پاسەوانێک لەسەر ئاشکراکردنی دزینی نەوت کەبەڕێوەبەری خوێندنگایەکی دهۆک ئەنجامی داوە سزادەدرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پاسەوانی یەكێك لەخوێندنگاكانی پەروەردەی رۆژئاوای سەنتەری دهۆك دوای ئەوەی كەئاشكرای دەكات بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگایەی دەوامی تێدادەکات نەوتی دزیوە، لەخوێندنگاکە دەگوازرێتەوەو هەڕەشەی لێدەکرێت و لێی دەدرێت، كەیسەكەشی تائێستا یەكلایی نەبووەتەوە.

ئەو پاسەوانەی دزیەكەی ئاشكراكردووە ناوی سەگڤان یونس سەلیمەو لەساڵی 2002 دامەزراوە. ئەو بینایەی نەوتەكەی لێ دزراوە دوو خوێندنگا تێیدا دەوام دەكەن کەبریتین لەخوێندنگای هەڵات و خوێندنگای مەلا ئەمین كەدەكەونە سنوری پەروەردەی رۆژئاوا. بەوتەی پاسەوانەكە زیاتر لەدوو بەرمیل نەوت دزراوەو لەجیاتی ئەوەی خەڵات بكرێت گوازراوەتەوە بۆ خوێندنگایەكی تر.

سەگڤان یونس سەلیم وردەكاری رووداوەكەی بۆ هاوڵاتی خستەڕوو و وتی، «كاری من پاسەوانییە هەر شتێك لەخوێندنگا بكرێت من لێی بەرپرسم، بەڕێوەبەری خوێندنگای هەڵات كە ژنێكەو پیاوەكەی بەرپرسێكی یەكێك لەوەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمە دوو جار نەوتی خوێندنگاکەی دزیوە. بەچاوی خۆم بینیومە دوای دەوام بەئۆتۆمبێلەكەی خۆی دەهاتە خوێندنگا جارێك بەدەبەو جارێك بەبەرمیل نەوتی دزی».

بەپێی قسەی پاسەوانەکە، هەردوو رووداوەکە نێوانیان هەیەو لەماوەی چەند ساڵێکدا روویانداوە.

«جارێك لەمانگی ئایاری ئەمساڵ بوو و جارێكی تر پێش چەند ساڵێك بووە، دوای ئەوەی بۆ رای گشتی و لایەنی پەیوەندیدار ئاشكرام كرد كە نەوت لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنگاكە دزراوە چەند كەسێكی نزیك لەبەڕێوەبەری خوێندنگا هەڕەشەیان لەمن كردو بەناوی ئاسایش لێیاندام و لەکوڕەکەشیاندام. هەموو بەڵگەیەكم هەیە وەک وێنەو ڤیدیۆ، هەروەها گۆڕینی قوفڵەكان»، سەگڤان یونس سەلیم وای وت.

سەگڤان یونس سەلیم لەدایكبووی 1967 لەساڵی 2002 دامەزراوە. یەكەمجار لەخوێندنگای جگەرخوێن دەستبەكاربووە. دوای ئاشكراكردنی دزییەكە لەخوێندنگای هەڵات دەگوازرێتەوە بۆ خوێندنگای  «كەزان»ی كچان و دۆسیەكەی لەدادگایەو تائێستا یەكلایی نەكراوەتەوە.

«لەبری ئەوەی خەڵات بكرێم، كوڕەكەم لەپێش چاوی خۆم بەتوندی لێی دراوەو بەناحەقی منیان گواستەوە بۆ خوێندنگایەكی تر كەزیاتر لە 10 خولەك دوورترە، لەسەر ئەو ستەمەی كە لەبەرامبەرم كراوە لەدادگا سكاڵام تۆماركرد، دوای ماوەیەك كەسێك لەدادگا تەلەفونی بۆ کردم و وتی، ‹سكاڵاكەی تۆ رەفزكراوە.› نازانم كێ ئەمەی كردووە، دواتر بڕیارەكەم تەممیز كردووە زیاتر لەسێ مانگە چاوەڕێی وەڵامی دادگا دەكەم»، سەگڤان وای وت.

سەگڤان یونس جەمیل دەشڵێت» بابەتی دزینی نەوت و گۆڕینی قوفڵەكان لەیەك بینا روویداوە بەڵام هەردوو بەڕێوەبەری خوێندنگا هاوڕێی یەكترن، دزینی نەوت و گۆڕینی قوفڵەكانی خوێندنگاكە هەر من ئاشکرام کردو لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن دوو كەیسی جیاوازن، بەڵام وانیە چونكە هەردووكیان لەیەك بینا بووە «.

رووداوەكە كاردانەوەی زۆری بەدوای خویدا هێناو دوای دوو رۆژ عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، «ئەمە دوو كەیسن، كەیسێكیان لەساڵی 2019 بووەو ئەوە یەكلایی بووەتەوە، ئەوەی دووەم لەسەر گۆڕینی قوفڵەكانی خوێندنگا بووە كەهێشتا ئەمە یەكلایی نەبووتەوەو كەیسەكە لەدادگایە، هەردوو كەیسەكەش لەیەك بینا بووە ، ئەو پاسەوانەی كەسكاڵای تۆماركردووە لانەدراوە تەنها گوازراوەتەوە بۆ خوێندنگایەكی تر، ئەمەش شتێكی ئاساییە لەهەر خوێندنگایەک ئەگەر بەڕێوەبەرەكە لەپاسەوان یان هەر فەرمانبەرێكی تر ناڕازی بێت دەگوازرێتەوە.»

سامان سیوەلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت، «ئەم كێشەیە نەگەیشتووەتە وەزارەت، هەر قسەیەك كە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆك بیكات قسەی فەرمی وەزارەتەو ئەوەی پێویست بێت ئەوان بۆ كەیسەكە دەیكەن «.

هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندی بە عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆكەوە کرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە .

عوسمان سلێمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا بەهاوڵاتی وت، «راستە ئەو دوو خوێندنگایە دەكەونە سنوری پەروەردەی رۆژئاوا بەڵام ئەم كەیسە لەسەردەمی من نەبووە، بەڵام كەیسێكیان یەكلایی بووەتەوە تەنها یەكێكیان ماوە ئەویش لەدادگایەو هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، لەمە زیاتر هیچ شتێكی تر ناڵێم «.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار