بارمتەکانی دەستی حەماس چارەنووسیان بەکوێ دەگات؟

"مامەڵەی چەکدارەکان زۆر دۆستانە بوو، بیریان لەهەمووشتێک کردبووەوە، تەنانەت پاکوخاوێنی ژنانەش"

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی کەتیبەی قەسام، لقی سەربازی حەماس، رۆژی سێشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم رایگەیاند دوو بارمتەیان ئازاد کردووە کە دوو ژنی بەتەمەنی ئیسرائیلین.

ئەبو عوبەیدە وتەبێژی قەسام  وتی،  «ئەو دوو ژنە بەنێوەندگیری قەتەرو میسرو وەک کارێکی مرۆڤدۆستانە ئازاد کراون، ئێمە بڕیارماندا  لەبەر دۆخی تەندروستی دوو ژنە ئازاد بکەین، هەرچەندە دوژمن ئامادە نەبوو رۆژی هەینی رابردوو ئەم دوو کەسە وەربگرێتەوە».

کەناڵی ١٢ی تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل لەمبارەیەوە ئەڵێت، «ئەم دوو کەسە، پیرو بەساڵاچوون و بنەماڵەکەیان ئاگادار کراونەتەوە کەئازادکراون».

بەپێی راپۆرتی رادیۆ فەردا، ئەو دوو بارمتە ئازادکراوە ناویان یۆخباد لیفشیتس تەمەن ٨٥ ساڵ و نۆریت کۆپەر تەمەن ٨٠ ساڵن. ئەمە لەکاتێکدایە عوددەد لیفشیتس، هاوسەری یۆخباد لیفشیتس، یەکێکی تر لەو کەسە بەتەمەنانەیە کە لەلایەن حەماسەوە بەبارمتە گیراوەو سەرەڕای تەمەنی زۆری ئازاد نەکراوە.

بەپێی هەواڵی کەناڵی ١٣ی تەلەفیزیۆنی ئوسترالیا، عوددەد لیفشیتس، تەمەن ٨٦ ساڵ، رۆژنامەنووسێکی چەپە کە لە رۆژنامەی (داوار) دەینووسی و بەدرێژایی دەیان ساڵ پشتیوانی لەفەلەستینییەکان دەکرد.

دوای ئازادبوونی، یۆخباد لیفیشیتس لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەبیب باسی لە ئەزمونی خۆی کرد لەوکاتەی بارمتە بووە لای چەکدارانی حەماس و وتی کە لەسەرەتاوە کاتێک گیراوە ئازاری دراوە، بەڵام بەشێوەیکی گشتی مامەڵەی باشی لەگەڵ کراوە.

«مامەڵەی چەکدارەکان زۆر دۆستانە بوو، بیریان لەهەمووشتێک کردبووەوە، تەنانەت پاکوخاوێنی ژنانەش، کەگەیشتینە ئەوێ، پێیان وتین ئەوان بڕوادارن بەقورئان و ئازاری کەس نادەن، هەروەها ئێمە رێک وەک ئەوان دەژیاین لەتونێلەکاندا»، لیفیشیتس وای وت.

هاوکات رۆژی هەینی ٢٠ی تشرینی یەکەم، کەتائیبی قەسام بەنێوەندگیری قەتەر دوو هاوڵاتی ئەمریکی کە لەهێرشی ٧ی تشرینی یەکەم رفێندرابوون، ئازاد کران.

یەهوودیت رەعنان ژنێکی تەمەن ٥٩ ساڵ و کچەکەی بەناوی ناتالی، دوو هاووڵاتی ئەمریکی بوون، کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران. ئازادکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە ئەمریکییە لەلایەن جۆبایدنەوە پێشوازی لێکراو بایدن سوپاسی دەوڵەتی قەتەری کرد بەوەی نێوەندگیری کردووە بۆ ئازادی ئەم دایک و کچە و خوازیاری ئەوە بوو سەرجەم بارمتەگیراوەکان ئازاد بکرێن.

هاوکات ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا وتی، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بەوەی هاووڵاتیانی فەرەنسی ئازاد بکرێن.

چەند کەس بارمتەن لەلای حەماس؟

زۆرجار زانیاری دژ بەیەک دەدرێت لەسەر ژمارەی ئەو کەسانەی لای حەماس بارمتەن. نە حەماس خۆی زانیاری دروست دەدا بەدەستەوەو نە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان زانیارییەکانیان وەک یەکە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی کانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە ١٩ی تشرینی یەکەم، لەزاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە رایگەیاند وا دەخەمڵێندرێت ٢٠٠ کەس لەلایەن حەماسەوە رفێندرابێتن، ٣٠ کەسیان مناڵ و تازەلاون، ٢٠ کەسیان بەساڵاچوون و تەمەنیان سەرووی ٦٠ ساڵە. حکومەتی ئیسرائیلش خۆی دەڵێت ژمارەی بارمەتەکان ٢١٠ کەسن.

لەهەمانکاتدا حەماس باس لەوە ئەکات ٢٠٠ کەسی وەک بارمتە لەلایە و ٥٠ کەسی تریش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ترەوە بەدیل گیراون. حەماس باس لەوە دەکات بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەزە ٢٠ کەس لەو کەسانەی بەبارمتە گیراون کوژراون. بەڵام زانیاری تری لەم بارەوە بڵاونەکردووەتەوە.

بارمتە گیراوەکان خەڵکی کوێن؟

ئەو کەسانەی بەبارمتە گیراون هاووڵاتی وڵاتانی جیاوازن، دەیان وڵات ئێستا نیگەرانی هاووڵاتییەکانی خۆیانن کە بەشی زۆریان لەکۆنسێرتێکی مۆسیقادا گیران. هەرچەند زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی بە بارمتە گیراون هاووڵاتی ئیسرائیلین، بەڵام بارمتە گیراوەکان سەر بەنەتەوەی جیاوازن.

ئەمریکا

جەیک سەلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رۆژی سێشەممەی رابردوو، ١٧ی تشرینی یەکەم، رایگەیاند لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی ئەمریکی لەشەوی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلەوە بێسەروشوێنن، بەڵام نازانرێت چەند کەسیان دیلی دەستی حەماسن. جەیم ریش ، سێناتۆری کۆماریخواز هەر ئەو رۆژە بەمیدیاکانی راگەیاند ١٠ کەس لەو کەسانەی لای حەماس دیلن، هاووڵاتی ئەمریکین. دواتر راگەیەندرا ١٢ کەس لەئەندامانی بنەماڵەی رەعنان، کەرۆژی هەیینی دایک و کچێکیان لێ ئازادکرا، لەلایەن حەماسەوە لەهێرشەکەدا رفێندراون. هێشتا ١٠ کەسی تر لەئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لای حەماس دەستبەسەرن.

تایلەند

تایلەند رایگەندووە ١٧ هاووڵاتی ئەو وڵاتە لەناو بارمتەگیراوەکاندان. بەشی زۆری هاووڵاتیانی تایلەندی کە بەدیل گیراون کرێکارن و وەک کرێکار کاریان کردووەو لەکاتی دیلگرتنیشیان خەریکی کاری خزمەتگوزاری ئەو کۆنسیرتی مۆسیقایە بوون کە بەڕێوەدەچوو.

ئەڵمانیا

رۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەم،  وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند کە هەشت هاووڵاتی ئەو وڵاتە کەژمارەیەکی زۆریان لەکیبۆتسێکدا بوون، بەبارمتە گیراون.

ئەرجەنتین

رۆژی پێنجشەممە ١٩ی تشرینی یەکەم، ئالبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆک کۆماری ئەرجەنتین رایگەیاند ١٦ هاووڵاتی ئەرجەنتینی کە بۆ سەفەر لەئیسرائیل بوون لە رۆژی هێرشەکەی حەماسدا لەلایەن حەماسەوە بەبارمتە گیراون.

بەریتانیا

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوو رۆژ دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، رایگەیاند لەو هێرشەدا لانیکەم نۆ هاوڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون و حەوت کەس بێسەروشوێنن کەپێدەچێت لەناو بارمتەکاندا بن

فەرەنسا

فەرەنسا تائێستا بەڕوونی ئاشکرای نەکردووە چەند کەس لەهاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەلایەن حەماسەوە رفێندراون و بەبارمتە گیراون. بەپێی زانیارییەکان حەوت هاوڵاتی فەرەنسی کە لەکۆنسێرتەکەدا ئامادە بوون بێسەروشوێنن و گومان دەکرێت لای حەماس بارمتە بن.

هۆڵەندا

دەوڵەتی هۆڵەندا رایگەیاندووە هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە، ئۆفیر ئێنگێڵ، تەمەن ١٨ ساڵ، لەکیبۆتسێک لەئیسرائیل رفێندراوەو گوێزراوەتەوە بۆ غەزە.

پورتوگال

چوار هاووڵاتی پورتوگالی- ئیسرائیلی کە لەئیسرائیل بوون و لەڕۆژی هێرشەکەدا لەکۆنسێرتەکە بەشداربوون  بێسەروشوێنن و گومان دەکرێت ئەو چوارهاووڵاتییە پورتوگالییە بارمتە بن.

شیلی و ئیسپانیا

بەپێی زانیارییەکان هاووڵاتیەکی شیلی- ئیسرائیلی بەناوی دافنێ گارکۆڤیچ و هاژینەکەی کەخەڵکی ئیسپانیایە، دیلی دەستی حەماسن.

ئیتاڵیا

ئیتاڵیا رایگەیاندووە  دوو هاووڵاتی ئیتاڵی- ئیسرائیلی لەدوای هێرشەکە بێسەروشوێنن و پێدەچێت لەناو بارمتەکاندا بن.

حەماس و بەشی سەربازی حەماس، دەربارەی ئەو کەسانەی کەهاووڵاتی وڵاتانی ترن و لەو هێرشەدا رفێندراون، رۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم رایگەیاند ئەوانە  میوانن و هەرکات دۆخی سەر زەوی گونجاو بێت، ئازاد دەکرێن.

بارمتەکان لەکوێن؟

ئەوەی کەبارمتەکان لەکوێ دەستبەسەرن خۆی بووە بەجێی پرسیار، ئاخۆ لەچ دۆخێکدان بووە بەجێی نیگەرانی بنەماڵەکانیان و وڵاتانی رۆژئاوایی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ خوازیاری ئەوەن بارمتەگیراوەکان ببینن، بەڵام تائێستا حەماس مۆڵەتی دیداری پێنەداون.

حەماس هەوڵی ئەوەیە نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە، بەتایبەت سەبارەت بەو کەسانەی هاووڵاتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکین.

بەڵام دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لیفیشیتس، بەشێک لەو گومانانە رەوینەوە بەهۆی ئەوەی بەوردی باسی لەدۆخی بارمتەکان کرد.

ژنە تەمەن ٨٥ ساڵەکە سەرەتای دەستگیرکردنی باس کردو وتی، «خەڵکێکی زۆر هاتنە ناو ماڵەکانمان، فەرقی گەنج و پیریان نەکرد، زۆر ناخۆش بوو. ئێمەیان گواستەوە بۆ تونێلەکان، چەندین کیلۆمەترمان بڕی لەقوڕاودا. سیستمێکی گەورەی تونێل هەبوو، وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە».

هەروەها لیفیشیتس باسی لەوەکرد کە بەردەوام پزیشکیان بۆ ناردوون بۆ ئەوەی ئاگاداریان بن و رفێنەرەکان مامەڵەیان زۆر باش و مرۆڤدۆستانە بووە. «لەسەر سیسەم دەخەوتین، ئەوان جەختیان لەوە دەکردەوە هەموو شتێک پاکوخاوێن  بێت، جەختیشیان دەکردەوە کە نەخۆش نەکەوین، هەر دوو رۆژ یان سێ رۆژ جارێک دکتۆر سەردانی دەکردین».

هەفتەی رابروو حەماس ڤیدیۆیەکی بڵاوکرەوە کە لەو ڤیدیۆیەدا، پەرەستارەکان خەریکی چارەسەرکردنی برینی باڵی پەرەستارێکی ٢١ ساڵەی فەرەنسی- ئیسرائیلین بەناوی میا شام. ئەم پەرەستارە فەرەنسی- ئیسرائیلییە لەمیوانییەکدا بەدیل گیراوە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوە دەکەن تائێستا زانیاری تەواویان لەسەر شوێنی دەستبەسەربوونی بارمتەو دیلەکان لەبەردەستدا نییە.

بەرپرسانی فەرمی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن رەنگە زۆربەی زۆری دیلەکان لەتۆنێلەکاندا کە لەژێر زەوی لێدراون دەسبەسەربن، ئەو شوێنەی کەئیسرائیلییەکان پێی دەڵێن میترۆی غەزە. ئاژنسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەچاوەیەکی ئاگاداری حەماسەوە، کەنەیویستووە ناوی ببرێت نووسیویەتی :» بارمتەکان لای ئێمە پارێزراون، ئەوان کارتێکی گرنگن بەدەستمانەوە بۆ پاراستی خەڵکەکەی خۆمان، ئیسرائیلییەکان پێویستە لەپێناو پاراستنی کەسانی خۆشیاندا بێت هێرشەکانیان رابگرن».

هەڵوێستی وڵاتەکان دەربارەی بارمتەکان

بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گال هێرش، جەنەراڵێکی خانەنشینکراوی راسپاردووە بەوەی زانیاری تەواو دەبارەی بارمتەکان و ونبووەکان کۆبکاتەوەو سەرپەرشتی هەموو کارەکان بکات بۆ رزگارکردنیان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، قەتەرییەکان هەوڵیان ئەوەیە نێوەندگیری بکەن بۆ ئازادکردنی ئەو ژن و منداڵانەی کەدیلی دەستی حەماسن لەبەرامبەردا ٣٦ ژن و منداڵی فەلەستینی کە لەزیندانەکانی ئیسرائیلدان ئازادبکرێن. تائێستا دەرنەکەوتووە ئاخۆ ئەم ئاڵوگۆڕی دیلە سەردەگرێت یان ناو پێناچێت بەمنزیکانە رووبدات.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەم رایگەیاند ئەنقەرە لەگفتۆگۆدایە لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بیانییەکان، مەدەنییەکان و مناڵان. هاکان فیدان  بەئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی رایگەیاندووە، ئەمریکا و ئەڵمانیا داوایان لەتورکیا کردووە یارمەتیان بدات بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکانیان.

جۆبایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەربارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانەی کەدیلی دەستی حەماسن رایگەیاند، ئەمریکا هەموو هەوڵی خۆی دەدات بەوەی هاووڵاتیانی لەدەست حەماس رزگار بکات. واشنتن گرووپێکی بچووک لەشارەزایانی چالاکییە تایبەتەکانی ناردووەتە ئیسرائیل بەوەی هاوکاری رێکخراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکەن و پلان دابنێن بۆ ئازادکردنی دیلەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار