سەردەمێکی نوێ
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەم رۆژانە ئەگەر لەدۆحەی پایتەختی قەتەر پیاسە بکەیت، ئەگەری زۆرە لوتت بەچەند سیخوڕێکی وڵاتانی جیاوازدا بتەقێت، کە بەدوای دانوستانەوەن بۆ ئازادکردنی گیراوەکانیان لەلایەن موحەمەد زەیفەوە، سەرکردەی کەتیبەی قەسام و بەرپرسی هێرشی تۆفانی ئەقسا.
زۆرێک بەلایانەوە مایەی سەرسوڕمانە کەچۆن قەتەر دەتوانێت ئەمە بکات؟ لەسەردەمی ئۆبامادا ئەمریکا وەهای پێ باشبوو کە ئیسماعیل هەنییە بارەگاکەی بگوێزێتەوە بۆ دۆحە، لەبری ئێران. قەتەرییەکانیش ئەمەیان پێباش بوو هەروەها بەهاوکاری ئیسرائیل مانگانە زیاتر لە ٤٠ ملیون دۆلار پارەو هاوکاری لەڕێگای ئیسرائیلەوە بەحەماس بدەن لەگەڵ دابینکردنی سوتەمەنی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ غەزە.
ئەم رۆڵەی قەتەر بەشێکە لەو پرۆسە ئاڵۆزەی بەڕێوەبردنی دونیا لەلایەن ئەمریکاوە. لەم پرۆسەیەدا قەتەرو ئەمریکا ئامانجی جیاوازیان هەیە، ئەمریکا قەتەر بەکاردەبات بۆ پەیوەندیکردن بەئەو وڵات و لایەنانەوە کەنایەوێت یان ناتوانێت پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵدا بکات، قەتەرییەکانیش ئەمە وەها دەبینین کەڕۆڵێکی گرنگ و دەروازەیەکیان بۆ دەکاتەوە بۆ بوون لەنێو کایەی زلهێزانی جیهاندا، وەک شارە وڵاتێکی بچووک، هەروەها خۆپاراستنیان لەقوتدانیان لەلایەن هێزە هەرێمیەکانەوە، بەتایبەتی سعودیەو ئێران.
ئیسماعیل هەنییە تەنها کەسە لەدەرەوە، کەپەیوەندی لەگەڵ محەمەد زەیفدا هەیە. هەرچەندە هێندە بەئاگانیە لەدۆخی حەماس. لەڕاستیدا کاتێک هێرشەکە روویدا لەسەفەرێکی خێزانی بوو لەئیستەنبوڵ بۆ سەیرو سەفا و تەلەفونەکەی داخستبوو. ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەو ماڵپەرە ئێرانییانە بوو کەبانگەشەی ئەوەیان دەکرد کەپلانی سەردانی بەغدای هەبوو لەوکاتەدا. کەس گومان لەبێئاگابوونی ناکات، چونکە نەک تەنها ئەو بەڵکو شن بێت و موساد و سی ئای ئەو زۆری تریش بێئاگابوون.
ئەگەری زۆرە پاش ئەم دۆخە هەنییە چ لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و چ لەلایەن حەماسەوە رۆڵی کۆتایی بێت. ئێستا بەرەی ناوەوەی حەماس و بەرەی قەتەرو بەرەی بەیروت جیاوازن.
ئایا رۆڵی قەتەر وەک کەناڵێک و ناوەندێکی خاوەن غازو پارە دەتوانێت بەردەوام بێت؟ لەگواستنەوەی دونیا بۆ فرە جەمسەریی، ئەگەری پشێوی و نەبوونی توانا بۆ مامەڵەی خێراو کاریگەر، ئەگەری زۆرە قەتەر بتوانێت رۆڵەکەی بپارێزێت لەوەی کەخزمەت بەڕۆژئاوا بکات و کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ نەیارەکانیشدا هەبێت.
لەئیسرائیل رۆنین بار سەرۆکی شین بێت، ئەو دەزگایەی کەبەرپرسە لەهەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل، دواڕۆژەکانی بەسەردەبات. هەرچەندە بەهۆی ناتەبایی و رقی زۆری لەنەتەنیاهو، چەند جارێک پێشتر داوای وازهێنانی کرد، بەڵام پاش هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر وازهێنانی حەتمیە، هەروەها نەتەنیاهوش. کۆشکی سپی ئەوەی بەڕوونی زەقکردووەتەوە کەدەبێت نەتەنیاهو بڕوات. نەتەنیاهوو، مایەی سەرئێشە بوو بۆ ئەمریکییەکان، بەتایبەتی دیموکراتەکان. ئێستا بەم پشتیوانییە زۆرەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، ئەستەمە ئیسرائیلییەکان بتوانن لەکەلـلەڕەقییان بەردەوام بن. رۆشتنی نەتەنیاهو یانی رۆشتنی مۆدێلێک لەتوندڕەویی و گەندەڵیی. ئایا ئیسرائیل ناچاردەکرێت دەست بەپرۆسەی ئاشتی بکات جارێکی تر. هەمیشە دوو جۆر چارەسەر هەبوو، یان دەوڵەتێک کەهەموان تیایدا هاووڵاتی بن، کە لەئێستادا وەک مەحاڵ و نەخوازراو دەردەکەوێت، لەبەر زۆر پرسی جیاواز، یان دوو دەوڵەت. ئێستا چارەسەری دوو دەوڵەت زیاتر کردارییە بەمەرجێک دیندارە، رقدارە جولەکەکانە پەراوێز بخرێن.
بەڵام هەموو ئەمانە رێگرنیە لەپرۆسەی ئاشتی نێوان کەنداوو ئیسرائیل. کەنداوییەکان، بەقەتەریەکنیشەوە، رقیان لەحەماسە، پاش هێرشەکەی حەوتی مانگ ئەم رقە قووڵتر بووەوە، بەوەی وەها بینرا کەئەگەری پەکخستنی پرۆژەکانیان و زاڵبونی ئێران هەیە.
هەرچی ئێرانە، هەوڵەکانی جێگای سەرسوڕمان نەبوون. ئێران کەخاوەنی بەرەی بەرگرییە، پرۆژەی جیاوازی هەیە. ئەوەی پێی دەوترێت بەرەی بەرگریی لەوەڵامی بەرەی شەڕی جۆرج بۆشدا دروست بوو. ئامانجی ئێرانییەکان رێگرییکردن بوو لەئەمریکا لەڕێگای سەرقاڵکردن و شکستهێنانی لەجێگاکانی تر بۆ ئەوەی نەتوانێت راستەوخۆ هێرش بکاتەسەر ئێران. لەم روانگەیەوە بەرەی بەرگریی ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانن. زۆر گرنگە ئەوە بزانین کەدەوڵەت هەرگیز تێکەڵی ناکات لەنێوان ئامرازو بەرژەوەندیدا. ئامراز بەرژەوەندی نیە، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە. ئایا ئەم رووداوە راستی پرۆژەی موقاوەوە دەردەخات بۆ هەوادارەکانی.
هەرچی ئەمریکایە لەدۆخێکی ئاڵۆزدایە. یەکەم لێکدانەوە ئەوەیە کەبایدن ئەمە دەکات لەبەر هەڵبژاردنەوە، چونکە نەک دەنگی جولەکەکان و کاریگەرییان گرنگە، بەڵکو دەنگی زۆری مەسیحیە زایۆنییەکان زۆر کاریگەرە. مەسیحیە زایونییەکان ئەو مەسیحیە توندڕەوانانە کەبڕوایان وەهایە مەسیح لەقودسەوە دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێت بەرگری لەقودس و جولەکە بکرێت لەم پێناوەدا. ئاینیی بوونی ئەمریکا و ئیسرائیل و حەماس و ئێران، دۆخێکی میتافیزیکی ئاڵۆزی دروستکردووە. ئەوەی لەپەیوەست بەئەمریکاوە گرنگە، ئایا ئەمریکا پاش ئەم رووداوە چۆن هەڵوێستی دەگۆڕێت؟ ئایا ناچار دەبێت جارێکی تر بێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان هەڵکشانی چین و دۆخی ناوخۆیی رێگەی پێنادات بەو هەنگاوە هەستێت؟ دیارە هاتنەوەی ئەمریکا، دژ بە بەرژەوەندی بەرەی بەرگرییە، کەئامانجیان ئەوەیە ئەمریکا لەناوچەکە تێپەڕێنن و خۆیان تیایدا باڵادەست بن. ئەمە رەنگە هۆکارێک بێت بەوەی تەنها لەئاستێکی رووکەشدا مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکەن.
هەرچی عێراقە لەدۆخێکی ناڕووندایە، چونکە ئەکتەرە عێراقییەکان بەکرێگیراوی هێزی دەرەکین و خۆیان خاوەن سەروەری نین. نوکتەکە ئەوەیە کەزۆربەی بەناو سیاسیە عێراقییەکان باس لەسەروەریی دەکەن کەچی خۆیان بڕیاریان لەشوێنێکی ترەوە بۆ دەدرێت.
بابێینەوە سەر کوردستان. دەکرێت مەترسیی و لەهەمانکاتدا دەلاقەیەک لەدەرفەت هەبێت، ئەگەر هێزە کوردییەکان توانای تێگەیشتن و خۆئامادەکردنیان هەبێت بۆ دۆخەکە. بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کەکورد لەباشور بەدەست کۆمەڵێک قەیرانەوە دەناڵێنێت کە نە دەیەوێت و نە دەتوانێت چارەسەری بکات. بەگشتی دۆخێک هەیە لەعێراق و کوردستان و لوبنان و یەمەن و ئەو شوێنانە کەبێتواناییە لەچارەسەر یان نەبوونی خواستە بۆ چارەسەر. بۆ نموونە لەقازانجی هیچ ئەکتەرێکی سیاسی باشور نیە کە کێشەکان چارەسەر ببێت، چونکە ئەوان سودمەندی سەرەکی کێشەکانن. خەڵکیش خاوەنی تواناو ئاگایی ئەوەی نیە کە بەدیل پێشنیار بکات.