وەک ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەک باس بکرێت. لەبەرئەوەی ئێستا رێکخراوی فەلەستینی و مەحموود عەباس، ئەو دەرفەتەیان لەبەردەمە رووخسارێکی جیاواز لەفەلەستینییەکان بخەنەڕوو و نیشانی بدەن. هیچ بژاردەیەکی تر نییە جگە لەوەی دوو وڵات بوونیان هەبێت.

رادیۆ فەردا: هیچ پەیامێکی راستەوخۆت هەیە بۆ حکومەت و خەڵکی ئێران؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: لام وایە تەنها پەیامێک کە دەتوانم بۆ ئەوانم هەبێت ئەوەیە نالۆژیکیانە ئەو کارتانەی بەدەستانەوەیە بەکاری مەهێنن. شەممەی رابردوو سەرکەوتنێکتان هەبوو. بەڵام ئێستا وەڵامی قورس دەبینن لەلایەن ئیسرائیلەوە. دۆخەکە لەوەی کەهەیە خراپتر مەکەن. لەبەرئەوەی ئەنجامێکی زۆر خراپ و تراژیک و خوێناوی دەبێت بۆ هەرکەس کە بیەوێت دۆخەکە خراپتر بکات.

رادیۆ فەردا: ئەی بۆ خەڵک؟

ئۆهۆد ئۆلمیرت: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ خەڵکی ئێران نەبووەو نییە. زۆرن ئەو ئێرانیانەی پشتیوانی لەخەڵکی ئیسرائیل دەکەن و ئەو دەمەش جووە ئێرانییەکان هێشتا لەوە ئەژیان، پەیوەندییەکی زۆر باشیان پێکەوە هەبووە. ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێران لەجەنگدا نین. جەنگ و شەڕی ئێمە لەگەڵ ئایەتوڵڵاکانە، لەگەڵ ئیسلامگەراو توندڕەوەکانی ناوخۆی ئێرانە. بەدڵنیاییەوە خەڵکی ئێران جیاوازن.

رادیۆ فەردا: ئۆهۆد ئۆڵمێرت، زۆر سوپاس بەو کاتەی کەپێت بەخشین.

1-(گیلعاد شەلیت): رۆژنامەنووسی وەرزشیو پلەی عەریفی هەبوو لەسوپای ئیسرائیل، ٢٥/٦/٢٠٠٦ لەنزیک سنوورەکانی غەزە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراو دوای ٥ ساڵ زیندانی بوون بەرامبەر بەئازادکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل ١٠٢٧ زیندانیی فەلەستینی ئازاد کرد

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار