سوپای ئیسرائیل ئامادەی ئۆپەراسیۆنە بەڵام حکومەت دوایدەخات

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نزیک دەبێتەوە لەسێ هەفتە کە تانک و سەربازەکانی ئیسرائیل لەسنوری غەززە چاوەڕێن، ئەرکی ئەوان وەک دیاریکراوە داگیرکردنی کەرتی غەززەو لەناوبردنی توانستی سەربازی حەماس و نەهێشتنی دەسەڵاتیەتی.

دوای زیاتر لەدوو هەفتە لەئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکەی بزوتنەوەی حەماس کەتێیدا هەزارو ٤٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٢١٠ بارمتەش گیران، بەشێکی زۆر لەخەڵکی ئیسرائیل پرسیاری ئەوەیان لا دروست بووە ئاخۆ حکومەتی وڵاتەکەیان چاوەڕێی چییە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەڕاپۆرتێکدا ئەوەی ئاشکراکرد کەواشنتن فشار لە تەلئەبیب دەکات هێرشە زەمینییەکەی بۆ سەر غەززە دوابخات تاکاتی زیاتر بدرێت بەدەستەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاترو گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە، هەروەها بۆ گەیشتنی کەلوپەلی سەربازی زیاتری ئەمریکا بۆ ناوچەکە.

میدیاکانی ئیسرائیل پڕە لە راپۆرت و شیکاری لەسەر ناکۆکی و ئەو خاڵە جیاوازییانەی هەیە لەناو حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی لەگەڵ سوپای وڵاتەکە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەمێژە خۆی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە سەرکێشی سەربازی مەترسیدارەو لەئێستاشدا بڕیاری نەداوە کەئایا کەی بڕیاری هێرش دەدات.

رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە راپۆرتێکیدا ئەوەی ئاشکراکردووە کەسوپای ئیسرائیل پێیوایە بۆ ئەوەی ئامانجی حکومەتی وڵات بەدەستبهێنیت لەجەنگی دژی حەماسدا دەبێت سوپا بەزووترین کات ئۆپەراسیۆنەکەی دەستپێبکات.

ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی سەرەکی جەنگەکە تێکشکان و لەناوبردنی ژێرخانی حەماسەو سوورە لەسەر ئەوەی بزوتنەوەکە لەناوبەرێت دوای هێرشەکەی حەوتی ئەم مانگە.

لەدوای هێرشەکەوە ئیسرائیل بەچڕی دەستی بە بۆردومانی غەززە کردووەو بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، تائێستا زیاتر لەپێنج هەزار کەس لەغەززە کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش بریندارن.

رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لەڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کەسوپای ئیسرائیل ئەوەی بەحکومەتی وڵاتەکە راگەیاندووە کە بەتەواوی ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی لەکەرتی غەززەو بڕوای وایە کەئەو ئامانجە بەدیدەهێنێت کە بۆی دیاریکراوە، تەنانەت لەسەر حسابی قوربانییەکی زۆری سەربازەکانی و لەسەروبەندی هێرشەکانی حزبوڵای لوبنانی لەباکوری وڵاتەکەوە.

بەڵام سوپای ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە حکومەت هەرگیز فەرمانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە نەدات یان بۆ ماوەی زۆر دوایبخات.

لە راپۆرتەکەی تایمز ئۆف ئیسرائیل هاتووە کە سەبارەت بەبارمتەکان، سوپای وڵاتەکە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن لەسەروبەندی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەدا. بەپێی راپۆرتەکە، سوپای ئیسرائیل نیگەرانی ئەوەیە  کە تازیاتر حەماس بارمەتە ئازاد بکات سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکە ئۆپەراسیۆنەکە دوابخەن.

لەشەوی هەیینی رابردوو حەماس دوو بارمتەی ئەمریکی رزگارکردو دواتریش لەدووشەممەی رابردوو دوو بارمتەی تری ئازادکرد. بەپێی هەندێک راپۆرتی میدیا جیهانییەکان ئەم هەنگاوەی حەماس بووەتە هۆی دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکە، بەڵام سوپای ئیسرائیل پێیوایە ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامبدرێت ئەوا حەماس زیاتر فشاری دەکەوێتەسەر کە بارمەتەی زیاتر ئازاد بکات.

بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لەئیسرائیل نەکردووە کە کۆتایی بەئۆپەراسیۆنەکە بهێنێت، بەڵکو ئامۆژگاری ئەوەی داوە کەچاوەڕێ بکات و واشنتن بەتەواوی پشتگیری ئیسرائیل دەکات لەئامانجەکەیدا کە لەناوبردنی حەماسە.

لەسەر سنوری غەززە، جەنەڕاڵ هێرزی هالڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لەنوێترین لیدوانیدا ئەوەی ئاشکراکرد کەسوپا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەو بەهۆی هەندێ هۆکاری ستراتیجی ئەنجامدانی دواکەوتووە، دەشڵێت کە هێرشەکەی حەماس «واقیعی ئێمەی گۆڕی».

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هالڤی وتی کە حەماس «پەشیمانە» لەو هیرشەی کردی بۆ سەر ئیسرائیل و «سوپا ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی و لەگەڵ سەرکردەی سیاسی وڵات بڕیار لەچوارچێوەو ساتی قۆناغی داهاتوو دەدەین».

«ئەوەی لە ٧ی تشرینی یەکەم روویدا هەرگیز لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتەوە رووینەداوە، بۆیە پێویستی بەگۆڕانکاری بناغەیی هەیە لەواقیعی ئەمنیماندا، ئەوە باجی دەبێت لەوانەش دریژخایەنی جەنگەکە».

بەپێی راپرسییەکەی رێکخراوی ئیسرائیل دیموکراسی، لەدوای هێرشەکەی حەماسەوە متمانە بەحکومەتی ئیسرائیل لەنیو خەڵکی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەجۆرێک کە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا شتی وا رووینەداوە. راپرسییەکە بەشێوەیەکە کەتەنها لەسەدا 28%ی هاووڵاتیانی جوولەکە و عەرەبە ئیسرائیلییەکان متمانەیان بەکابینەکەی بنیامین ناتانیاهۆ هەیە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس لە ٧ی ئەم مانگە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکی تریدا ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتێکدا کە بەشێک لەخەڵکی ئیسرائیل داوی ئەوە دەکەن ئۆپەراسیۆنەکە زوو ئەنجام بدرێت، بەڵام بەشێکی تر داوای ئەوە دەکەن پەلە نەکرێت و ژیانی سەربازان بەهەند وەربگیرێت بەشێوەیەک کەکاتی زیاتر بدرێت بەهێزی ئاسمانی تا تونێلەکانی حەماس لەناوببات و سەربازی ئیسرائیلی بەئاسانی بچنە ناو غەززەوە.

بەشێک لەو شیکەرەوانە پێیانوایە کەئەوە مانای ئەوەیە کە رەنگە هەرگیز ئۆپەراسیۆنەکە نەکرێت چونکە زۆر مەحاڵە کە تونێلەکان تەنها لەڕێی هیزی ئاسمانییەوە لەناوببرێن بەوپێیەی ئیسرائیل چەندین ساڵە بۆردومانی غەززە دەکات و نەیتوانیوە تونێلەکان لەناوببات تەنها بەشێکی کەمیان نەبێت کەنزیک دەبنەوە لە ٣٢ تونێل.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئیسرائیل ئەم کاتەی بەکارهێناوە تا زیاتر زانیاری هەوڵگری کۆبکاتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی حەماس بکات کە لەخاکی ئیسرائیلدا گیراون، بەڵام مەترسی لەم دواخستنەش بوونی هەیە.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێک رەنگە ئیسرائیل پشتگیری نێودەوڵەتی کەمببێتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە بەهۆی ئەوەی کە رۆژ بەڕۆژ ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین زیاد دەکات و قەیرانی مرۆیش لەغەززە تادێت خراپتر دەبێت.

لەسەر دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە، ئیمانیۆل ناهشۆن، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل لەوەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە بەسکای نیوزی بەریتانی راگەیاندووە کەکارێکی «خراپ نییە» بەهۆی ئەو قەیرانەی کەدروستبووە لەسەر بارمەتەکان.

ئەو دیپلۆماتکارە ئیسرائیلیە دەڵێت، هێرشەکەی حەماس ئامانج لێی تۆقاندنی خەڵکی ئیسرائیل و پەلەقاژەکردنی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی وڵاتەکە بوو تاخێرا سەرباز بنێرنە نێو غەززەوە.

ئەمەش وایدەکرد کەسوپای ئیسرائیل «بکەوتایەتە هەموو ئەو تەڵەو داوانەوە کە حەماس بەوردی دایڕشتبوو»، بەرپرسەکەی ئیسرائیل وادەڵێت.

ناهشۆن پێیوایە ئەو کاتەی کەچاوەڕێیان کردووە «خراپ نەبووە» چونکە کاتی پێویستیان هەبووە لەدۆخەکە تێبگەن و وریابن. بەرپرسەکەی ئیسرائیل دەشڵێت سوپای وڵاتەکە کاتی خۆی بۆ ئامادەکاری وەردەگرێت هەروەک چۆن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کاتی خۆی وەرگرت بۆ هێرشکردنەسەر رێکخراوە تیرۆریستییەکە.

«شتێکی خراپ نییە ئەگەر کاتی خۆت وەرگریت بەتایبەتی ئەگەر کاتێک بارمتە لەبابەتەکەدا هەبێت»، ناهشۆن وات وت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار