پاش نزیکەی سێ مانگ لەبایکۆتی خوێندن چارەنووسی پڕۆسەکە نادیارە
مامۆستایان ئامادەنین بایكۆت بشكێننو بەنیازن ناڕەزایەتیەكانیان ببەنە مەیدانی تەحریر لەبەغدا
12 مانگ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
٧٠ رۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت و تائێستا چارەنووسی پڕۆسەکە لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نادیارە، مامۆستایان ئامادەنین بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش باس لەوەدەکات کاتی بایکۆت شکاندن نادیارە.
بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ وەک یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دیاریکرا، بەڵام بەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەو هۆیەوە تائێستا چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن لەو سنوورانەدا نادیارە.
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: تائێستا هیچ شتێک دیار نییە سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی دەوام، حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوەو هیچ بەڵێنێکیشی نەداوە، نە باسی پلە بەرزکردنەوەو نە باسی موچە نەدراوەکان ناکات.
وتیشی: کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ کەیەکێکی دیکەیە لەکێشەکان و تائێستا هیچ وادەیەک دانەنراوە بۆ دامەزراندنیان، ئەمانە وایانکردووە کە مامۆستایان هێشتا سووربن لەسەر بایکۆتکردن و نەچوونەتەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن.
« نازانین پڕۆسەکە چی لێدێت و هەفتەیەکی دیکە مانگێکی دیکە یان ئەم وەزرە هەمووی بایکۆت بێت کەس ئەوە نازانێت و روون نییە، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی لەسنووری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە نزیکەی ٦٠ هەزار مامۆستان». عەتا ئەحمەد وای وت.
وتەكانی جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەكاتێكدایە، بەشێکی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خوێندکارانی پۆلی ١٢ دەوام دەکەن و دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کەهەڕەشە لەبەشێکی مامۆستایان کراوە.
سەبارەت بەو پرسە عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئاگادارنیم هەڕەشە لەمامۆستایان کرابێت، دەشگونجێت هەبێت بەڵام من ئاگاداری نیم.
وتیشێ: تەنها هەندێک بەڕێوەبەر بەسەربەخۆیی بەمامۆستایانی پۆلی ١٢یان وتووە ئەگەر نەیەنەوە میلاکیان دەگوازنەوە، ئەمانە هەیە بەڵام وەک هەڕەشەی بەزۆر بردنەوەی مامۆستا بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن شتی وام نەبیستووەو ئاگادارنیم، هەڵوێستیشمان تا ئەم ساتەوەختە وەک خۆیەتی.
مامۆستایەكی ناڕازیی دان بەوەدادەنێت فشاریان لەسەرە بەڵام دەشڵێت «فشارەكە جددی نییە».
محەمەد کەمال، لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەردەوامین لەبایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، فشارەکە جدی نییە چونکە ناڕەزایەتییەکە زۆرترە بەبێ دەستکەوتیش کەجێبەجێکردنی داواکارییەکانمانە ئامادەنین بایکۆت بشکێنین.
«داواکارییەکانمان بریتین لەدامەزاراندنی مامۆستایانی وانەبێژو دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەو پێدانی موچە لەکاتی خۆیدا، هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی موچە فەوتاوەکان».محەمەد کەمال وای وت.
هاوکات، رۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیاری سزای هیچ کەسێکمان نەداوە تەنها داوای دەستپێکردنەوی پڕۆسەی خوێندنمان کردووە، ئەوەش وەک ئەرکێکی دڵسۆزانەی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی رادەبینین.
وتیشی: راستە دۆخی دارایی هەموومان بەو شێوەیەیەو مامۆستایان زیانیان پێگەیشتووە ئەوان شایەنی ژیانێکی باشترن، شایستەییەکانی مامۆستایان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەدراوە، بۆیە پشتگیری داوای مامۆستایانین و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموومان پێکەوە کاردەکەین تامامۆستایان شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
« دەزانین مامۆستایان زیانیان بەرکەوتوە، بەڵام نامانەوێت ئەو زیانە لەخوێندکاران و پڕۆسەی خوێندندا قووڵتر ببێتەوە، هەرکاتێک بودجە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بابەتی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ گرێبەستکردنیان گرەنتییە و مافی مامۆستایانی میلاکیش جێبەجێ دەبێت و دڵنیایی دەدەینە خوێندکارانی پۆلی ١٢ش کەمافیان نافەوتێت». وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای وت.
وتەكانی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە تەنیا لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ١٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن و لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن كە سەرجەمیان داوای دامەزراندن دەكەن.
پێشتر ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاندبوو بەم نزیكانە گردبوونەوەو ناڕەزایەتیەكانیان دەبەنە بەغدادی پایتەختی عێراق و داوا لەحكومەتی عێراق دەكەن مووچەو بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم نەكاتە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی عێراق راستەوخۆو لەڕێگەی كارتی بانكییەوە موچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات.