zhyr

نامەیەك لەزیندانییەكی سیاسییەوە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڕێ كاوە

بۆ بەڕێز/ قوباد تاڵەبانی

سڵاوو رێز

 

من دەمویست نامەیەك بۆ ئەوانی دی بنووسم، ئەوانەی كە لەسكاڵا ناگەن، ئەوانەی كەهەرگیز ئازاریان نەچەشتووە، ئەوانەی لەئاهونزولەی ماڵەشەهیدەكان تێناگەن، ئەوانەی نە زیندانیان دیوە، نە ئەشكەنجە دەناسن، دەستەكانیان لەبری كەلەپچەكانی ئێمە كاتژمێری گرانبەهایان لەخۆیان ئاڵاندووە. ئەوانەی هەرگیز لەپشتی شیشە ژەنگاوییەكانی زیندانەوە چاوەڕێی ئازیزانیان نەكردووەو هیچ سەجانێك ئیهانەی نەكردوون و هیچ جەلادێك لەژێر شەلاقدا شی و شیتاڵی نەكردوونەتەوەو هەڕەشەی بتڵی لێنەكردوون .

من ئەم نامەیەم بۆ جەنابت نووسی بەو هیوایەی كەمێك لەمامی گەورە بچی و بۆ تەنها جارێكیش بێت، هەتوانی برینێكی ئێمە بكەیت. بەو هیوایەی هەروەكو جەنابت جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی مەكتەبی مامی، مامێكی میهرەبان بیت و لەئێمەش تێبگەیت . بزانی كەئێمە هەمان ئەو تیكۆشەرانەین كە جەنابی مام ناوی لێناین شەهیدی زیندوو.

بەڕێزم: ئێمە لەمێژە لەچاوەڕوانیدا چەقیوین بەدیار مەرحەمەتی ئەم حكومەتەوە كەدەبوایە هی ئێمەش بێت، بەڵام بەداخەوە لەئێمە قەدەغەكراوەو بووەتە بڤە، ئێمەیەك لەژوورە تاریكەكانی زیندانەوە حشەتناكەكانی بەعسدا هەرچی وەسیلەی ئازاردان و ئەشكەنجەو تەوهینە لەسەرمان تاقیكراوەتەوە، ئێمە یەك لەهەرە قارەمانەكانمان لەژێر ئەشكەنجەی زۆر دڕندانەدا شەهیدبووین و چووینە ریزی پڕ شكۆی شەهیدانی كوردستانەوە، هەندێکمان بەخت یاوەرمان بوو و ماینەوەو حوكمەكانمان تەواوكردو بەهیوای لەبەرچاوگرتنی خوێن و ئازارمان هاتینەوە نیشتیمان و نێو هاوڕێكانمان، كەچی لێرەش هەر زوڵممان لێدەچۆڕێ و بۆ ساتێكیش ژان و مەینەتیەكانمان  بیرناچێتەوە .

بەڕێز/ ئەوەی لەزیندانەكانی بەعسدا  دیمان و پێمان كراو تاڵاوەكانیمان بەڕۆح و جەستە چەشت، وەك مێژوویەكی پڕ شكۆی خۆمان و گەلەكەمان دەیگێڕینەوەو ئیفتیخاری پێوەدەكەین،پەشیمان نەبووین لێی تا ئەوكاتەی زۆر بەداخەوە لەهەڵمەتێكی نابەرپرسانەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمدا بەناوی چاكسازییەوە .كەهیچمان لێ نەبینی جگە لەنانبڕان و ئازاری خۆمان و ماڵ و منداڵمان، منحەكەی ئێمە نانبڕی و خەبات و تێكۆشان و گیانفیدائیەكانی ئێمەتان سفر كردەوەو لەمرۆڤ گەلێكی خاوەن مێژووی خەبات و پڕشانازییەوە كردینتانە ئینسانی پەشیمان و لێو گەستە. چونكە تێگەیشتین كەچاكسازییەكانتان تەنها بۆمبێك بوو بەگیانی ئێمەتاندا تەقاندەوەو هەڵتانداینە پەراوێزی پەراوێزخراوەكان .

وەك ئەوەی نەهامەتی ئەم میللەتەو بێ پڕۆژەیی و نائاوەدانی و بێ مووچەیی و نەخۆشییە باوەكان و هەموو دەردە كوشندەكانی تر لەئێمەوە سەرچاوەیان گرتبێ .

نازانین چۆن ئەو كارەتان كردووە دەستتان خستە بینەقاقای ئێمەو خێزانەكانمان و برینەكانی زیندانەكانی نوگرەسەلمان و موسڵ و ئەبوغرێبمان خوێ تێبكەن و بكولێننەوە.

لەكاتێكدا جەنابی مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق بوو بەنامەیەك داوا لەمالكی دەكات منحەی زیندانیانی سیاسی بخاتەسەر بەغدادو مالكی ڕەزامەندی دەردەبڕێ و داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات هەماهەنگی بكەن، بەڵام وەزیری شەهیدانی ئەوكات كەلەپشكی حزبەكەی جەنابت بوو دژایەتی ئەو بڕیارە دەكات و داوادەكات، بەبێ رەزامەندی جەنابیان ئەو كارە نەكرێت و هەرگیزیش رەزامەندی دەرنەبڕی.

ئێمە كەوتینە بەر شاڵاوی زوڵمی بەناو چاكسازی حكومەت و پەرلەمان و زیاتر لەپێنج ساڵە منحەكانمان بڕاوە، وەك ئەوەی هەربایی ئەوەندەمان كردبێ و ئەشكەنجەو شەلاق و هەڵواسین و كۆت و كەلەپچەو بتڵ و ئیهانە و رسوایی و بێ سەرپەرشتی ماڵ و منداڵمان هەر بایی ئەو كەمە پارەیەبێت كەدەسەڵاتی كوردی داینێ و لەمەزادخانەیەكدا هەڕاجی كردین و هەر ئەوەندەمان كرد.

وێڕای ئەم غەدرە كەمەر شكێنە ئەوەی كە لەهەموو تەمەنماندا بەئاواتییەوە بووین و خەونمان پێوەدەبینی، كەدوو ژوورمان هەبێ و ستاری تیا بگرین و سەركز سەركز خۆمان و خێزانەكانمان تیایدا بحەسێینەوە.

بەبڕیارێكی بەڕێزتان، فەرمانی زەویمان بۆ دەرچوو، زیاتر لەشەش ساڵ چاوەڕێمان كرد، سەر ئەنجام رۆژی پێنجشەمە 26\10\2023 لەهۆڵی رۆشنبیری سلێمانی بەتیروپشك بەمەرحەمەتی شارەوانی سلێمانی لەدوورترین شوێنی شاردا كەئەسڵەن بەسلێمانی حساب ناكرێ لەگوندی چەقژ پارچە زەوییەكمان بۆ دەرچوو كە بەڕاستی شەرمم لەخۆم دەكرد كەوەرمگرت.

بەدەم ئازاری رۆحەوە باوكم لەگۆڕستان دواندو پێم وت بابە تۆ خۆشت و ئێمەشت كردە فیدای نیشتیمان، بەڵام ئێمە لەم نیشتیمانەدا بەكرێ دانیشتوین و دەبێ بۆ مانەوەمان لەدوو ژووردا لەماڵی خەڵكی كرێ بدەین و بۆ خەستەخانە كرێ و هەموو شتێكمان بەپارە دەداتێ، نیشتیمان، بابە زیندان و خوێن و ئەشكەنجەت لەبازاڕی هەڕاجی كوردەواریدا هەر ئەوەندەی كردووە. پێم وت بابە گیان باخەوانی شاعیرو نووسەر و شۆڕشگێڕ ئەوسا تۆ بێنازت كردین بۆ نیشتیمان ئێستا نیشتیمان بێ نازمان دەكات بۆ قەڵەوكردنی بەرپرسان.

دەزانی سەرۆك، باوكی من ناسراوە بە مام باخەوانی ئەبوغرێب و هەژدە ساڵی رەبەق لەزیندانەكانی بەعسدا عەزیەت دراو ئازاری چەشت.

باخەوان تەنها زیندانی سیاسی نییە، ئەو شاعیرو ئەدیب و نووسەرێكی گەورە بوو كەدەكرێ لە هاوڕێیانی كۆمەڵەی رنجدەران بپرسیت باوكی من كێ بوو.

هەروەها باوكی من باوكی شەهید رێبوارە كەساڵی 86 لەدەشتی هەولێر شەهیدبوو، هاوسەری عائیشە نصرالله محەمەدە كەدایكیشم شەش مانگ و نیو لەئەمنی عامەی بەغداد سجن بووە. بەندەش پێشمەرگەبووم و بریندابووم و ئەندامی مەڵبەندی پێشمەرگەبووم، ئێستا خانەنشینی پێشمەرگەم، سێ خوشكم هەیە كەهەر چوارمان كرێچین و مەمرەو مەژی لەم بازاڕی بێ روحمەی حكومەتی هەرێمدا ژیان دەگوزەرێنین و هەر چاوەڕێی سەری ئەو مانگەین كە سێ مانگ جارێك دێت تامووچەكانمان وەربگرین .

تكا دەكەم سەرۆك ئەگەر ئەم نامەیەتان خوێندەوە بەهەر رێگایەك بێ ئاگادارم بكەنەوە كەئێمە بەم هەموو خەبات و تێكۆشان و خوێندان و زیندان و شەهیدبوونەوە، ئاوا هەژارانەو بێدەرەتانە دەژین، دەبێ چی مابێ بیكەین و نەمانكردووە هەتا ئێمەش وەكو ئینسان بژین و ئێمەش دوو ژوورمان هەبێ هەتا شانێكی راحەتی لێ دادەین، هەتا بۆ جارێكیش بێ سوپاسی نیشتیمان بكەین كەدایكێكی میهرەبانەو ئێمەشی لەبیر نەكردووە ئەمەی كە بە جەنابتانی دەڵێین بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی راست و دروستە وەك یەك، تكایە ئیتر بەسەو زوڵممان لێدەچۆڕێ .

تكایە ئێمە هەقی زۆر لەوە زیاترمان هەیەو زەوی چەقژ ئەو شوێنانەی تریش كەناتوانین سوودی لێوەربگرین بارتەقای یەك شەوی ناوەختی هەڵواسینمان نییە.

 

هاوڕێ كاوە

1\11\2023

كوڕی مام باخەوان

محەمەد محەمەد صاڵح عەزیز

ژ.م. 07701575142

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار