وەزیری دەرەوەی لوبنان: ئیسرائیل دەیەوێت ئێمەش بباتە ناو جەنگەکەوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی لوبنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی بی بی سی ڕایگەیاند، حیزبوڵڵا لوبنانییە و لایەنێکی کاریگەری ڕوداوەکانی ئەم دواییەیە و هیچ کات  هەڕەشەی لە ئیسرائیل نەکردووە "ئەوە ئیسرائیلە دەیەوێت ئێمە لە شەڕ تێوەبگلێنێت" و باس لە پەیوەندییەکانی ئێران بە حیزبوڵڵاو حەماسەوە دەکات.

لەدوای هێرشەکەی حەوتی مانگی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانە لە لایەن ئەو وڵاتەوە دەستی پێکرد و بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زیاتر لە هەشت هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کاردانەوەی چیاوازی لێکەوتۆتەوە. لەم پەیوەندەدا ئیسرائیل ئێران تاوانبار دەکات بە پڕچەککردنی حەماس و حیزبووڵای لوبنانیش بە هێرشکردنە سەریان.

لەم بارەیەوە عەبدوڵلا بووحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پڕۆگرامی "Hard Talk " لە کەناڵی BBC باس لە پەیوەندییەکانی ئێران و حەماس لەگەڵ بەشداریکردنی حیزبووڵڵای لوبنان لە جەنگەکەدا دەکات.

لە چاوپێکەوتنەکەدا وەزیری دەرەوەی لوبنان دەڵێت، " حیزبوڵڵا هیچکات هەڕەشەی لە ئیسرائیل نەکردووە" و حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵڵا دوای زیاتر لە ٣ هەفتە لە دەستپێکی جەنگ، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، تا ئێستە هیچی نەوتووە، رێبەرانیتری حیزبوڵڵا ئارام قسە ئەکەن، ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین ئەوە ئیسرائیلە کۆمەڵێک کێشە و ئاژاوەی لە سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێمە دروستکردووە".

 وتیشی، "حیزبوڵڵا جەنگی ناوێت و نایەوێت بچێتە جەنگەوە، مەگەر ئەوەی غەزە بچێتە دۆخێکی تراژیک و زۆر خراپەوە، یان ئەوەی ئیسرائیل لە دۆخێکی خراپدا هێرش بکاتە سەرمان".

سەبارەت بەو ناوچانەی لەم ماوەیەدا لە لایەن حیزبوڵڵاوە هێرشدەکرێتە سەریان عەبدوڵڵا بوو حەبیب دەڵێت،"کۆمەلێک ناوچە لە باشووری رۆژئاوای لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە. حیزبوڵڵا ئەم ناوچانەی کردۆتە ئامانج."

دەشڵێت، "بەو شێوەیە نییە خاکی ئیسرائیلی کردبێتە ئامانج. کەوایە خاکەکەی ئێمە داگیرکراوە. ئەو دەمەی ساڵی ٢٠٠٠ ئیسرائیل کشایەوە، ئەو ناوچەیە وەک ناوچەی کێشەلەسەر مایەوەو ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین داگیرکراوەو ئیسرائیل ئەبێ ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵێت.زۆرجار داوامان لێکردوون لەو ناوچەیە بچنە دەرەوە."

 

پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ حیزبوڵڵا و حەماس:

 

وەزیری دەرەوەی لوبنان بە ئاماژە بە دیداری خۆی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەربارەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت:" ئێرانییەکان ئاگادار نەبوون حەماس دەیەوێت هێرش بکات، بەڵام تاران لەگەڵ حەماس لە پەیوەندیدایە و وەزیری دەرەوەی ئێران وتوویەتی حەماس ئەتوانێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، بۆ چەند مانگ بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بوەستێتەوە. ئەمە ئەو شتەیە کە وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وتم و ئەمە بەو مانایە کەس نایەوێت بەرەیەکیتری جەنگ لە باشووری لوبنان بکرێتەوە."

دەربارەی پەیوەندی و یارمەتی گەیاندنی ئێرانییەکان بە حیزبوڵڵای لوبنان، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە وتووێژ لەگەڵ بەرنامەی Hard talk وتی :" بەڵێ، ئێرانییەکان یارمەتی حیزبوڵڵا ئەدەن و چەک و چۆڵیان پێئەدەن، ئێمە ئاگاداری ئەم بابەتەین. کۆمەڵێک وڵات هەن دژی ئیسرائیلن. بەڵام سەرەنجام پرسی سەرەکی ئەو فەلەستینیانەن کە ٧٥ ساڵە چاوەڕێن رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆزەکەیان بدۆزرێتەوەو نەدۆزراوەتەوە یان ئەوەیە جێبەجێ نەکراوە. ئێمە ئەبێ رەگی کێشەکان ببینین. کێشەکە لە رەگەوە ئەو دەمە چارەسەر ئەبێت وڵاتی فەلەستی بە پێێ بڕیاری ساڵی ١٩٤٧ی نەتەوە یەکگرتووەکان دابمەزرێت".

وەزیری دەرەوەی لوبنان باس لەوە ئەکات کە حیزبوڵڵا، حێزبێکی سیاسیە لە لوبنان، بەڵام لقی سەربازییەکەی کێشەیەکی گەورەیە لە ناوچەکە و گومان لەوەدا نییە. ئەم بابەتە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ سەر ئێران، بەڵکوو بەشێکی گەورەی ئەم بابەتە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کەرتی رۆژئاوای غەزە روو ئەدات. هەروەها بۆ ژمارەی زۆری ئەو پەناخوازە فەلەستینیانەی کە لە وڵاتە عەرەبییەکان ئاوارەن و ٧٥ ساڵە چاوەڕێن رێگاچارەیەک بدۆزرێتەوە. چاو لێ بکەن دونیای رۆژئاوا چۆن دەربارەی پرسی ئۆکراین هەڵوێستی گرت.

 

کاریگەری ئەمریکا لە ناوچەکە:

وەزیری دەرەوەی لوبنان دەربارەی ئەمریکا و پلانەکانی لە ناوچەکەو رووداوەکانی ئەم دواییانە ئەڵێت:" پێم وایە ئەمریکا نایەوێت بێتە جەنگەوە لە ناوچەکە. ئەمریکا تەنها وڵاتێکە لە دونیا دەتوانێت نێوانگیری بکات لەم جەنگەدا. سەرەنجام هەموومان پێویستمان بە ئاشتییە. ئەمریکا تەنها وڵاتێکە ئەتوانێت ئاشتی لە ناوچەکە جێگیربکات. ئەگەر ئەوان ئەو پێگەیە لە دەست بدەن خوا خۆی ئەزانێت چی روو ئەدات".

وەزیری دەرەوەی لوبنان دەربارەی ناوچەکە ئەڵێت :" ئەبێ واقعی ناوچەکە بەوەی هەیە لەبەرچاو بگرین. ئاخۆ ئیسرائیل ئەیهەوێت تا هەتایە بەم شێوەیە بمێنێتەوەو بژی؟ تا چەند ساڵ ئەتوانیت بەم شێوەیە درێژەی پێ بدات. سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی کە وڵاتانی دراوسێ هەیانە، ئێمە وڵاتێکی ئاشتیخوازین. ئێمە جەنگمان ناوێت. هیچکات هەڕەشەمان لە ئیسرائیل نەکردووە. بەڵێ ئێمە حیزبوڵڵامان هەیە و حیزبوڵڵا کێشەیە بۆ ئەوان. بۆ بەشێکی زۆر لە لوبنانییەکانیش حیزبوڵڵا کێشەو سەرئێشەیە، بەڵام ئەمە ئەو راستیەیە کە هەیە و ئەبێ وەری بگرین".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار