چریکەیەک لە نیوەشەودا
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەستایشی ژیاندا- ئەزموونی نووسەریک، دوا بەرهەمی شاعیرو نووسەر (رەفیق سابیر)ە کە لەم مانگەدا، لەپێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لەسلێمانی، لەلایەن پەخشخانەی چوارچرا، بڵاودەکرێتەوە. لەم کتێبەدا نووسەر قۆناغەکانی ژیانی و چەندان رووداوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەدەبی باس دەکات، لەهەمان کاتدا پوختەی ئەزموونی خۆی لەبواری نووسیندا، دەخاتەڕوو.
کتێبەکە لەسەرەتایەک و یازدە بەش و دواوتە پیکهاتووە هەر بەشەی سێ تا پێنج لابەشە. لێرەدا وتەی سەرەتاو دواتریش بەشی سێیەم و چوارەمی کتیبەکە بڵاودەکەینەوە.
شەوێکی پایزی ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکان، وەکو شەوانی دی کارەبا بڕابوو. لەپڕ بەزیڕەو هاواری ژنێک، کەئارامیی شەوەکەی هەژاند، بێدار بووینەوە. دایکم پێش هەموومان لەناو جێگاکەی دەرپەڕی و بەرەو هەیوان چوو، منیش بەدوای ئەودا چوومە دەرێ. دەنگی گریاناویی ژنێک، هاوارو نوزانەوەی منداڵ و دەنگە دەنگ لەکۆڵان دەهات. دایکم وتی:
ئەوە لەدەنگی ئایشێ دەچێت، دەبێت ئەو بەدبەختە بەو نیوەشەوە چی بەسەر هاتبێت.!
دایکم فانۆسەکەی هەڵگرت، کە بەکزی دەسووتا. بەرەو دەرگای حەوشە رۆیشتین، کە دە مەترێک لەهەیوانەکە دوور بوو. لەدەرەوە دەنگەدەنگ دەهات. کاتێک چووینە دەرێ، چەند دراوسێ پێش ئێمە گەیشتبوونە کۆڵان و وردە وردە زۆرتر دەبوون، هەندێکیان فانۆسیان بەدەستەوە بوو. یا ئایشێ بەدانیشتنەوە هەردوو لاقی درێژ کردبوو، بەجۆرێک شینی دەکرد، هەناوی مرۆڤی دەهەژاند. بەدەم شین و هاوارەوە، بەدوو دەست لەخۆی دەداو پرچ و روخساری خۆی دەڕنییەوە. کاتێک لێی وردبوومەوە، سەری پاک تاشرابوو، لەبەر خۆمەوە وتم:
ژنێکی تریش، سەری تاشرا!
لەو دەمەدا دراوسێکان لەماڵ دەهاتنە دەرێ، کۆڵان بەشەوقی فانۆس و لایتی دەستیان، رووناکتر بوو. چاوم بەخەڵکەکەدا گێڕا، چەند ژن و کچی گەڕەکم بەرچاو کەوتن. بیرم بۆ ئەوە چوو کەدەبێ دوای یا ئایشێ، کەژنێکی بێوەی و دایکی پێنج منداڵ بوو، نۆرەی کێ بێت!
ئەو بەسەرهاتە، بەشێک بوو لەو رووداو و دیاردە دزێوو ترسناکانەی، کە لەناوەڕاستی شەستەکان بەدواوە، بزووتنەوەی چەکداریی کورد، کەئەیلوولی ١٩٦١ هەڵگیرسا، لەگەڵ خۆی بۆ قەڵادزێی هێنا. لەو ساڵانەدا سەرتاشین و دواتر لوتبڕینی ژنان، پەیدابوون. ژنکوشتن، کە لەچلەکان و پەنجاکاندا، زۆر دەگمەن بوو، زیادی کردو ئەنجامدەرانی گۆڕدران. پێشمەرگە لەجیاتی مێرد، بە بەهانەی پووچ و بەناوی «شۆڕش»ەوە، ژن و کچی خەڵکیان تیرۆر دەکرد. چەند کچ و ژنی بێتاوان و ئابڕومەند، کرانە قوربانی. لەوانە خێزانێک کەزۆر لەمێژبوو لەڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون و لەقەڵادزێ جێگیر بووبوون. دوو کوڕو کچێکیان هەبوون، هەژارو بێکەس دەژیان. پیاوەکەیان کەزۆر بەتەمەن بوو، لەگەراجی قەڵادزێ کاری دەکرد. کچەکەیان جوان بوو. شەوێک چەند چەکدارێک، «پێشمەرگەی نێوخۆ»، چوون سەری کچەیان تاشی. دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کەویستوویانە لەگەڵی راببوێرن و کچەکەش رازی نەبووە، بۆیە سەریان تاشیوە. پاش ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، خێزانەکە روویان لەبەغدا کرد.
ژنێکی تەمەن سەرووی پەنجا ساڵان لەگەڵ مێردەکەی، مام قادر، کەکارمەندی خزمەتگوزاری بوو، دەژیان و منداڵیان نەبوو. شەوێک چەند «پێشمەرگەی نێوخۆ»، بەو تۆمەتەی گوایا نامەو پەیام لەنێوان کوڕو کچان (عاشقان) دێنی و دەبات، لووتیان بڕی. پاش ئەو تاوانە ژن و مێردەکە چوونە سلێمانی. هەندێک جار بەڕێکەوت ئەو ژنەم لەبازاڕی سلێمانی دەبینی، کە بەپەڕۆیەکی رەش لووت و زاری خۆی دادەپۆشی، هەستم بەئازارو شەرمەزاری دەکرد. ئەو جۆرە تاوان و کارانەی بەناوی «شۆڕش»ەوە دەکران، هێندە زۆرن، کە لێرەدا نانووسرێنەوە، بۆیە بەڕووداوێک دوایی پێدەهێنم.
خێزانێک چەند ساڵ بوو لەلادێوە هاتبوونە قەڵادزێ، لەبەری جووتکانیان دەژیان. پیاوەکە دوکاندار بوو، لەگەڵ دوو کوڕەکەی، کەزۆر بێوەی بوون، کاسبییان دەکرد. ئەو خێزانە دوو کچی گەنج، جوان و بەرچاویان هەبوو. شەوێک ئەو چەکدارانە، چوونە سەریان، بەتۆمەتی پووچ و بێ بنەما، کچێکیان کوشت و ئەوی تریشیان بەبرینداری دەرباز بوو.
ئەو دیاردانە، لەسایەی بزووتنەوەی چەکداریدا، لەقەڵادزێ سەریانهەڵدا. چەند لەو خێزانانەی ئەو جۆرە تاوانانەیان بەرامبەر کرا، بەجۆرێک تێکشکێندران، کە سەری خۆیان هەڵگرت، بەدەم نەفرەتکردن لەوڵات و گوایا شۆڕش، بۆ شاری تر چوون.
قەڵادزێ شارێکی بچووک بوو، نزیکەی هەموو خەڵکەکەی یەکتریان دەناسی. کەسێکی غەریب رێی بکەوتایەتە ئەوێ، بەئاسانی دەناسرایەوە. بۆیە چەند رۆژ دوای هەر رووداوێکی لەو جۆرە، دەزاندرا کام «قارەمانی نەتەوە»! تاوانەکەی ئەنجامداوە.
ئەوانەی دەستیان دەچووە ئەو جۆرە بەدکارییە، خۆیان کەسانی رێزدار نەبوون، هەندێکیان داوێنپیس و بەدناو بوون. لەناو ئەو ئاژاوەو بێقانوونییەدا، دەرفەت بۆ ئەو جۆرە کەسانە رەخسابوو توانای شەڕخوازانە و وێرانکارانەی خۆیان پێشان بدەن، تۆڵە لەنەیاری خۆیان بکەنەوە، یاخود سزای کچ و ژنی بێ پشتوپەنا بدەن، کە ئامادەنەبوو خۆی بخاتە بەردەستیان. بەکورتی لەو رۆژەوە شەڕ لەکوردستان هەڵگیرسا، جارێکی تر سەری سندووقەکەی (پاندۆرا)، بەڵام لەکوردستان، هەڵدرایەوە.
بەپێی ئەفسانەیەکی گریکی کۆن گەورەخوداوەند زییۆس، فرمانی بە هێفایستۆس کرد کەیەکەمین ژن، پاندۆرا، لەگڵ دروست بکات، تا لەڕێگای ئەوەوە شەڕ، دەردو تاوان لەسەرزەمین بڵاوبکرێتەوە، چونکە زییۆس دەیەویست، لەبەرانبەر ئەوەی پرۆمێسیۆس ئاگری لەخوداوەندان دزیبوو، تۆڵە لەمرۆڤ بکاتەوە.
خوداوەندان دیاریی جۆراوجۆریان بە پاندۆرا بەخشی، هەروا سندوقێکیان پێدا بۆ مێردەکەی بەرێت. بەڵام پێیان وت نابێت بەهیچ جۆرێک سەری سندوقەکە هەڵداتەوە. دواتر پاندۆرا خۆی پێنەگیراو سەری سندوقەکەی هەڵدایەوە. لەناکاو هەرچی ئازار، بەڵا، نەخۆشی، خراپەکاری و تاوان هەن، لەسندوقەکەوە هاتنە دەرێ و بەهەرلادا بڵاوبوونەوە. پاندۆرا ترساو خێرا سەری سندوقەکەی نایەوە. لەو دەمەدا هاوارێک لەناو سندوقەکەوە هات:
-پاندۆرا من هیوام، سەری سندوقەکە هەڵدەوە با منیش بێمە دەرێ!
بەڵام ئیتر درەنگ بوو!
***
لەئەیلولی ١٩٦١ شەڕ لەکوردستان هەڵگیرسا. سەرەتا کۆمەڵێک ئاغای پشدەرو بیتوێن لەحکومەت یاخی بوون و پەنایان بۆ چەک برد. رێگای نێوان رانیە- سلێمانی و کۆیەیان گرت. سەرکردایەتیی پارتی ئەو دەرفەتەی قۆستەوە، بەبێ خۆئامادەکردن و بەرنامە، چووە پاڵ یاخیبوونە چەکدارییەکە. دواتر لەشوێنی خۆیدا باسی دەکەم.
ئەو شەڕە ئاشتی، ئارامی و تەبایی نەهێشت. دیاردەی کوشتن، تیرۆر، دووبەرەکی و پەلاماری سەربازیی هێناو چەندان جار ناوچەی پشدەر بۆردمان کرا. بەشێکی خەڵکی قەڵادزێ لەترسی بۆردومان، یان هاتنی سوپای عێراق، روویان لەگوندو ناوچە شاخاوییەکانی پشدەر کرد. لەهەمان کاتدا شەڕ تەمەنی منداڵی و لاوێتیی نەوەی ئێمەو چەندان نەوەی دواتری زەوت کرد. ناچاری کردین زوو گەورەبین و بەرگەی شەڕو کارەساتەکانی بگرین.
لەگەرمەی شەڕی نێوان عێراق و بزووتنەوەی چەکداریی کورد، شەڕی نێوخۆ لەسەر دەسەڵات، لەنێوان سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەستیپێکرد، کە بەشەڕی مەلایی و جەلالی ناسرا. ئەو شەڕە کۆمەڵی کوردستانی کردە دوو بەرەی پێک ناکۆک. هەروا دەری خست کەگەلی کورد، هێشتا وەکو نەتەوە، پێنەگەیشتووە، هەماهەنگیی نەتەوەیی و ئامانجی هاوبەشی نەتەوەیی نییە. بۆیە بزاڤی چەکداری، لەپێناوی دەسەڵاتە، نەک بۆ ئازادیی کوردستان.
بەهۆی هەڵگیرساندنی شەڕ هەزاران گەنجی کورد، بەناوی گوایا شۆڕشەوە کرانە قوربانی. زیاتر لەنیوەی ئەو قوربانییانە لەشەڕی نێوخۆدا، بەکوشت دران، یان فەلەج و پەککەوتە کران. دوا شتێک، کە لەناو کۆڵەپشتە شڕەکەی بزووتنەوەی چەکداریدا مابوو (هیوا) بوو، شەڕی نێوخۆ ئەویشی کوشت.
لەسایەی ئەو دوو شەڕەدا چاکە لەبەرانبەر خراپەو تاواندا، خۆشەویستی و لێبوردەیی لەبەرانبەر تۆڵەدا، ژیان لەبەرانبەر مردندا، پاشەکشەیان کرد. ژیانی مرۆڤ، کە بۆ هەر کەسێک بەنرخترین شتی دنیایە، وەکو ژیانی فڕوجێک بێ بایەخ کرا. بەلای منەوە سەرەتای شکست و ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداریی ئەیلول، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ، دەستیپێکرد.
هەر شتێکی زیندوو، لەسروشت و کۆمەڵدا، ئامانجی ئەوەیە رۆحی خۆی- ژیانی خۆی، لەڕێگەی چالاکیی جۆراوجۆر، گەشە پێبدات و بیپارێزێت. بۆ مانەوەی خۆی، پێویستە توخمی چاکەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبێت. گوڵێک یان دارێک بۆ ئەوەی بەزیندوویی بمێنێت، خۆی جوان دەردەخات، بۆ ئەو شتانە دەگەڕێت کە بۆ مانەوەو باشتربوونی ژیانی بەسوودن. دارگوڵ گوڵ دەگرێت، بۆنی خۆش بڵاودەکاتەوە، بەدیمەنی جوانی، چاوو دەروونمان روون و دڵمان خۆش دەکات. دارمیوە گوڵووکی رەنگاوڕەنگ دەگرێت، کە دەبن بەمیوەی بەتام و بەسوود. مرۆڤ، باڵندە، ئاژەڵ، زیندەوەرو سروشت سوودی لێدەبینن. تەنانەت ئەو زیندەوەرو ئاژەڵانەی زیان بەمرۆڤ دەگەیەنن، لەتوخمی چاکە بێبەش نین، دەشێت لەبواری تردا، سوودیان هەبێت، سیستمی ئێکۆلۆگی بپارێزن. ئەرستۆ تالیس (٣٨٤-٣٢٢ پێش زاین) دەڵێت:
جوانی هەمیشە چاکە
مرۆڤیش وەکو گیانداری تر، بەڵام بەپشتبەستن بەعەقڵ و ئەزموونی خۆی و کەسانی تر، ئامانجی ئەوەیە چۆن بژی و بەکام شێواز ژیانی خۆی جوانترو باشتر بکات، بەختەوەر بێت و بمێنێت. ژیان بۆ هەر گیاندارێک، لەپێش هەمووانەوە بۆ مرۆڤ، گرنگترین شتە. ژیان چاکە بۆیە جوانە، جوانە چونکە چاکە. ژیان تاکە دەستکەوتێکی مرۆڤە کە بەهیچ شتێکی دنیا قەرەبوو ناکرێتەوە.
بزووتنەوەی چەکداریی کورد، بەپێی لۆجیک هەر دەبوو شکست بێنێت و ئاشبەتاڵ بکات، چونکە هیچ توخمێکی چاکی لەگەڵ خۆی هەڵنەگرتبوو، کە سوودی بۆ ژیان، سروشت و ئینسان هەبێت.
هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەم حوکمڕانییەی ئێستای هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەگەر پڕی توخمی چاکەو ئامانجی چاکەخوازی و چاکەویستی نەبێت، ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت.
کۆمەڵی کوردستان، بەهۆی هەڵگیرساندنی شەڕو بزووتنەوەی چەکداری و شەڕی نێوخۆ، هەڵتەکێندرا، دەیان هەزار کەس لەناو چوون، وڵات وێران کرا، خەڵک لەگوندو سەرزەویی خۆی دەرپەڕێندران، جوانی، ئاشتی و تەبایی وەکو هیوا کوژران... کوژران.!