«تۆ لەزینداندا دەمریت»؛ ئێران بەئامانجی دروستکردنی فشار هاووڵاتیانی وڵاتانی رۆژائاوا بەبارمتە دەگرێت
لەنوێترین هەنگاودا ئێران سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی فەڕەنسیدا سەپاند بەتۆمەتی سیخوڕیکردن
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پرسی زیندانیکردنی هاووڵاتیانی بیانی، بەتایبەت هاووڵاتیانی رۆژئاوایی، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، یەکێک لەو پرسانەیە کە لەمیدیا نیودەوڵەتییەکانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، بەشێوەیەک کەوڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکا، داوایان لەهاووڵاتییەکانیان کردووە بەهەموو شێوەیەک خۆیان لەوە بپارێزن سەردانی ئێران بکەن.
زیندانیکردنی هاووڵاتیانی رۆژئاوایی زیاتر وەک بارمتەگرتن ناوی لێدەبرێت و شارەزایان دەڵێن، ئێران هاووڵاتیانی رۆژئاوایی بەمەبەستی سیاسی- ئابووری بەبارمتە دەگرێت. زۆرجار تاران بەمەبەستی دانوستانی سیاسی یان مامەڵەی بازرگانی کەڵکی لەبارمتەکان وەرگرتووە.
مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ئەمریکییەکان لەبەرامبەر ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمریکی – ئێرانیدا، رەزامەندییان دەربڕی بەوەی حەوت ملیار دۆلاری ئێران کە لەبانکەکانی کۆریای باشوور بوو، ئازادبكرێت. ئازادکردنی ئەو حەوت میلیار دۆلارە ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی ئەمریکاو دەرەوەی ئەمریکا لێکەوتەوە. کۆمارییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە دۆناڵد ترامپ لەسەر ئەو باوەڕە بوون ئەم کارە لەڕاستییدا زیاتر ئێران هاندەدات بەوەی هاووڵاتیانی بیانی بەبارمتە بگرێت و بەرامبەر بەپارە ئازادیان بکات.
مێژووی بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ بارمتەگرتنی ئەندامانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ٤ی تشرینی دووهەمی ١٩٧٩.
بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی رۆژئاوا هەندێجاریش بووەتەهۆی ئەوەی پەیوەندی تاران و ئەو وڵاتە تووشی ساردی و پچڕان بێت. رۆژی ١١ی تەمموزی ٢٠٠٣، هاووڵاتییەکی ئێرانی – کەندی بەناوی زەهرا کازمی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا. مەرگی ئەم پەیامنێرە ئێرانی – کەنەدییە بوو بەهۆی ئەوەی پەیوەندی سیاسی نێوان ئێران و کەنەدا بۆ ماوەیەک تووشی ساردی ببێت.
هاووڵاتیانی فەرەنسی بارمتە لەئێران
هاووڵاتیانی فەرەنسی و ئێرانی- فەرەنسی، لەچەند ساڵی رابردوودا زۆرجار تووشی کێشەی ئەمنی بوونەتەوە لەئێران و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە کێشەیان بۆ دروستکراوەو بەمەبەستی مامەڵەی سیاسی و ماددی بەکارهێنراون. ساڵی ١٩٨٥ ژمارەیەک هاووڵاتی فەرەنسی لەلوبنان لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکران و ئێران لەبەرامبەر پارەدا ئازادی کردن. لەچەندساڵی رابردووشدا و بەتایبەت لەدوای ٢٠١٠ەوە ژمارەیەک هاووڵاتی فەرەنسی لەئێران بەتۆمەتی سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و تۆمەتی تر دەستگیرکراون. ژمارەیەکیان ئازاد کراون و ژمارەیەکیان هێشتا لەزینداندان. تەنانەت دوو هاوڵاتی فەرەنسی زیاتر لەحەوت مانگە لەزینداندان و تائێستا چارەنووسیان نادیارەو بێ پارێزەرن.
سزای پێنج ساڵ بۆ هاووڵاتییەکی فەڕەنسی
لۆیی ئارنۆ، هاووڵاتییەکی فەرەنسی کەسەرەتای پاییزی ساڵی رابردوو لەئێران دەستگیرکرابوو، دوای چەند دانیشتنی دادگا، بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکانی، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.
سیلوی ئارنۆ، دایکی لۆیی ئارنۆ رۆژی چوارشەممە ٨ی تشرینی دووهەم دوای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی :» ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ کوڕەکەی، لەوانە پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات، بەتەواوەتی بێ بنەمان و دوورن لەڕاستییەوە».
بەرپرسانی ئێران تائێستا هیچ زانیارییەکیان بەشێوەی فەرمی دەربارەی ئەو سزایەی بەسەر ئەم هاووڵاتییە فەرەنسییەدا سەپاوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئێوارەی چوارشەممە لەڕاگەیاندنێکدا ئەم سزایەی بەناڕەوا ناوبردو شەرمەزاری کرد.
لەڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا هاتووە:» ئێمە خوازیاری ئازادی خێراو دەستبەجێی هەموو ئەو هاووڵاتیە فەرەنسیانەین کە لەئێران سەرەڕۆیانەو بێ هیچ پاساوێک دەستگیرکراون».
دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتییە فەرەنسییە لەحاڵێکدایە کە بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لۆیی ئارنۆی تەمەن ٣٥ ساڵ بەمەبەستی گەشتوگوزار، سەردانی ئێرانی کردووە.
هەروەها دایکی لۆیی ئارنۆ لەڕاگەیاندنی رۆژی چوارشەممە ٨ی تشرینی دووهەمدا وتوویەتی:» لۆیی سەفەرەکەی خۆی بەئامانجی دۆزینەوەی جیوازییە کەلتوورییەکانی دونیا دەستپێکردو لەئێران دەستبەسەرکرا، ئەو وڵاتەی کە لەمێژبوو حەزی دەکرد سەردانی بکات و مێژووی دەوڵەمەندی ئەو وڵاتەو میوانداری دانیشتوانەکەی ببینێت».
دایکی ئەم هاووڵاتییە فەرەنسییە هەروەها نووسیویەتی:» ئەم سزا قورسە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییە تاکەکەسییەکانە. بەپێی ئەم سزایە، بێ هیچ بیانووییەک کەسێکی بێ تاوان سزای زیندانی بەسەردا دادەسەپێت. ئەم سزایە، لایەنگرێکی کەلتوور، مێژوو و تێگەیشتن لەجیاوازییە کەلتوورییەکان سەرەڕۆیانە دەخاتە زیندانەوەو بێتاوانێک سزای قورسی زیندانی بەسەردا دادەسەپێت».
مانگی ٢ی ٢٠٢٣، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ یەکەمجار ناوی لۆیی ئارنۆی برد کە یەکێکە لەو هاووڵاتییە فەرەنسیانەی لەلایەن ئێرانەوە بەبارمتە گیراوە.
ئان کێلێر لێژاندێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم هاووڵاتییە فەرەنسییە رۆژی ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ و لەسەردەمی خۆپیشاندانەکان لەئێران دەستگیرکراوە.
دوو چالاکی کەلتووری و سەندیکایی
جگە لە لۆیی ئارنۆ، لەئێستادا سێ هاووڵاتی تری فەرەنسی لەئێران دەستبەسەرن و حکومەتی ئێران وەک بارمتەی دەوڵەتی ناویان دەبات.
سیسیل کۆلێر و ژاک پاریس، ژن و مێردێکی فەرەنسی و هەرەوەها هاووڵاتییەکی تری فەرەنسی کەهێشتا ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەرکراون و لەزینداندان.
رۆژی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، دوو چالاکی کەلتووری و سەندیکایی کەژن و مێردن بەناوەکانی سسیل کولێر و ژاک پاریس، بەڤیزای گەردشگەرییەوە سەردانی ئێران دەکەن. ئەم دوو کەسە ئەندام سەندیکای FO ن و مامۆستای زمانی فەرەنسین. ژاک خانەنشینە. سیسیل بەپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی EI(Education International) و لەماوەی مانەوەیان لەئێران تاکاتی دەستگیرکردنیان لەڕۆژی ١٢ی ئایار، چەند دیداری دۆستانەو سەندیکاییان هەبووە لەگەڵ ئەندامانی شۆرای هاوکاری و رێکخراوە پیشەییە کەلتوورییەکانی ئێران و سەندیکای شۆفێری پاسەکان و کرێکارانی کۆمپانیای نەوت.
هەردوو هاووڵاتییە فەرەنسییەکە رۆژی ١٢ی ئایار دەستگیرکران. لەبەشی ٢٠٩ی زیندانی ئەوین دەستبەسەرن و تائێستا دادگایی نەکراون. دۆسیەکەیان لەلقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاراندایە بەبەرپرسایەتی دادوەر سەڵواتی.
ئێران رایگەیاندووە لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە تەواو بوون، بەڵام هێشتا دیاری نەکراوە کەی دادگایی دەکرێن. بەپێی ئەو زانیاریانەی دزەیان کردووەتە دەرەوە، ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە لەدۆخێکی خراپی دەروونیدان.
یەکێک لەئەندامانی سەندیکای مامۆستایانی ئێران کە بەوردی ئاگاداری دۆسییەی ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسیەیە بەهاوڵاتی راگەیاند:» ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە تۆمەتی سیخوڕیکردنیان دراوەتە پاڵ، تەنانەت براونەتە بەردەم تەلەفیزیۆن و ناچار بەدانپێدانانی زۆرە ملێ کراون».
ئەو ئەندامەی سەندیکای مامۆستایان دەشڵێت، «بەڵام ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە لەدیدار لەگەڵ مامۆستایان و چالاکانی کرێکاری و کەلتووری، جگە لەباسکردنی کێشەو کەڵکەکانی مامۆستایان و کرێکاران لەدونیا بەگشتی و ئێران بەتایبەتی، هیچ شتێکی تایبەتیان باس نەکردووە. ئەوان دەیانویست ببن بەپردی پەیوەندی نێوان سەندیکای مامۆستایان و چالاکانی کەلتووری ئێران و فەرەنسا. بەڵام بێ بنەما تۆمەتی سیخوڕییان دراوەتە پاڵ. ئەوان بەڤیزەی فەرمی سەردانی ئێرانیان کردووە».
ئەو هاووڵاتیانەی ئازادکراون
بێرنارد فیلەن، هاووڵاتییەکی فەرەنسی – ئێرلەندی تەمەن ٦٤ ساڵ و بێنجیامین بریییەر، گەشتیاری ٣٨ ساڵەی فەرەنسی، کەهەردووکیان لەزیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد دەستبەسەربوون، رۆژی ١٠ی ئایاری ٢٠٢٣ لەزیندان ئازادکران.
بێرنارد فیلان بەتۆمەتی سیخوڕی سزای شەش ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا داسەپابوو. هەروەها بێنجیامین بریییەر دوای سێ ساڵ زیندانیبوون ئازادکرا.
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی هەینی ١٢ی ئایار رایگەیاند بێرنارد فیلەن تەمەن ٦٤ ساڵ و بێنجیامین بریییەری تەمەن ٣٨ ساڵ، دوو هاووڵاتی فەرەنسی لەزیندانەکانی ئێران ئازادکران.
کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەڕاگەیاندنێکدا وێڕای ئاماژە بەگفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کەم ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە ئازادکراون و لەڕێگان بەرەو فەرەنسا. لەڕاگەیاندنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسادا وردەکاری زیاتر بڵاونەکرابووەوە، بەڵام هەر ئەوکات، چالاکانی مافی مرۆڤ باسیان لەمامەڵەیەکی ئەمنی- سیاسی کرد لەنێوان ئێران و فەرەنسا.
لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە حەوت هاووڵاتی فەرەنسی لەئێران دەستگیرکراون و فەرەنسا بەبارمتەی حکومەتی ناویان دەبات، دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتییە فەرەنسیانە ببوو بەهۆی ئەوەی پەیوەندی سیاسی نێوان ئێران و فەرەنسا ساردی تێبکەوێت، تا ئەو ئاستەی هەر کامەیان چەند جار باڵیۆزی یەکتریان بانگکردو گازەندەکانی خۆیان پێ گەیاند.
دوای ئازادی بیرنارد فیلەن و بێنجیامین بریییەر، ئێمانیۆل ماکرۆن لەتویتێکدا رایگەیاند دەوڵەتی فەرەنسا هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی فەرەنسی لەزیندانەکانی ئێران ئازاد بکات.
فەریبا عادلخواە، لێکۆڵەرێکی ئێرانی- فەرەنسی ١٦ ئایاری ٢٠٢٠ بەتۆمەتی سیخوڕی و رێکخستنی خەڵک دژی دەسەڵات دەستبەسەر کراو سەرەتا شەش ساڵ و نیو سزای بەسەردا داسەپا، پاشان سزاکەی کەمکرایەوە بۆ پێنج ساڵ و زستانی ٢٠٢٣ دوای نزیک پێنج ساڵ زیندانیبوون ئازادکرا، بەڵام دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گیرابوو و بۆی نەبووی بچێتە دەرەوە، سەرەنجام لەکۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ توانی بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا.
زیندانییەکان و فشاری دەروونی
یەکێک لەو پرسانەی باسی دەکرێت، پرسی فشاری دەروونییە بۆ سەر ئەو هاووڵاتییە بیانیانەی لەزیندانەکانی ئێراندان. ئەشکەنجە و ئازاری دەروونی، نەگەیشتنی پێداویستی پزیشکی وهەڕەشە بەشێکن لەو رێکارانەی وەک توندووتیژی دەروونی بەرامبەر بەهاووڵاتیانی بیانی لەزیندانەکانی ئێران دەگیردرێتە بەر.
بێرنار فیلان، هاووڵاتییەکی فەرەنسی کاتێک لەمانگی ئایاری ئەمساڵ، ئازاد کرا، بەمیدیاکانی وت:» ئەوکاتەی بۆ یەکەمجار براوەتە دادگاو داوەرێکی بینیوە، دادوەر پێی وتووە لەزیندان دەمریت».
ئەم زیندانییەی پێشتر هەروەها وتوویەتی :» ماوەیەکی زۆر لەژووری تاکەکەسی هێڵڕاوەتەوە. دەستی بەهیچ کەرەستەیەکی پەیوەندیکردنەوە نەدەگەیشت. خواردن و پێداویستی پزیشکیش لەدۆخێکی خراپدا بوو».