بزوتنەوەی گۆڕان: لە زوترین کاتدا لە داهاتی ناوخۆ مووچەی مامۆستایان دابەش بکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بزوتنەوەی گۆڕان پشتگیری خۆی بۆ مامۆستایان دەربڕی و رایگەیاند پێویستە وەزارەتی پەروەردە لە ریزبەندی مووچە بخرێتە پلەی یەکەم و لە داهاتی ناوخۆ مووچەی مامۆستایان دابەش بکرێت، دەشڵێت، "پشتگیری لە رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەین."

ئەمڕۆ شەممە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک تاووتوێکرا کە گرنگترینیان رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، نارەزایی مامۆستایان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەکە بوو. 

لە راگەیەدنراوێکدا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی خستەڕوو کە تێیدا پشتگیری خۆی بۆ مامۆستایان راگەیاند و دەڵێت، "لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان بکرێت لەو داهاتی ناوخۆیەی بەردەستە، هاوکاتیش لە ڕیزبەندی پێدانی موچەی وەزارەتەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە بخرێتە ڕیزبەندی یەکەم" 

دەقی راگەیەندراوەکەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان: 

‎ئەمڕۆ شەممە (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا.

‎ئەجێندای کۆبونەوەکە، چەند تەوەرێکی لەخۆگرتبو، یەکەم: تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و ئیداری هەرێم و عێراق، بەتایبەت کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و، ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن، دوەم: خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان، سێیەم: دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و دوایین قۆناغەکانی خۆڕێکخستنەوە و سەرپێخستنی پرۆسەى ئاشتەوایی.

‎پەیوەست بە دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، کۆبونەوەکە پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان هەردولا کرد، بەتایبەت کە دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بکرێت، لەبارەی خۆپیشاندان و چالاکیەکانی مامۆستایانیش، جگە لە پشتیوانی لە داواکاری و دابینکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران، بە پێویستزانرا حکومەتی هەرێم و وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان خواست و داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکەن، بەشێوەیەک لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان بکرێت لەو داهاتی ناوخۆیەی بەردەستە، هاوکاتیش لە ڕیزبەندی پێدانی موچەی وەزارەتەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە بخرێتە ڕیزبەندی یەکەم، هەمو ئەم هەنگاوە کرداریانەش لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم کەرتی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمدا.

‎لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جڤاتی نیشتیمانی جەختی کردەوە، لە بۆشایی دامەزراوەکانی حکومڕانی و پەرلەماندا، هەڵبژاردن بووەتە پێویستی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم و نوێکردنەوەی ڕەوایەتی و سەقامگیری سیاسیی، لەوچوارچێوەیەدا دوایین هەنگاوە کردارییەکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن گفتوگۆ و تاوتوێکران.

‎لە کۆتایدا، جڤاتی نیشتمانی هەڵوەستەی کرد لەسەر ئەو پڕۆژە و ڕوانین و بۆچونانەی بەشێک لە کارەکتەر و هاوڕێیانی دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان خستویانەتەڕوو، لەو بارەیەوە دروستکردنی ڕوانگەی هاوبەش و تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و بەیەکەوەبڕیاردان بۆ بەهێزکردنەوەی بەرەی گۆڕانکاری کرایە ئەولەویەت، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بە کراوەیی هێڵرایەوە بۆ تەواوکردنی ئەرکە ڕێکخراوەییەکان و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ئەمساڵدا و بەیەکەوە کارکردن بەمەبەستی بەخۆداچونەوەی گوتاری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەهێزکردنی بەرەیەکی سیاسیی، کە وەڵامدەرەوەی پێداویستی و داخوازییە سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان بێت.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار